راپۆرتی: کەریم هەرتەلی
شارۆچکەی سەروچاوە کە ناوەندی ناحیەی بێتواتەیە، خاوەنی زۆرینەی فەرمانگەکانی حکومەتە لە سەرجەم بوارە خزمەتگوزارییەکاندا.
یەکێک لەو دامەزراوە جوانانەی لەو شارۆچکەیەدا هەیە، کتێبخانەی گشتیی سەروچاوەیە کە دامەزراوەیەکی تاقانەیە لە ناحیەکەدا لە بواری رۆشنبیریی و خۆپێگەیاندندا کە گەنجان و خوێنەران سوودی لێ وەردەگرن و بووەتە ناوەندێکی مەعریفی لەو شارۆچکەکە.
لەو بارەیەوە کەیفی حەیدەریی لێپرسراوی کتێبخانەی گشتیی سەروچاوە بە کوردستانی نوێ-ی راپەڕینی وت: کتێبخانەکە لە ساڵی «2010» کراوەتەوە و لە پەرۆشیمدا بۆ کتێبخانەکە، راژەی خۆمم لە وەزارەتی پەروەردەوە گواستووەتەوە بۆ سەر وەزارەتی رۆشنبیری.
ئاماژەشی بەوە دا کە سەرەتا نزیکەی «600» کتێبیان هەبووە و لە خانوویەکی کرێدا بوون، بەڵام دواتر و بەسوودوەرگرتن لە بینایەکی حکومی و بەپشتیوانیی و کۆمەکی خاتوو شاناز ئیبراھیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق لە دابینکردنی پێداویستییەکان و نۆژەنکردنەوەی بینا و دامەزراندنی کارمەندیش لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیرییەوە کتێبخانەکە بەرەو پێشەوە چووە.
مامۆستا کەیفی وتیشی؛ کتێبخانەی سەروچاوە ئێستا خاوەنی 6655 کتێب و 1069 گۆڤار و 62 رۆژنامە و 1049 کتێب و گۆڤاری تایبەتە بە منداڵان.
راشیگەیاند کە ئێستا خوێنەرێکی باشیان هەیە و سەرچاوەی دابینکردنی کتێبەکانیشمان بە پلەی یەکەم وەزارەتی رۆشنبیری و نووسەران و هەندێک خەڵکی دیکەیە و زۆر جاریش بانگەواز دەکەین بۆ ئەوانەی کتێبخانەیان لەماڵەوە هەیە تا کتێبەکانیان ببەخشن بە کتێبخانەکەمان.