ئیبراهیم محێدین
پرۆژەی مۆنۆمینتی شەهیدانی قەڵادزێ پرۆژەیەکە لەساڵی 2007دا لەلایەن کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و کۆمەڵێک لە رۆشنبیران و هونەرمەندانی سنوورەکەوە وەک داواکارییەک بەرزکرایەوە بۆ یەکەی کارگێڕیی ناوچەکە و سەرۆکایەتیی شارەوانی قەڵادزێ و دەزگای شەهیدانی قەڵادزێ، خۆشبەختانە ئەوانیش پەسەندیانکرد، کە ئەو پڕۆژەیە پەیوەستە بە سەروەرییەکانی شارێکەوە کە تیایدا هەم قوربانی و هەم راپەرینی گرتۆتە خۆی. بەمجۆرە دەتوانین بڵێین شاری قەڵادزێ و ناوچەی پشدەر وەک شارێکی مێژوویی خاوەن پێگەی جوگرافی و ستراتیژی گرنگ لە رەوڕەوەی مێژوودا لەلایەن رژێمە داگیرکەرانەوە چەندین جار رووبەڕووی پەلاماری دوژمنکارانە بووەتەوە، لەبەرامبەریشدا هەم خەڵکی ناوچەکە و شۆڕشگێرانی کورد بەناچاری لەپێناوی پاراستنی خاک و خەڵکەکەیدا پەنایان بۆ دەستەملانێی چیاکانیان بردووە بۆ بەرگریی کە بووەتە مەیدانی بەرەنگاربوونەوە و شوێنی هەڵگیرسانەوەی شۆڕشەکان هەر لەو پێناوەشدا خاوەنی سەدان شەهیدن و دەیان داستان و نەبەردیی تێدا تۆمارکراوە. ئەم ناوچەیە بووە شاهیدی یەکەمین تاوانی بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی لە جۆری ناپاڵم لە ساڵی 1974، لەلایەکی دیکەشەوە بووەتە پێشەنگ و رۆڵەکانی ئەم شارە خۆڕاگرە راپەڕینی 1982ی بەعس تۆقێنیان بەرپاکرد بە پشتیوانیی رێکخستنە نهینییەکانی ی.ن.ک و بەشێک لە حزبەکانی دیکە. رژێم بۆ تۆڵەکردنەوە و چاوترساندنی خەڵکەکەی و رووخاندنی ورەی جەماوەر، دڕندانە پەلاماری دان و گوندەکانیانی بەچەند قۆناغێک راگواست هەر لە ساڵانی 1977 تا کۆتا قۆناغی راگواستن کە خودی شاری قەڵادزێی گرتەوە لە 26/6/1989دا و سەرباری ئەوانەش پێویستە بوترێت سنوورەکە خاوەنی چەندین سەروەری و داستانی نەمر و لەبیرنەکراوە کە بەشێک لە رۆڵەکانی خوێنی خۆیان بەخشیووە لە شۆڕشەکاندا و بەتایبەتی لە شۆڕشی نوێی گەلەکەماندا، ئەمانەش هەمووی بوونەتە سەروەریی و ناسنامەی ئەم شارە و ناوچەکانی دەوروبەری و تاوانەکانیش بوونەتە پەڵەیەکی رەش بە تەوێڵی بەعسەوە. دەتوانرێت ئەم سەروەرییانە لەناو مۆنۆمێنێتێکدا بناسێنرێن و ئەرشیف بکرێن بۆ نەوەکانی ئێستا و داهاتوومان. بەڵام لەگەڵ ئەوەی ساڵانێکی زۆرە لە چاوەڕوانیداین بۆ تەواوکردنی قۆناغەکانی مۆنۆمێنتی شەهیدانی قەڵادزێ کە ئەم داواکارییە ساڵانە دووبارەدەکەینەوە و لەیادەکاندا بەڵێن بە کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان دەدرێت، بەڵام بەداخەوە تائێستا بەتەواو نەکراوی ماوەتەوە کە ئەوەش دوای ئەوە دێت بەردەوام جەختکراوەتەوە لەسەر تەواوکردنی دوای چارەسەرکردنی چەند گرفتێک لە پارچە زەوییەکانی ناو پارکەکە توانرا تەوحیدی بۆ بکرێت و مۆنۆمێنتەکە پڕۆپۆزەڵ و دیزانی تەواوی بۆکراوە و پێداچوونەوەشی بۆکراوە لەلایەن سەرۆکایەتیی شارەوانی قەڵادزێ و بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدانی پشدەر و چەندین رێکخراو و هونەرمەند و چالاکوانی ئەم شارە کە ئاماژە بێت بۆ کارەسات و راپەڕین و شەهیدکردنی خوێندکارانی زانکۆ لە 24/4 دوای بەردەوامیی بەدواداچوون لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شەهیدانی سلێمانی و ئیدارەی راپەرین و قایمقامیەتی قەزای پشدەر و سەرۆکایەتیی شارەوانی قەڵادزێ، توانرا دوا هەوڵ لەساڵی(2013) گوژمەیەکی بۆ تەرخانکبکرێت کە بریتی بوو لە یەک ملیار و 200 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی پترۆ دۆلار لە ئیدارەی راپەڕین کە کۆمپانیای گۆمان لە (7/1/2014) دەستی بەکارەکانی کرد و توانرا لە 10 ٪ ی کارەکان ئەنجامبدات، بەڵام بەداخەوە بەهۆی هاتنی شەڕی داعش و قەیرانی داراییەوە کارەکانی وەستا و تائێستا سەرەڕای چەندین جار هەوڵدانمان، دواجار سەردانمان لەگەڵ بەڕێز بەڕێوەبەری گشتیی شەهیدانی سلێمانی و قایمقامی قەڵادزێ بۆ وەزارەتی شەهیدان لە(20/9/2022) بەڵام تائێستا هیچ ئەنجامێکی نەبووە، لەکاتێکدا دەبینین لە ناوچەکانی تری کوردستان بە گوژمەی دارایی زۆر پڕۆژەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانی جۆراوجۆر جێبەجێ دەکرێن، ئەم نووسینەشمان بەرزرکردنەوەی دەنگی ناڕەزایی دانیشتووانی ناوچەکەیە بەگشتی و کەسوکاری شەهیدانە بەتایبەتی، ئەگەرچی بەری تێکۆشانی رابردووی ئەوان بووەتە مایەی بنیاتنانی حکومەتی هەرێم، ئەوەش روونە بە تەواوکردنی ئەم مۆنۆمێنتە دەبێتە رەمزێک بۆ هەموو ئەو کارەسات و رووداوانەی بەسەر ئەم شارەدا هاتووە و دەبێتە شوێنێکیش بۆ رووفاتی هەموو ئەو قوربانییانەی لە قەڵادزێ و سنوورەکەدا شەهیدبوون، بۆیە جێی خۆیەتی بڵێین کارێکی پێویست و هەنووکەییە حکومەتی هەرێم بەدەنگ ئەم پڕۆژەیەوە بێن بەگوێرەی ئەو دیزاینە جێبەجێ بکرێت.
* بەڕیوەبەری شەهیدان وئەنفالکراوانی قەڵادزێ