عەبدولڕەحمان ئەحمەد
رۆژی 6 ی نیسان کە بۆنەیەکی تایبەتی جیهانییە و ناونراوە بە «رۆژی وەرزش بۆ گەشەپێدان و ئاشتی» چەند ساڵێکە لە کوردستانیشدا لە میدیاکاندا دەبینین و بەرچاومان دەکەوێت کە چەندین چالاکی وەرزشی و کۆڕ و سیمینار لەم بوارەدا ئامادەکرێن و بەڕێوەدەچن.
ئێمەش وەک میدیاکاری وەرزشی و ئەھلی وەرزش لە سۆنگەی بایەخەوە لەو رۆژە دەڕوانین، چونکە پێمانوایە وەرزش بەگشتی وەک سێکتەرێکی کارا و گرنگ لە وڵاتەکەی ئێمەشدا هاوشێوەی وڵاتانی دیکە زۆر پێویستە، لەمڕۆدا وەرزش بۆتە شوناسێک بۆ تەواوی میللەتانی جیهان، لەلایەکی تریشەوە بەو پێیەی کە وەرزش و یارییەکان بە مانا گشتییەکەی، زیاتر بە پیشەیی کراوە، هەربۆیە تەواو چۆتە ناو جیهانی سەرمایەدارییەوە و بووەتە بنەمایەکی گرنگی پیشە و کاری زۆرێک لە کارەکتەرانی وەکو «تیپەکان و یانە و یاریزانان و راھێنەران و میدیاکاران» و زۆر بواری تر.
لە وڵاتی خۆشماندا بەگشتی و لە سنووری راپەرین بەتایبەتی، ئەمڕۆ دەبینین وەرزش بەهەموو جومگەکانی و لە هەموو چین و توێژەکاندا ئامادەیە، لەناو «منداڵان و لاوان و پێشکەوتووان و کچان» لە جموجۆڵ و چالاکی بەردەوامدایە.بەتایبەتی کە وەکو دیارە یانەکانی سنوورەکە لە رکابەرییەکانی خولەکانی کوردستاندا بەشداریی و حزوری بەهێزیان هەیە، جێگەی شانازیشن بۆ هەموو سنوورەکە کە لە وەرزی داهاتووی خولی نایابی کوردستاندا، سێ یانەی سنوورەکە «رانیە، چوارقوڕنە و قەڵادزێ» دەبن و چاوەڕوانیش دەکرێت جوانترین کەرنەڤاڵی وەرزشی و جەماوەری نیشانی تەواوی وەرزش دۆستانی کوردستان بدەن.
هەربۆیە لەم بۆنەیەدا، داواکارین و خوازیارین کە تەواوی ناوەندە ئیداری و حزبی و وەرزشییەکانی ناوچەکە هاوکار و هەماهەنگ و پشتیوانی ئەو یانانە بن، بۆئەوەی لە خولەکانی داهاتوودا ببنە جوانترین نوێنەری سنووری راپەرین، تا توانای وەرزشی ئێمەش لە کاروانی شوێن و شارەکانی دیکە دانەبڕێت و کاریگەری کارایان هەبێت، چونکە ئەنجام و کاردانەوەکانی یانەکانی راپەڕین لەو خولانەدا ئەوەی دەرخست کە ئێمەش هیچمان کەمتر نییە لە یانەکانی تری شارە گەورەکان، بەڵکو لە زۆرێکیشیان باشترین.
لەگەڵ ئەوەشدا زۆر گرنگە ناوەندە تایبەتییە وەرزشییەکانی وەکو « فێرگەکانی منداڵان ، کچان ، لاوان»بەهەند وەربگیرێن و بایەخی زیاتریان پێ بدرێت، چونکە ئەوانە هەوێن و بنەمای داهاتووی وەرزشی ئێمەن.
داواکارین ناوەندە مەعریفییە وەرزشییەکانی وەکو «پەیمانگەی وەرزشی و بەڕێوەبەرایەتی وەرزش و لاوان و ئۆرگانە وەرزشییەکانی تر» زیاتر گرنگییان پێ بدرێت، تا کادری وەرزشیمان زۆرتر بن و چالاکانەتر بێنەوە مەیدان.
هەروەها داواکارین کە میدیاکان بە بایەخی زیاترەوە رووماڵی چالاکیی وەرزشی دەڤەرەکە بکەن بۆئەوەی فەرهەنگی وەرزشی ئێمە، رووی لە کرانەوە بێت و ناو و ناوبانگی تیپ و وەرزشکارەکانمان زۆرتر بناسرێن.
جێی خۆیەتی ئەم بەسەرکردنەوەیەی کوردستانی نوێ-ی راپەڕین لەم بوارەدا بەرز بنرخێنین کە بەسەریان کردینەوە و بەباشیان زانی بۆ ئەو رۆژە قسەی خۆمان هەبێت، با ئەو چەند وشەیە بکەینە پەیڤێکی تایبەت، بەڵکو هەنگاوی بۆ بنرێت و لە داهاتوودا لایەنە پەیوەندیدارەکان کاری بۆ بکەن.