ئەمریكا ژمارەی سەربازەكانی لە سوریا كەمدەكاتەوە؟
(پێنتاگۆن) رایگەیاندووە لە چەند مانگی داهاتوودا ژمارەی سەربازەکانی ئەمریكا لە سوریادا بۆ كەمتر لە 1000 سەرباز كەم دەكرێتەوە.
لەوبارەیەشەوە شۆن پارنێل وتەبێژی پێنتاگۆن لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە: سەربازەكانی ئەمریكا لە سوریا لە چەند خاڵێكی دیاریكراودا جێگیردەكرێن و ئاماژەی بەوە كردووە كە وەزارەتەکەیان فەرمانێكی لەوبارەیەوە دەركردووە، بەوەی «ئەم پرۆسەیە مەرجدارە و وەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە: «بۆئەوەی دڵنیابین لەوەی داعش هیچ شوێنێكی خۆحەشاردانی نییە، ئێمە پابەندین بە دڵنیابوون لەتوانای هاوبەشەكانمان بۆ زیاتر لاوازكردنی داعش و تیرۆریستانی دیكەی ناوچەكە».
لەوبارەیەشەوە نیویۆرك تایمز لە راپۆرتێكیدا بانگەشەی ئەوە دەکات کە سوپای ئەمریكا لە كۆی هەشت بنكەی سەربازی لە باكووری سوریا، سێ بنكەی سەربازی داخستووە و دەستیكردووە بە كێشانەوەی سەدان سەربازی خۆی.
رەوشی منداڵان لە توركیا خراپە
غەمزە تاشگەر جێگری سەرۆكی جەهەپە رایگەیاندووە: كە ژمارەی منداڵانی ساوا تا تەمەن 17ساڵ لە توركیادا 21 ملیۆن كەسی تێپەڕاندووە و ئاماژەشی بەوە داوە 6.6 ملیۆن منداڵ بەدەست هەژارییەوە دەناڵێنن.
بەپێی دوایین داتاش كە لەلایەن TUIK ەوە راگەیەندراوە، 23 ٪ی منداڵانی تەمەن 15 ساڵ و كەمتر ناتوانن تەنانەت یەك ژەمیش لە رۆژێكدا بخۆن كە گۆشت، مریشك یان ماسی تێدابێت و دەڵێت: «ئاك پارتی دەسەڵاتدار دەوڵەتی هاووڵاتیبوونی پاکتاوكردووە و لە هەر چوار منداڵ یەكێكیان ناتوانێت دەستی بەو خۆراكانە بگات كە پرۆتینی تێدایە».
ئاماژەشی بەوە داوە كە «هەژاری منداڵان قەیرانێكی فرەڕەهەندە و كاریگەریی لەسەر گەشەسەندنی تەندروست، پەروەردە، شوێنی حەوانەوە، بەشداریكردن لە ژیانی كۆمەڵایەتی و مافی بنیاتنانی داهاتوودا هەیە.
بەگوێرەی ئاماری منداڵان بۆ ساڵی 2024، چیتر ناتوانرێت رادەی هەژاری قووڵی وڵاتەكە بشاردرێتەوە.
هێشتا دۆخی تەندروستی سری سورەیا لە مەترسیدایە
سری سورەیا ئۆندەر ئەندامی شاندی ئیمرالی دەم پارتی و جێگری سەرۆكی پەرلەمانی تورکیا، لە 15ی نیسانەوە بەهۆی جەڵتەی دڵەوە رەوانەی نەخۆشخانەکراوە بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر.
جێی ئاماژەیە لە دوای نەشتەرگەرییەك کە 12 سەعاتی خایاند، تائێستا لە بەشی چاودێریی چڕ ماوتەوە.
بەپێی لێدوانی پزیشکەکانی هێشتا ژیانی لە مەترسیدایە.