قائیمقامی خانەقی بۆ کوردستانی نوێ:

21 ملیار دینار بۆ دووسایدكردنی رێگەی مەرگ

02:39 - 2025-04-07
دووتوێ
66 جار خوێندراوەتەوە

ئا: سامان خانەقیی 

 

قایمقامی خانەقی باس لە ئەنجامدانی پرۆژەیەكی گرنگ دەكات لە سنوورەكە و پێیوایە كاریگەریی لەسەر كەمكردنەوەی رووداوەكانی هاتوچۆ دەبێت.
جواد فەیزوڵڵا قایمقامی قەزای خانەقی بە كوردستانی نوێی خانەقی-ی راگەیاند:  رێگای خانەقی - كەلار كە پارێزگاكانی سلێمانی و دیالە بەیەكەوە دەبەستێتەوە،  لە باكووری خۆرهەڵاتی دیالە بە یەكێك لە مەترسیدارترین رێگەكان دادەنرێت و رۆژانە شایەتحاڵی رووداوەكانی هاتوچۆیە كە لەئەنجامدا گیانلەدەستدان و برینداربوونی خەڵکێکی زۆری لێدەكەوێتەوە، بۆیە پێی دەوترێت رێگەی مەرگ، چونكە چوون و هاتن یەك سایدە و ئەمەش گوشاری زۆری دروستكردووە.
ئاماژەشی بەوەدا، دەزگا حكومییەكان پلانێكیان داڕشتووە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی مەترسییەكانی رێگەوبان بە دروستكردنی ئاراستەیەكی نوێی هاتوچۆ و نوێکردنەوەی ئەو ئاراستەیەی كە ئێستا هەیە.
وتیشی: رێكارەكانی رەوانەكردنی پرۆژەكە و دەستپێكردنی جێبەجێكردنی  هەنگاوی باشی بڕیووە لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێكردن، بە تێچووی 21 ملیار دینار کە درێژییەكەی 30 - 35 کیلۆمەترە.
باسی لەوەشكرد پەرەپێدان و چاککردنەوەی رێگەكە كاریگەریی ئەرێنی دەبێت لەسەر لێشاوی هاتوچۆ و كەمكردنەوەی رووداوەكانی هاتوچۆ، بەتایبەتی كە رێگەكە بە یەكێك لە گرنگترین رێگە ستراتیژییەكان دادەنرێت كە رێبوارانی نێوان دیالە و سلێمانی بەكاریدەهێنن، هەروەها بۆ گواستنەوەی كەلوپەلی بازرگانی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان