لە یادی جینۆساید و رۆژی شەهیدی کوردانی فەیلیدا..

پێویستە یاسایەک بۆ قەرەبووکردنەوەیان دەربچێت

02:57 - 2025-04-07
دووتوێ
84 جار خوێندراوەتەوە

عەباس مەحمود 

بەپێی رۆژژمێری دانپێدانراوی حکومەتی عیراق، هەموو ساڵێک لە رۆژی 4ی نیسان وەک رۆژی شەهیدی کوردی فەیلی دیاریکراوە و ئەمساڵ 45 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیی کورد لە باشووری  عیراق و کوردستان و بەغدا، تێپەڕدەبێت کە رژێمی لەناوچووی بەعس، لەو شاڵاوەدا جگە لە دەستبەرداگرتنی موڵک و ماڵ و ناسنامەی نیشتمانیی ئەو کوردانە، تەواوی ئەو گەنجانەشیان لێ جیاکردنەوە و بەرەو زیندانەکانی (ئەبوغرێب) و (نوگرە سەلمان)یان بردن و ئەو خێزانە کوردانەی کە بە زیاتر لە 200 هەزار خێزان دەخەمڵێنران، بەبێ کوڕەکانیان بە بیانووی نەبووی ناسنامەوە، بەرەو ئێران دەرکران و دواتر گەنجەکانیان لە 4/4/1980 بە بڕیاری (مەجلیسی قیادەی سەورە)، لەسێدارەدران.
لەدوای 48 ساڵ لەو کارەساتەدا هێشتا زۆربەی ئەو کوردانە قەرەبووی ماددی و مەعنەویی نەکراونەتەوە و لە نیشتمانی خۆیاندا لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێبەشن و گەنجەکانیشیان گۆڕغەریبن و شوێنیان نادیارە، باوان و کەسوکارەکەشیان دڵیان ئارامی نەگرتووە.
لەم بۆنە خەمناکەدا دەبێت بۆ پاراستن و بەدەستهێنانی مافەکانی کوردانی فەیلی، چەند هەنگاوێکی کاریگەربنرێت لەپێش هەموویانەوە گەڕاندنەوەی رەگەزنامەی هاووڵاتیبوون کە دەبێت بە یاسایەکی تایبەت  ئەوە جێبەجێ بکرێت.

دەبێت لەلایەن حکومەتی ئێستای عیراقەوە لەبەرامبەر ئەو زوڵم و ستەمەی حکومەتی لە ناوچووی بەعس کە لەو هاونیشتمانییانەی کردووە، وەک قەرەبووی ماددی و مەعنەویی لە بڕگەکانی ئەو یاسایەدا دیاری بکات و گەرەنتی جێبەجێکردنیشی بدات و ئەم بڕگە یاساییانە لەخۆبگرێت:
1 - گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ و تەواوی ئەو شوێنانەی بەدەست کوردەوە بوون تا پێش پرۆسەی راگواستنیان و پووچەڵکردنەوەی تەواوی ئەو یاسایانەی لە سەردەمی بەعسدا لە دژیان دەرچووە و بەو هۆیەوە لێیان زەوتکراوە.
2 -رەخساندنی دەرفەت بۆ چالاکییە سیاسییەکانیان و بەشداریپێکردنیان لە پڕۆسی سیاسیدا، بەتایبەتی لە پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان و تەواوی سێکتەرە جیاجیاکانی تەنفیزی لە عیراق، بۆ ئەوەش  
پێویستە کۆتا بۆ کوردە فەیلییەکان لەو پارێزگایانەیەدا دەستەبەر بکرێت کە کەمینەن وەک بەغدا و واست و پارێزگاکانی  دیکەی باشووری عیراق کە تا ئێستا ئاماری وردی نەتەوەیی تیایاندا دیارینەکراوە، لەکاتێکدا رێژەیەکی بەرچاو لە کوردانی فەیلی لێیان نیشتەجێ بووە و دواتر بەر شاڵاوی راگواستن و کۆمەڵکوژی کەوتوون لەوانەش پارێزگای میسان و شاری عیمارە.
3 -دروستکردنی رێکخراوی حکومی تایبەت نەک وەک ئەو رێکخراوە حزبییانەی کە حزبە شیعەکانی دروستیان کردووە بۆ کۆکردنەوەی دەنگی ئەو کوردانە تا ئەو رێکخراوە چاودێریی جێبەجێکردنی ئەم یاسا تایبەتە بکات و  لە هەموو روویەکەوە خزمەتی فەیلییەکان بکات.
4 -هاوکاریی ئابووری و قەرەبووی ماددی بکرێنەوە بەوپێیەی حکومەتی عیراقی ئێستا میراتگری حکومەتەکانی پێش خۆیەتی و لەڕووی یاساییشەوە بەرپرسە بەرامبەر بەو زیانانەی کە رژێمی پێشوو بەرامبەر بە هەر پێکهاتەیەکی گەلی عیراق کردوویەتی، بۆیە دەبێت تەواوی ئەو زیانانە قەرەبوو بکاتەوە و پشتگیری لە پرۆژەکانی گەشەپێدان و کاریگەریی کۆمەڵایەتی بۆ ئاسانکردنی ژیانی فەیلییەکان بکات.
5 -دەبێت حکومەت ناچار بکرێت بۆ پاراستنی مێژوو و یادەوەریی و بۆنە و کەلتوور، بە هاوکاریی رووناکبیرانی کوردی فەیلی، تەواوی ئەو رووداوانە وەک جینۆسایدی فەیلییەکان لەڕێگەی ئەم یاسایەوە دانی پێدابنرێت لە ساڵانی 1970 - 1980، لە رۆژژمێری نیشتمانی عیراقدا دابنرێت.
6 -لە پڕۆگرامەکانی پەروەردەدا لە قۆناغە جیاجیاکانی سەرەتایی تا ناوەندی و ئامادەیی و زانکۆش، بابەتێکی تایبەت لەسەر جینۆسایدی کوردانی فەیلی دابنرێت بۆئەوەی نەوەکانی داهاتووش لەبیریان نەچێتەوە کە بەهۆی دیکتاتۆری و نەتەوەپەرستی و شۆڤێنیی (سەرۆکی وڵاتەکەیان!)، بەشێک لە رۆڵەکانی نیشتمانەکەیان رووبەڕووی شاڵاوی راگواستن و کۆمەڵکوژی کردووەتەوە و هەروەها دەبێت لەو شوێنانەی کە کوردی فەیلییان لێ نیشتەجێییە، پڕۆگرامی فێرکردنی مێژوو و زمانی کوردی لە خوێندگەکاندا دابنرێت، بۆئەوەی رۆڵەکانی کوردی فەیلی فەرهەنگ و کەلتور و مێژووی خۆیان لەبیر نەکەن.
-ئەم هەنگاوە یاساییە تەنها بە یەکگرتنی هەوڵە ناوخۆییەکان لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان و بە هاوکاریی تەوای حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و گشت ئەو کەسایەتییە سیاسییە کوردانەی فەیلی بەرەو پێش دەڕوات و لە رێگەی هۆڵی پەرلەمانی عیراق و تەواوی دامەزراوە جیاجیاکانی حکومەتی فیدراڵەوە، پشتگیریی نێونەتەوەیی و چالاکییەکی بەردەوام دەتوانرێت مافەکانی کوردە فەیلییەکان بپارێزرێت و بگەڕێنێتەوە. پێویستە ئەم پرۆسەیە بە رێگای ئاشتی و یاسایی بێت، بەڵام بە توندی و بە بەردەوامی جێبەجێ بکرێت. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان