راپۆرتى: محەمەد رسوڵ
لەشاری رانیە و لەنێو ئاپۆڕای هەڤاڵانی مەڵبەندی «24»ی رێکخستنی راپەڕیندا، نۆیەمین کۆنفرانسی ئامادەکاریی بۆ دووەمین دیداری گشتیی یەکێتی بەڕێوەچوو، سەبارەت بەگرنگی دیدارەکە کوردستانی نوێ-ی راپەڕین راو سەرنجی هەندێک لە بەشدارانی کۆنفرانسەکەی وەرگرتووە کە بەمجۆرە شیکاریی بۆ دەکەن:
جەزا سەید مەجید ئەندامی سەرکردایەتی و سەرپەرشتیاری مەڵبەندی راپەڕین، بەبایەخەوە باسی کۆنفرانسەکە دەکات و رایدەگەیەنێت کۆنفڕانسەکە هاوکات بووە لەگەڵ رۆژی رووخاندنی رژێمەکەی سەدامدا.
وتیشی: سەرجەم کارەکانی کۆنفرانسەکە لە سنووری مەڵبەندەکەماندا، سەرکەوتووانە بەئەنجام گەیشت.
ئاماژەشی بەوە دا کە ئەم دیدارە بۆ یەکێتی زۆر گرنگە، چونکە دیدارێکی رەسمییە و تەواوکەری پێنجەمین کۆنگرە بوو ئامادەکاریشە بۆ شەشەمین کۆنگرە، کە پێداچوونەوە بە هەموو ئەو بڕیار و بابەتە هەستیارانەدا دەکرێت کە لە کۆنگرەدا قسەیان لەسەر کراوە و راسپاردەکانی دووەمین دیداریش دوای داڕشتنەوەی بەرزدەکرێتەوە بۆ لیژنەی باڵای دیدار.
وتیشی چوار لیژنەیان مەرکەزی بوون و سیانیشیان بە پێشنیازی مەڵبەندەکەمان زیادکران.
هەر لەو رووەوە د. بێستون سابوراوایی ئەندامی پێشووی سەکردایەتیی ی.ن.ک رایگەیاند؛ راپەڕین یەکێکە لە شوێنە هەرە گرنگەکان بۆ یەکێتی و ناتوانرێت نادیدە بگیرێت چونکە لە سنووری راپەڕیندا زۆرترین پێشمەرگەی دێرین، کەسوکاری شەهید، بەئەزموونترین خەباتگێڕەکان کۆبوونەتەوە بەجۆرێک کەم ماڵ و خێزان هەیە لەم سنوورەدا لەناو شار و شارۆچکە و گوندەکانی ئەم سنوورەدا شەهیدیان نەبەخشیبێت، یان زیندانی سیاسییان نەبێت، ئەنفالی نەبێ، یاخود لە ناوچەیەک کیمیابارانیان بەرنەکەوتبێ، ئەوەش هەمووی لە چوارچێوەی خەباتیان بووە لە ڕیزەکانی یەکێتیدا. لەبەرئەوە یەکێتی بە ئەرکی خۆی دەزانێت پرس و راوێژیان پێ بکات و لەگەڵیاندا دابنیشێت.
د.سابوراوایی وتیشی: ئەم دیدارە کۆکردنەوەی هەمووانە بۆ گەشەکردنی ناوچەکە و بەدەنگەوەچوونی یەکێتی بۆ داخوازییە خێراکانیان، بەتایبەتی کە ئێستا یەکێتی خۆی ئامادە دەکات بۆ چوونە ناو کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە.
لای خۆشییەوە ئەرسەلان مەحمود کارگێڕ و لێپرسراوی راگەیاندنی مەڵبەندی 24ی راپەڕین ئاماژەی دا بەوەی کە دیداری یەکێتی وەک بڕگەیەکی پەیڕەویی کە ساڵانە رێکدەخرێت، دوایین کۆنفرانسی کە نۆیەمین بوو بۆ ئامادەکاری دووەمین دیداری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە بەشداری زیاتر لە 2000 کادر و ئەندام لە توێژە جیاوازەکان سازکرا، هەم تێکۆشەرانی دێرین، هەم گەنجان، هەم ژنان، لە هەڤاڵانی مەڵبەند و کۆمیتەکانی رێکخستن و بەشدارییان تێداکرد کە «7» تەوەری لەخۆگرتبوو کە لەماوەی دوو رۆژدا هەر حەوت لیژنەکە راپۆرتەکانیان ئامادە کرد و هەر تەوەرەش گفتوگۆی چڕ و پڕی بەشدارانی لە خۆگرت.
وتیشی؛ ئەم پێشنیازانە بۆ پەرەپێدانی هێز و تواناکانی یەکێتییە لە بواری رێکخراوەیی، کۆمەڵایەتی و هەموو سێکتەرە جیاوازەکانی تردا.
هەر لەوبارەیەوە مستەفا محەمەد کارگێڕی مەڵبەند کە وەک رۆژنامەنووس بەشداربوو رایگەیاند؛ نۆیەمین کۆنفرانس بەقسەی لیژنەی باڵای دیدار، دوای سلێمانی گەرموگوڕترین کۆنفرانس بووە، جگە لە هەڤاڵان و کادرانی پێشکەوتووی نێو ئۆرگانەکان، خەڵکانی پسپۆڕ و شارەزا لە مامۆستایانی زانکۆ و ئەکادیمی و لایەنگر و کادرانیش گفتوگۆ و پێشنیازی ورد و چڕیان بە لیژنەکان گەیاندووە.
وتیشی؛ ئەم پێشنیازانە بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوە و ئەبدەیتکردنەوەی کاری رێکخراوەیی و چۆنییەتی خۆگونجاندنی یەکێتی بۆ قۆناغەکە و بۆ گرنگیدان بە گەنجان و پەرەپێدانی کاری حزبی و هەموو ئەو کایانەی کە پەیوەندیدارن بە ژیانی کۆمەڵگەی کوردییەوە رۆڵی ئیجابیان دەبێت تا لە ئایندەدا ببنە کارنامەی یەکێتی لە بواری حزبی و باشترکردنی ئەدای حکومڕانی لە هەرێمی کوردستاندا.
مامۆستا بنار محەمەد کادری پێشکەوتووی یەکێتی کە لە لیژنەکاندا بەشداربوو رایگەیاند: ی.ن.ک لەپێناوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا دامەزراوە و هەمیشەش لە نوێبوونەوەدایە.
وتیشی؛ دڵم خۆشە بەوەی کەوا نەک هەر یەکێتییەکان، بەڵکو هەموو ئەوانەی کە باوەڕیان بە بیر و ئایدیای یەکێتی هەبوو لەناو لیژنەکاندا حزوریان هەبوو و راو سەرنج و پێشنیازەکانی خۆیان راشکاوانە گەیاند تا بتوانرێت ئەو سەرنجانە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئیشیان لەسەر بکرێت.
باڵا هاوار کە یەکێکی تربوو لە بەشدارانی نۆیەمین کۆنفرانس رایگەیاند؛ ئەم دیدارە بە بەشداریی بەرچاوی تەواوی کادران و ئەندامانی حزبەکە لەم سنوورە بەڕێوەچوو، هەڵبەتە ئەم جۆرە دیدارانە هەنگاوی زۆر باشن بەرەو نوێبوونەوەی یەکێتی و گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی هەمەلایەنە.
ئومێدیشی خواست کە دیداری ئەمساڵ ببێتە هۆکاری نوێبوونەوەیەکی ریشەیی لەناو حزبەکەدا و دیدگای حزبەکە دووبارە نوێبوونەوەیەک بە خۆیەوە ببینێت، هەم لە ئاستی ناوخۆییدا و هەم لەسەر ئاستی سێکتەری حوکمڕانیش، چونکە یەکێتی بەشێکی گرنگی سیستمی حوکمڕانییە لە هەرێمی کوردستاندا.