سەربوردەی هێڵی شەمەندەفەر لە خانەقی

03:19 - 2025-04-07
دووتوێ
74 جار خوێندراوەتەوە
وێستگەی شەمەندەفەر لە خانەقی - 1962

راپۆرتی: دیار جەوهەر 

دروستكردنی هێڵی شەمەندەفەر لە قەزای خانەقی گرنگی و بایەخی زۆری هەبوو، چونكە هەڵكەوتەی ناوچەكە و دەوڵەمەندیی سنوورەكە وای لە دەسەڵاتدارانی ئەو سەردەمە کرد بە پێوستی بزانن هێڵی شەمەندەفەر لەناوچەكە، بۆیە ئەم قەزایەش  وەك ناوچەكاتی تری عیراق لەو هێڵە بێبەش نەبوو، سەبارەت بە گرنگیی ئەو هێڵە مامۆستا عەبدوڵڵا ئیبراهیم  پسپۆری بواری جوگرافیا باسی لەوەكرد : خانەقی لە رووی رێگەوبانەوە بە ناوچەیەكی ستراتیژی بازرگانی  گرێدەری سنووری عیراق و ئێرانە و سەرەرای ئەوەش بوونی سەرچاوەی كانزاو مادەی جۆراو جۆر لەناوچەكە، وتیشی: لەو سەردەمەدا هێڵێكی تایبەت دروستكرا كە لە بەغداوە بۆ بەعقوبە و شارەبان و قزراباد و جەلەولا و قەرەتەپە و كفری و دوز و داقوق  كەركوك ئاڵتون كۆپری تا هەولێر، ئەو هیڵەش كە لە ناحیەی جەلەولا بوو، لقێكی لێ دەردەچوو  بۆ خانەقی، هەروەها دوو جۆر شەمەندەفەر هەبوو، لەوانە گەشتیاری و بارهەڵگر. 
وتیشی: هێڵی ئاسنینی شاری خانەقی لقێك بوو لە هیڵی ئاسنینی ناحیەی جەلەولای ئێستا، چونكە لە جەلەولا دوو هێڵ دەردەچوو، یەكێكیان بە ئاراستەی خانەقی و ئەویتریان بە ئاراستەی كەركوك، ئەو وێستگانەی لە سنوری شاری خانەقی بوون بریتیبوون لە وێستگەكانی  پردی حەلوان_ باوە پڵاوی و لەگەڵ وێستگەكانی (رحاملە و تەل عەلی)، هێڵی ئاسنینی شارەكەی لەخۆگرتبوو.
وتیشی: ئەو شەمەندەفەرانە دوو جار دەڕوێشت بۆ بەغدا، نیوەڕوان لە سەعات 12 و شەوانیش سەعات 12، كڕینی بلیتیش بە گوێرەی دوور و نزیكیی شوێنەكان بوو، بۆ نموونە بۆ ناحیەی جەلەولا بە (30) فلسی ئەو سەردەمە بوو، بەڵام بۆ بەغدا  (90) فلس بوو.
لەبارەی مێژووی هێڵی شەمەندەفەریشەوە ماموستا محەمەد ئەحمەد شارەزای بواری مێژوو دەڵێت: پاش ئەوەی  هێڵی بەغدا_ سامەڕا دروستكرا، هێڵی شەمەندەفەر لە خانەقی دامەزرا، كە ئەو هێڵە لە ساڵی 1918 لەلایەن ئینگلیزەكانەوە دروستكرا و بوو بە دووەمین هێڵ لە عیراقدا، ئەمەش لە ناوچەی باوە پڵاوی بەرەو قۆرەتوو درێژ دەبووەوە  لە وێشەوە هێڵی تر هەبوو لە قەسری شرین بەرەو ئێران، دوای ئەوەی كە كۆمپانیای (نەفت خانە) دەستی بە كارەكانی كرد و لەگەڵ دامەزراندنی پاڵاوگەی ئەڵوەن بۆ شارەكە، پێوستی زۆری بەو هێڵەبوو، چونكە چەندین سوودی جۆراوجۆری گواستنەوەی هەبوو.
وتیشی: ئەو هێڵە سێ‌ جۆر گواستنەوەی هەبوو یەكەمیان بۆ گواستنەوەی خەڵك و دووەمیشیان بۆ گواستنەوەی گیانلەبەران و گەنم و جۆ و سێهەمینیان بۆ گوێزانەوەی نەوتی خاو بوو، چەندین فارگۆنی تایبەتی هەبوو بۆ گواستنەوەی نەوت ئەمەش لە (كێودی) كە جێگای ئەمبارکردنی نەوت بوو دەگواسترایەوە بۆ ناوچەكانی تر و بەتایبەتی بۆ بەغدا و سەرجەم ئەو نەوتەش لە پاڵاوگەی (ئەڵوەن) ەوە  دەپاڵێورا.

دوو رێگە ئاسنینەکەی سنووری خانەقی و گەرمەسێر 

بابەتە پەیوەندیدارەکان