پارێزگاری دیالە بۆ کوردستانی نوێ :

پێشبینی دەکرێت داهاتی مەرزەکانی مەندەلی و مونزریە ٪70 زیاد بکات

02:49 - 2025-04-07
دووتوێ
59 جار خوێندراوەتەوە
عەدنان شەممەری پارێزگاری دیالە

ئارۆ سامان

پارێزگاری دیالە باس لە گرنگیی شاری خانەقی دەكات و وەكو دەروازەی باكووری پارێزگاكە و جەخت لە خزمەتی زیاتری دەكاتەوە.
عەدنان شەممەری پارێزگاری دیالە لە دیدارێکی کورتدا لەگەڵ كوردستانی نوێ-ی خانەقی رایگەیاند: ئیدارەی نوێی دیالە، بە ئیدارەی خزمەت ناسراوە، بێگومان خانەقیش شارێكی گرنگ و ستراتیژییە، بەتایبەتی کە هاوسنوورە لەگەڵ ئێراندا و هاوكات دەروازەی باكووریشە لەگەڵ پارێزگای سلێمانیدا.
وتیشی:  هەرچەندە سێ پرۆژەی گرنگمان لە بوارەكانی رێگەوبان و كۆڕنیش خستووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام ئەمە بەس نییە بۆ شارەكە و هەنگاوی گرنگترمان دەبێت لە داهاتوودا.
لەبارەی دەروازە سنوورییەکانی مونزرییەو مەندەلیشەوە وتی: دەروازەی مونزریە یەكێكە لە كۆنترین دەروازە سنوورییەكانی عیراق و لە یەكەم رۆژی دەستبەكاربوونی حكومەتی خۆجێیەوە، گرنگییەكی تایبەت بەو بابەتە دراوە، جەختیكردەوە: سەردانی دەروازەكە كراوە و پێداویستییەكانی هەڵسەنگێندراوە.
باسیشی لەوەكرد کە ژێرخانی ئێستای ئەم دەروازانە بۆ پارێزگاكە گونجاو نییە، بۆیە دەستمانكردووە بە ئامادەكردنی دیزاینی نوێ و گرێبەستمان لەگەڵ كۆمپانیا تایبەتمەندەكان كردووە بۆ ئەو مەبەستە.
شەممەری ئاماژەی بەوەشكرد  کە سەرۆك وەزیران پەرۆشیی زۆری بۆ ئەو پرۆژانە نیشانداوە و بڕیاریداوە وەك بەشێك لە پرۆژەكانی گەشەپێدان پارەیان بۆ دابین بكات و بەم نزیكانە جێبەجێدەكرێن، ئەمەش بەشدار دەبێت لە بەدەستهێنانی داهاتی بەرچاو بۆ پارێزگاكە، جگەلەوەش وێنەكەی باشتر دەكات لە رێگەی پەرەپێدانی دەروازە سنوورییەكانەوە، كە نوێنەرایەتیی رووی پارێزگا و وڵات دەكەن.
پارێزگاری دیالە وتیشی: ئەو شێوازەی جێبەجێ دەكرێت  كاریگەریی دەبێت لەسەر داهاتووی داهاتەکان، بەوپێیەی پێشبینی دەكرێت ژمارەی ئەو بارهەڵگرانەی رۆژانە دەچنە ژوورەوە لە 400-500 بارهەڵگرەوە بۆ نزیكەی 1500 بارهەڵگر زیادبكات، ئەمەش دەبێتەهۆی زیادبوونی 70 %ی داهات لە مەزرەكانی مونزریەو مەندەلی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان