مەكتەبی سیاسی: خزمەتگوزاریی بەو ناوچانەی بەهۆی تاوانی ئەنفالەوە زیانیان پێگەیشتووە

10:14 - 2025-04-14
کوردستان
81 جار خوێندراوەتەوە

37 ساڵ لەمەوبەر كوردستان رووبەڕووی دڕندانەترین تاوانی ئەنفال بووەوە، كە ئامانج لێی جینۆسایدكردنی گەلەكەمان بوو لەسەر زێدی باو و باپیرانی خۆی.
ئەم تاوانەی كە بەرامبەر بە خەڵكی بێدیفاعی گوند و دێهاتی كوردستان كرا، ئازارێكە بێكۆتایە لە دڵ و دەروونی هەمواندا و لەبیرچوونەوەی؛ هەرگیز ئاسان نییە، كە لە چەند مانگێكی كەمدا 182 هەزار مرۆڤی كورد لە پیر و گەنج و منداڵ لە هەردوو رەگەز بە دڕندانەترین شێوە زیندەبەچاڵ كران و دەیان هەزاری تریش رووبەڕووی ژیانی كوللەمەرگیی ناو ئۆردوگا زۆرەملێكان، كرانەوە.
لەم یادە پڕ لەسوێیەدا جارێكی تر تەئكیددەكەینەوە ئەركی هەموانە لە هەرێمی كوردستان و عیراقیش هەوڵەكانمان چڕتربكەینەوە بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی بەو ناوچانەی بەهۆی تاوانی ئەنفالەوە زۆرترین زیانیان پێگەیشتووە و هەروەها ژیانێكی سەربەرزانە بۆ كەسوكاری شەهیدان و بێسەروشوێنبووەكانی جینۆسایدی میللەتەكەمان دابینبكەین. لەلایەكی ترەوە بەرپرسیارێتیی پەرلەمان و حكومەتی فیدراڵیشە ئەركە مرۆیی و دەستوورییەكانی خۆیان باشتر جێبەجێبكەن بۆ ساڕێژبوونی یەكجارەكیی زامەكانی قوربانییانی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال.
درود بۆ شەهیدانی ئەنفال و سڵاو بۆ خۆڕاگریی كەسوكار و یادگاری شیرینیان.

مەكتەبی سیاسیی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

#ئەنفال

بابەتە پەیوەندیدارەکان