لە چاوەڕوانیی داڕمانی یەکجارەکیدایە

لافاوی ساڵانی رابردوو مەترسیی لەسەر پایەکانی پردی (سەدە) دروستکردووە

12:52 - 2025-04-13
دووتوێ
82 جار خوێندراوەتەوە

بەدواداچوونی؛ رێبازی مام شۆڕش

«پردی سەدە» کە دەکەوێتە گوندی دەروکۆتر و دۆڵی شەهیدان،کە ڕێگای سەنگەسەر بە گوندەکانی بناری قەندیل و ناودەشت لەگەڵ حاجی ئۆمەران و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ڕاپەرین، بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بەهۆی لافاوی چەند ساڵی ڕابردوو یەکێک لە پایەکانی شکاوە و مەترسی ڕوخانی هەیە، بە تایبەت کە وەرزی زستانە و لافاو زۆرە.
هەروەها ڕاگرەکانی سەر پردەکەش لە ناوچوون، کە چەندین جار ڕوداوی هاتوچۆ و نەخوازراوی لێکەوتۆتەوە.
«تارق خدر» بەرێوەبەری بەرێوەبەرایەتی چاککردنەوە و پاراستنی رێگاوبانی ڕاپەرین بە کوردستانی نوێ ڕاپەرینی ڕاگەیاند: لە ساڵی 2019 وە، ئەم پردە بە هۆی لافاوە وای لێهاتووە، لەو کاتەوە ئێمە بەبەردەوامی دیزاینی نوێ و دەرخستەی ئەو پردە و چەند پردێکی ترمان کردووە، بەڵام تائێستا هیچمان بۆ نەکراوە و نەماتوانیوە نۆژەنیان بکەینەوە.
«زمناکۆ خدر» کە شۆفێرە دەربارەی مەترسی ئەو پردە بەکوردستانی نوێ-ی ڕاپەڕینی ڕاگەیاند: رۆژانە هاتووچۆ بە سەر ئەو پردەدا دەکەین، چونکە رێگای سەرەکییە لە نێوان ئیدارەی ڕاپەرین و سۆران و گوندەکانی بناری قەندیل، هەرچی بارهەڵگر هەیە هاتووچۆی بەسەردەکات، بەتایبەت ئەوانەی بلۆک و چەو و لم دەگوازنەوە بۆ گوندەکانی بناری قەندیل و قەزای چۆمان، هیوادارین پێش کارەسات چاک بکرێت و خەمی لێبخورێ.

بابەتە پەیوەندیدارەکان