هەر جارە و پێگەیەک

«شوورەکانی سەر چیای كێوەڕەش

12:29 - 2025-04-13
دووتوێ
60 جار خوێندراوەتەوە


رەسوڵ بۆسكێنی

كێوەڕەش زنجیرە شاخێكی بەردینی سەختە، لە خۆرهەڵاتی «دۆڵەڕەقە»ـەوە دەگاتە بەشی خۆرئاوا لە چیای«بێرمكە» لە باكووری دۆڵی «ئاكۆ» لە «زینوی ئەستێرۆكان»، لە باشووری گوندی «وەرتێ‌»وە، دەگاتە چیای «كارۆخ»، ئەویش لە گۆشەی خۆرئاوای دۆڵی «ئاكۆ»وە دەگاتە چیای «ماكۆك»و هەموویان پێكەوە بەستراون و كڵێشەیەكی لاكێشەیی ناتەواو دروست دەكەن، لە سێ‌ لای دۆڵی «ئاكۆ»، چیای «كێوەڕەش» بەرەو خۆرهەڵات دەكشێ‌ و لەدەربەندی رانیە كۆتایی دێت، چیایەكی سەخت و ركە و بەسەر رانیەدا دەڕوانێت، هەردوو دەشتی بیتوێن و پشدەر لەیەكتری جیادەكاتەوە و بەهۆی دەربەندی رانیە پێكیانەوە دەبەستێتەوە.لە باشووری خۆرهەڵاتی دەربەندی رانیە، چیای ئاسۆس دەستپێدەكات، ئەم دوو چیا سەختە لەكۆنەوە بوونەتە دیوارێكی سەخت، بۆ هەرێمی «بیتوێن»ـی مەڵبەندی شارستانییەت.
لەسەر كێوەڕەش شوورەیەكی سەخت و بەهێز و مەحكەم، زیاتر لەدوو مەتر پانە، بە وشكەكەڵەك دروست كراوە، تەنیا لە حەوت شوێن رێگەی هاتوچۆكردن بەچیای «كێوەڕەش»دا هەیە، شوێنەوارناسی گەورەی كورد مامۆستا «عەبدەلڕەقیب یوسف» دەفەرموێ‌:(من سەردانم كردووە، لە حەوت شوێن شوورە هەیە، لەو شوێنانەی خەڵك ویستبێتی هاتوچۆی پێدابكات، شوورەی بۆ دروستكراوە، ئەو شوورانەش نە هی سەردەمی ساسانییەكان و نە هی دەسەڵاتێكی ترن، بەڵكو پێموایە هی سەردەمی «كوواری» بووە. کە «4000» ساڵ بەرلە ئێستا فەرمانڕەوای ناوچەكە بووە).
 گەرچی تائێستا شتێكی نووسراو لە بەڵگە و دیكۆمێنت لەبەردەستدا نییە، بیسەلمێنێت ئەم شوورە و قەڵایانە دەگەڕێنەوە بۆ كام سەردەمی مێژوویی، بۆیە ناچارین پشت بە تێڕوانین و گێڕانەوەی بەساڵاچووەكانی سنوورەكە ببەستین کە ئەوانیش لە كەسانی بەتەمەنتری پێش خۆیانیان بیستووە. یەكێك لە بەساڵاچووانی شاورێ «قادر حەمەدەمین باوەكر»ـە کە دەڵێت:(راكێشانی شوورەیەكی بەردینی پتەو تائێستاش لە زۆر جێگادا شوێنەواری ماوە، سەرەڕای كاریگەریی كەشوهەوا و بەركەوتنی دەستی خەڵکی نەزان لەژێر ناوی لەناوبردنی پاشماوەی كافراندا، پێدەچێت زۆرێك لە نووسراو و نەخش و نیگاریشی لەناوبرابن، دەڵێن: شوورەكە لە «تەختی خاوەرزەمین-ی بێتواتە»ەوە دەستپێدەكات و سەردەكەوێت بۆ سەر چیای ماكۆك و بە شاخەكەدا لێژبووەتەوە بەبەردەم گوندی «نۆرە»دا دێتەخوارەوە، لەوێ‌ دەرگایەكی هەبووە، كەوتۆتە خوار گوندی «نۆرە»ی ئێستا  كە پێیدەڵێن: «دێگەڵان یان دێگەڵە»، دەشێ‌ ئەو ناوە لە گاڵەدانەوە هاتبێت‌، چونکە لە شاورێ‌ بە داخستنی دەرگای ژوورێك دەڵێن دارگاڵە، پاسەوانی بۆ دانراوە و بەنۆرە ئێشکیان لە رێگەكە گرتووە. پێدەچێت ناوی گوندی «نۆرە»ش هەر لەوەوە هاتبێت، ئینجا شوورەكە ئەشكەوتی «بتكار» دەگرێتەخۆی و دەپەڕێتەوە ئەوبەر). 
مامۆستا عەبدولڕەقیب پێیوایە: «ئەم شوورەیە بەرەو ڕووی رانیەیە، ئەمەش مانای وایە ئەو دەسەڵاتە دژی رانیە بووە، یاخود ئەگەرێكی تر هەیە کە هی دەسەڵاتی حكومەتی «مجیسەر» بووبێت‌، كە بەناوی «مەساسیر»هاتووە لەسیدەكان بەگوێرەی ئیسلامیش لەلای ئەو شوورەیە شەڕ روویداوە.
دواتر شوورەكە لە رووبارەكەوە پەڕیوەتەوە بۆ گوندی دێرێ‌، بە بەرزایی چیاكەدا بۆ باسكی قوچان درێژبووەتەوە، سەرەڕای وێرانكردنی شوورەكە و بردنی بەردەكان بۆ دروستكردنی خانوو و پێویستی تر.(نووسەری ئەم دێڕانە بینیویەتی) لە باسكی قوچانەوە هێشتا شوورەكە شوێنەواری زۆری ماوە و دیواری شوورەكە لێرە «260 - 280سانتیمەتر» پان و لە هەندێك شوێندا «50 -60سانتیمەتر» بەرزە. دیواری شوورەكە بە باسكی جووت دارەبەندا سەردەكەوێت بۆ پاشماوەی شوێنەواری قەسرۆك و دواتر قەڵای گردەزاڵ، لە قەسرۆك ئێسك و پروسكی ئادەمیزاد و پاشماوەی شوێنەواری زۆری لێماوە، ئینجا شوورەكە دەگاتە لووتكەی كوڕاشەل یا «كوڕاشەڕ»، لەوێوە پێچ دەكاتەوە بەئاراستەی بەرزایی لووتكەی چیای كێوەڕەشدا، تا گەیشتووەتە دەربەندی رانیە و لەوێوە بۆ چیای ئاسۆس درێژبووەتەوە بەرەو خۆرهەڵات.
 ئەم شوورە دوور و درێژە، رۆڵێكی گرنگی بۆ ناوچەكە هەبووە، بەتایبەتی لەڕووی سەربازییەوە، لە هێرشی دوژمنەكانی پاراستوویەتی.

#کوردستانی نوێ-ی راپەڕین

بابەتە پەیوەندیدارەکان