رۆڵــــی راگــــەیــــانـــدن لـــە پــــــاراستنی پێگـەی زمــانی کـــوردیدا

10:49 - 2025-04-22
دووتوێ
51 جار خوێندراوەتەوە

د.فازیل حەمە سەعید

بەپێی ئامارەکانی یونسکۆ، زیاد لە 7000 زمانی جیاواز لە جیهاندا هەن، بەڵام ئەم زمانانە لە رووی پێگە و بەکارهێنانەوە وەک یەک نین، نیوەی ئەو زمانانە، بە ئەندازەی جیاواز  پارێزراون و خزمەت کراون، بەڵام نیوەکەی تر لە بەردەم مەترسی لە ناوچووندان، ئەو مەترسیەش هێندە گەورەیە، هەر دوو حەفتە جارێک وەک فریشتەی گیانکێشان، بەرۆکی زمانێک دەگرێت و لە خشتەی زمانەکاندا دەیسڕێتەوە، واتە ساڵانە 25 زمان لەناو دەچن.
کەواتە زمانەکانیش وەک هەر بوونەوەرێکی تر دەژین و دەمرن، دەکرێت تەمەنیان درێژ یان کورت بێت، ئەمەش بەپێی شێوازی پاراستنیان، یان بڕی ئەو مەترسیانەی لەسەریانە. لەناوچوونی هەر زمانێکیش کۆستێکی گەورەی فەرهەنگییە، چونکە لەگەڵ خۆیدا جیهانێک و مێژوویەکی فراوان دەبات و دەیپێچێتەوە.
پاراستن و هێشتنەوە و تۆکمەیی هەر زمانێک، پێویستی بە پلان و بەرنامەڕێژی ورد و زانستی و واقعی هەیە، جا ئەو زمانە مەترسی لەسەر بێت، یان یەکێک بێت لە زمانە زیندووەکان. ئەگەر سەرنجی زمانی فەڕەنسی بدەین، دەبینین یەکێکە لە زمانە دیارەکانی جیهان، یەکێکە لە شەش زمانەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، زمانیرەسمیی 22 دەوڵەتە، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام چەقی بازنەی گرنگیپێدانی دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکانی ئەو وڵاتەیە و بەردەوام لە سێ ئاستدا بەرگرییان لێکردووە:
یەکەم: ئاستی ناوخۆیی، لەم ئاستەدا چەند ڕێکارێک گیراونەتە بەر، لەوانە:
- پەیڕەوکردنی سیاسەتی یەک نەتەوە و یەک زمان.
- خوێندن بە فەڕەنسی لەسەرجەم قۆناغەکاندا، بەتایبەتی سەرەتایی، کە منداڵ تەنها بە فەڕەنسی دەخوێنێت و فەڕەنسی فێر دەبێت.
- سەرپشککردنی خویندکار لە هەڵبژاردنی چەند زمانێکدا لە قۆناغەکانی دوای سەرەتایی، تا هەژموونی تاقە زمانێک - بەتایبەتی ئینگلیزی، باڵ بەسەر فەڕەنسیدا نەکێشێت.
- گرنگیدان بە فەرهەنگەکان و رێگریکردن لە هاتنە ناوەوەی وشەی بێگانە.
-چاودێریکردنی راگەیاندن و بوارەکانی تریش، بە پێی یاسای تۆبۆن. 
دووەم: ئاستی ئەوروپی، لەم ئاستەشدا فەڕەنسا هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە، بۆ نمونە:
- ساڵی 1994، فەڕەنسا پێشنیازی کرد پێنج زمان لە کۆبوونەوە و نووسینەکانی یەکێتی ئەوروپادا بەکار بهێنرێن، ئەمەش بۆ ڕێگریکردن لە هەژموونی ئینگلیزی و جێکردنەوەی فەڕەنسی، لە حاڵەتی بەکارهێنانی یەک زماندا، بە دڵنیاییەوە ئینگلیزی هەڵدەبژێردرا.  
- فەڕەنسا جەختی لەوە کردەوە لە دوای قۆناغی سەرەتاییەوە، سێ زمان لە ناوەندەکانی خوێندنی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپادا بخوێنرێن، بۆ ئەوەی ئەگەری هەڵبژاردنی زمانی فەڕەنسی زیاتر بێت و پەلهاوێژیی ئینگلیزی کەمتر بێتەوە.
سێیەم: ئاستی جیهانی، لەم ئاستەشدا کەمتەرخەمییان نەکردوە و چەندین هەوڵیانداوە، وەک:
- دامەزراندنی چەندین دامەزراوەی ئایینی و فەرهەنگی و زمانەوانیی بۆ بڵاوکردنەوەی زمان و فەرهەنگی فەڕەنسی لە دەرەوەی وڵات.
- پێشکەشکردنی کورسی خوێندن بە قوتابیان لە تەواوی جیهاندا.
- دامەزراندنی ڕێکخراوی فرانکۆفۆنی کە نزیکەی 80 وڵات لە خۆ دەگرێت.
- گرنگیدان بە خوێندن و قسەکردن و نووسین بە فەڕەنسی و دابینکردنی بودجەیەکی زەبەلاح بۆ ئەو مەبەستە.
- گرنگیدان بە سەکۆ ئەلیکترۆنییەکان لە هەموو بوارەکاندا.
جێی خۆیەت بپرسین: ئەگەر زمانێکی وەک فەڕەنسی بەو پێگە بەهێزەیەوە هێندە خەمی لێبخورێت؛ دەبێت ئەو زمانانەی کە لاوازترن لە روی پێگەی ناوخۆیی و جیهانییەوە، چییان بۆ بکرێت؟  بە دڵنیاییەوە پێویستە پلان و سیاسەتی شایستە بگرنەبەر.

 

 

بەپێی ئامارەکانی یونسکۆ، زیاد لە 7000 زمانی جیاواز لە جیهاندا هەن، بەڵام ئەم زمانانە لە رووی پێگە و بەکارهێنانەوە وەک یەک نین، نیوەی ئەو زمانانە بە ئەندازەی جیاواز  پارێزراون و خزمەت کراون، بەڵام نیوەکەی تر لە بەردەم مەترسی لە ناوچووندان، ئەو مەترسیەش هێندە گەورەیە هەردوو حەفتە جارێک وەک فریشتەی گیانکێشان بەرۆکی زمانێک دەگرێت

 

 

ئەگەر بێینە سەر بارودۆخی زمانی کوردی،  ئەوە پێویستمان بە خوێندنەوە و سەرنجدانی سەرجەم ئەو لایەنانە دەبێت کە لەتوانایاندایە پێگە و شکۆی زمانێک بەهێز یان لاواز بکەن، وەک  دەستوور و پەروەردە و سیاسەت و راگەیاندن و لایەنی تریش، ئەوەشمان لەبیر نەچێت زمانی کوردی، بەتایبەتی لەم سەد ساڵەی دواییدا، بەردەوام لە ژێر هەژموونی زمانە دراوسێکانیدا بووە، ئەو زمانانە کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر بەجێهێشتوە و بەئەستەم رێیانداوە هەناسەیەک بدات، بۆ نمونە ئەگەر بۆ نووسینە کۆنەکانی باشووری کوردستان بگەڕێینەوە، دەبینین تێکەڵەیەکن لە کوردی و ‌عەرەبی، با سەرنجی دەقێکی محەمەد ئەمین زەکی بەگ (1880-1948) بدەین لە کتێبی (خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان) کاتێک دەڵێت:
(زەرەری تەهجیر و تەقتیل: لە ئیبتیدای شەڕدا قۆمیتەی موسەللەحی ئەرمەنی لە پێش ئۆردووی ڕووسەوە لە جیهەتی بایەزید و ئەلشگەرد و وانەوە زەرەرێکی زۆری لە ماڵ و ڕۆحی کورد دا. بێجگە لەمانە ئۆردووی تورکیش بە ئەنواعی بیانووەوە لە کوشتنی کورد قسووری نەکرد و حەتا بەعزێ لە ئومەرای قووەی سەفەرییەی ئەووەڵ، (خەلیل بەگ)، لە مەقامی ئیفتیخاردا ئیقراری ئەم جینایەتان ئەکرد).
ئەم دەقە و ناونیشانی کتێبەکەش پێمان دەڵێن: کوردی لە چ تەنگژەیەکدا بووە! پێمان دەڵێن: کێشەکانی زمانی کوردی بەشێکیان هی ئێستان و بەشێکی تریان کەڵەکەبووی بەلایەنی کەمەوە، سەد ساڵی رابردوون.
ئەگەر زمانێک لە رابردو و ئێستادا، لەپێناو مانەوەی خۆیدا، شەڕی دەستە و یەخەی لەگەڵ دەیان مەترسی جوراوجۆردا کردبێت، پێویستی بەوەیە بەوردی ئاوڕی لێبدرێتەوە، بە وردی ئەو لایەن و بوارانە شەن و کەو بکرێن کە دەتوانن  رۆڵی کاریگەر لە بوژاندنەوە و بەهێزکردنیدا ببینن، وەک پەروەردە، دەستوور، سیاسەت، وەرگێڕان و بواری تریش، لەنێو ئەو بوارانەشدا راگەیاندن ئەرک و بەرپرسیارێتیی گەورەی لە ئەستۆدایە.
راگەیاندن بەسەرجەم بوارەکانییەوە ئامادەییەکی سەرەکی و بەرچاوی لە ژیانی تاک و کۆمەڵدا هەیە، چونکە زۆر بە فراوانی بڵاو دەبێتەوە، لەهەمان کاتدا خاڵی یەکگرتنی سەرجەم کایە جیاوازەکانی مەعریفە و زانست و فەرهەنگ و ئەدەب و هونەرە. جگە لەمانەش، زمانی راگەیاندن زمانێکی جوان و رازاوە و سەرنجڕاکێشە، ئەمەش وا دەکات بە ئاسانی و خێرایی بڵاو ببێتەوە و کاریگەریی خۆی بەجێبهێڵێت.
سەبارەت بەزمانی کوردی-ش، ئەم تایبەتمەندییەی بەرچاو و دیارە، بۆیە زمانی راگەیاندن زیاتر دەگاتە ئاخێوەرانی زمانی کوردی، چونکە سەرجەم چین و توێژەکان بە شێواز و بەرنامەی جۆراوجۆر دەدوێنێت.
ئەم تایبەتمەندی و هەستیارییەی زمانی راگەیاندن وا دەکات، مامەڵەیەکی ژیرانەی لەگەڵدا بکرێت، بە جۆرێک لە بەرژەوەندیی زمان و کەلتوری نەتەوەییدا ئاڕاستە بکرێت، ئەگەرنا لێکەوتەی نەخوازراوی دەبێت. بۆیە بەداخەوە دەبینین هەندێکجار لەبەر نەشارەزایی، یان هەستنەکردن بە بەرپرسیارێتیی، زمانی راگەیاندنی کوردی لە رۆح و جوانییەکانی زمانی کوردی دوور دەکەوێتەوە، دەیان وشە و دەربڕینی بێگانە بە گوێی ئاخێوەرانی کورد دا دەدات.
هەرچەندە راگەیاندنی کوردی هەوڵیداوە رۆڵێکی باش لە پاراستنی زمانی کوردیدا بگێڕێت؛ لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار کەمتەرخەم بووە و کەمترین دڵسۆزی لە وەرگێڕانی دەیان وشەی بێگانەدا نەنواندووە و بگرە وەک خۆی گواستونییەتییەوە، بۆ نموونە:
(پرۆمۆ -Promo ، پۆدکاست - Podcast، بوڵتان - Bulletin، شۆپینگ - Shopping، پەیپەر - Paper ، ئۆپەراسیۆن - Operation، مەڵتیمیدیا - Multimedia، دۆکیۆمێنتاری - Documentary، سەنتەر - Center، سیمپۆزیۆم - Symposium، کەمپ - Camp ، کامپەس - Campus، ئینفۆگرافیک - Infographic، ریەڵ گرافیک - Real graphic، ڕێکلام - Reclam، فریکوێنسی - Frequency، دیزاینەر - Designer، پاکێج - Package، شۆ - Show، پرۆدیوسەر - Producer، ئەپڵیکەیشن - Application، ستایل - Style، دوێت - Duet ، داونلۆد - Download، ڕاپۆرت - Rapport، تیم - Team، لایڤ - Live، گەلەری - Gallery، مایک - Mic، ڕێپۆرتاژ - Reportage، فیچەر -  Feature).
بەداخەوە هەر بەوەندەوە رانەوەستاوە، بگرە چەندین بەرنامەش بە ئینگلیزی ناونراون، وەک:
(دیاسپۆرا - Diaspora، رۆد میوزیک - Rod Music، مۆندیال تایم - Mondial Time، مەید ئین کوردستان - Maid in Kurdista، ستراتیژ - Strategi، ترافیک - Traffic، دیبەیت - Debate، مێتاڤێرس - Metaverse، ئارت پلەس -Art plus، فۆکەس ئۆن - Focus on، هۆرسکۆپ - Horoscope، پۆرترەیت - Portrait، پانۆراما - Panorama، سایکۆ - psycho، ستادیۆم - Stadium، زووم - Zoom، چامپیۆنس -champions، کورد ئەکتەر - Kurd Actor، دیالۆگ- Dialog).
بۆیە زۆر گرنگە، ئەوانەی لە بواری راگەیاندندا کاردەکەن، ئاگاداری کاریگەرییەکانی بن لەسەر شکۆ و پێگەی زمانی نەتەوەیی، لەگەڵ ئەوەشدا گرنگە یاسای تایبەت بە راگەیاندن هەبێت و جەخت لە پاراستنی زمانی نەتەوەیی بکاتەوە، بەداخەوە لە کوردستاندا شتێکی لەو جۆرە نییە.
چارەسەری ئەم کێشەیە، پێویستی بە پلاندانان و سیاسەتی زمان دەبێت، تا پێگەی زمانی کوردی پارێزراو بێت. دەبێت هێندە خزمەت بە زمانی کوردی بکرێت تا ببێتە زمانی بەکارهێنان لەسەرجەم بوارەکاندا، هەروەها توانای ئەوەی هەبێت هەر ئەرکێکی پێبسپێردرێت ئەنجامی بدات، واتە ببێتە زمانی راگەیاندن و تەواوی کایەکانی تریش، چونکە ئەمە هۆکارێکی سەرەکییە لە هۆکارەکانی بەهێزکردنی پێگەی زمان.
بە بۆچوونی زمانەوانی فەڕەنسی شۆدۆنسن (Chaudenson)، سێ پێوەر پێگەی زمان دیاری دەکەن:
• ئاستی بەکارهێنانی و ژمارەی ئاخێوەرانی.
• ڕێژەی دانپێدانان و رەسمیی بوونی.
• توانای زمانەکە و لێهاتوویی لە بوارە جیاوازەکاندا.
بەپێی ئەم پێوەرانە بێت، پێویستە زمانی کوردی لە سەرجەم بوارەکان و لە تەواوی چینەکاندا بە پوختی بەکاربێت، تا بسەلمێنرێت کە زمانێکە توانای گەیاندنی پەیامەکانی لە سەرجەم بوارە جیاوازەکاندا هەیە. گرنگە راگەیاندن لەم ئاستەدا، بە ئەرکی خۆی هەڵبسێت، پیشانیبدات کە کوردی لە توانایدا هەیە ببێتە زمانی راگەیاندن، ئەمەش لێبڕان و دڵسۆزی و شارەزایی دەوێت. لە راستیدا ئەگەرچی راگەیاندن هەوڵی باشی لەم بوارەدا داوە، بەڵام کەمتەرخەمی زۆریشی هەبووە و وەک پێویست بە ئەرکی خۆی هەڵنەساوە.
کاتێک دەڵێین؛ راگەیاندن بە ئەرکی خۆی هەڵنەساوە، لەبەر ئەوەیە کە ئەرکێکی گەورە و رۆڵێکی مەزنی هەیە، هەموان هەر بەو چاوەوە سەیری دەکەن. هەر بۆیە زلهێزەکان جگە لەوەی زمان و کەلتوری خۆیان دەپارێزن، لە رێی شێوازە جیاوازەکانی راگەیاندنەوە، زمان و کەلتوری خۆیان هەناردەی دەرەوەش دەکەن. بۆیە دەبینین رەخنەگری ئەمریکی هێربەرت شیلەر (Herbert Schiller) لە چەندین کتێبیدا ئاماژە بە هەژمونی کەلتوریی زلهێزەکان (بەتایبەتی ئەمریکا) دەکات، کە چۆن دەیانەوێت لە رێی راگەیاندن و ئاژانسە گەورەکانی هەواڵ و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەبەرهێنانەوە، کەلتوری خۆیان بڵاوبکەنەوە، بە جۆرێک پەلبکێشن بەسەر جیهان بەگشتی و وڵاتانی جیهانی سێیەمدا بەتایبەتی.
بە بۆچونی هێربەرت، ئەمریکا دەیەوێت لە رێی هەژموونی کەلتورییەوە وڵاتانی جیهانی سێیەم بخاتە ژێر رکێفی خۆیی و جۆرێک لە پاشکۆبوون لە ناو گەلانی ئەو وڵاتانە و ڕۆشنبیرەکانیاندا دروستبکات، تا ئاستێک شێوازی ژیان و بیرکەدنەوەی ئەمریکا ببێتە سەرچاوەی بیر و مەعریفەیان، بیرکردنەوەیەک کە هێربەرت بە (لە قوتو نراو–معلب) ناوی دەبات، بە دڵنیاییەوە زمان یەکێکە لە دەروازە گەورەکانی هەژموونی کەلتوری.
هێربرت ئاماژە بە چەند پڕۆژەیەک دەکات کە لە ڕوکەشدا مرۆیی دەردەکەون، لەوانە:
1 - پێگەیاندنی کادری زانستی و ئەکادیمی لەو وڵاتانەدا، بەجۆرێک سۆز و ئینتیمایان بۆ ئەمریکا بێت زیاتر لە وڵاتەکانی خۆیان.
2 - بەستنەوەی سیستەمی خوێندن لەو وڵاتانەدا بە سیستەمی خوێندنی ئەمریکییەوە، بەکردنەوەی قوتابخانە و ناردنی پسپۆڕی ئەمریکی بۆ داڕشتنی سیاسەتی خوێندن لەو وڵاتانەدا، سیستەمێک کەسی دۆڕاو لە روی دەرونییەوە بەرهەم بهێنێت و بە ئاسانی دەستەمۆ بێت.
3 -  ناشرینکردن و تۆمەتبارکردنی ئەو سەرکردە و رۆشنبیرانەی خۆ بەدەستەوە نادەن و لە خەمی سەربەخۆیی و پاراستنی کەلتوری خۆیاندان، وێناکردنیان بە دەمارگیر و داخراو، بەوەی کە توانای ژیانی هاوبەش و خۆگونجاندنیان لەگەڵ سیستەمی نوێی جیهانیدا نییە.
بە شێوەیەکی گشتی، هاووڵاتیان لەو وڵاتانەدا، کێشەی جۆراوجۆریان هەیە، کەسێک بۆ نمونە روت و رەجاڵ و برسی بێت، یان کێشەی ئازادی هەبێت، هێندە بە پێداویستییە سەرەکییەکانییەوە سەرقاڵە؛ نایپەرژێتە سەر ئارێشە کەلتوریەکان، لەکاتێدا هاوڵاتی بە خەمی ژیانەوە ئەتلێتەوە، وڵاتەکەی وردە وردە کەوتووەتە ژێر رەحمەتی هەژموونی کەلتوری ئەوانی ترەوە، بێ ئەوەی هەست بکات، یان بێ ئەوەی بەلایەوە گرنگ بێت.

 

 

راگەیاندن بەسەرجەم بوارەکانییەوە ئامادەییەکی سەرەکی و بەرچاوی لە ژیانی تاک و کۆمەڵدا هەیە، چونکە زۆر بە فراوانی بڵاو دەبێتەوە، لەهەمان کاتدا خاڵی یەکگرتنی سەرجەم کایە جیاوازەکانی مەعریفە و زانست و فەرهەنگ و ئەدەب و هونەرە. جگە لەمانەش، زمانی راگەیاندن زمانێکی جوان و رازاوە و سەرنجڕاکێشە، ئەمەش وا دەکات بە ئاسانی و خێرایی بڵاوببێتەوە و کاریگەریی خۆی بەجێبهێڵێت

 

 

کەواتە راگەیاندن لەپاڵ پاراستنی زمان و کەلتوری نەتەوەییدا، ئەرکی بەرگریکردن و رێگرتن لەو شاڵاو و هەژموونە کەلتورییەشی دەکەوێتە ئەستۆ. ئەمەش پێمان دەڵێت کە راگەیاندن بە تەواوی شێواز و پلاتفۆرمەکانییەوە تا ئاستێکی زۆر دەتوانێت رۆڵێکی باش لە داڕشتن و جێبەجێکردنی پلانی زمانەوانیدا بگێڕیت، لەو ڕێیەشەوە شکۆ و پێگەی زمانی کوردی لە چەند ئاستێکدا بەرز ڕابگرێت:
-گرنگیدان بە زمانی کوردی، لە رووی ڕێنووسی راست و زمانی پاراو و وشەی نوێ بۆ چەمکە نوێیەکان.
-بڵاوکردنەوەی هۆشیاری نەتەوەیی لە هەموو بوارەکاندا، لە نێویشیاندا بواری زمانەوانی.
-بەرەنگاربوونەوەی هەژمونی زمان و کەلتورە بێگانەکان.
ئەرکی راگەیاندن لە هەموو وڵاتێکدا هەستیارە، بەڵام لە کوردستاندا هەستیارترە، چونکە کوردستان بارودۆخێکی تایبەتی هەیە، ئەمەش مامەڵە و بەرنامەیەکی تایبەتی دەوێت، بە تایبەت لە بواری زمانەوانیدا، چونکە ئەم بوارە بە ئەندازەیەکی زۆر هەستیار و ئاڵۆزە. ئەم ئاڵۆزییەش لە چەند لایەنێکەوە هەستی پێدەکرێت، وەک: مەترسی زمانەکانی تر و خراپ بەکارهێنان و لێتێگەیشتنیان، لەگەڵ فرەڕەنگی و هەمەچەشنی لە زمان و شێوەزار و بنزارەکانی کوردستاندا.
ئەگەر بێینە سەر مەترسی زمانەکان، دەبینین مەترسییەکی واقعییە و ناکرێت بە کەم سەیر بکرێت، ئەگەرچی لێکەوتەکانی دووریش بن.
بەشێک لەو مەترسییە لە بە زۆر سەیرکردنی زمانی بێگانە و بە کەم سەیرکردنی زمانی نەتەوەییدایە، ئەم مەترسیەش، ئێستا هەیە و دوور نییە، لەهەمان کاتدا رووبەڕووی راگەیاندنەکانیش دەبێتەوە، چونکە لە لایەک دەبێت ئەو تێڕوانینە هەڵەیە راست بکەنەوە، لەلایەکی تریشەوە بەشێک لە راگەیاندنەکان زەمینەیەکی گونجاویان بۆ گەشەکردنی ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە رەخساندووە، بە کردنەوەی کەناڵی تایبەت بە زمانی بێگانە، یان تەرخانکردنی پانتاییەکی فراوان بۆ بڕگە و بەرنامە بە زمانی بێگانە، بەتایبەت ئینگلیزی، کە ئاڕاستەی منداڵان دەکرێن.
ئەمڕۆ ڕاگەیاندن یان میدیا، سنورێکی فراوان و تا رادەیەک ئازادی هەیە، هەموان بە ئاسانی دەستیان پێی دەگات، بە مەبەستی جۆراوجۆر بەکاردێت، لەوانەش فێربوونی زمانی دووەم، بۆیە ئەگەر کەسێک بیەوێت زمانێکی تر فێر ببێت، یان خێزانێک بیانەوێت منداڵەکەیان زمانێکی تر فێر ببێت، زۆر پێویستیان بە میدیای ناوخۆیی نابێت، بۆیە دەکرێت کەسێک بپرسێت: ئیتر میدیای ناوخۆیی چ رۆڵیک دەبینێت لەو بوارەدا، بە باش یان بە خراپ؟.
لە راستیدا ئەو پرسیارە لە جێی خۆیدایە، بەڵام وەک پێشتریش وتمان، کێشە هێندە لە تێڕوانینماندایە، هێندە لە فێربوونی زمانی بێگانەدا نییە. هەر هیچ نەبێت میدیای ناوخۆیی ئەرکی راستکردنەوەی ئەو تێڕوانینەی لەسەرە، بەگرنگیدان بە زمانی کوردی و بەرز راگرتنی شکۆ و پێگەکەی، بە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری پێویست، بە راگرتنی هاوسەنگی لە کات و جۆری بەرنامەی پەخشکراو بە زمانی بێگانە، یان بە هەر جۆرێکی تر.
وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد، راگەیاندن تووشی بابەتێکی تر دەبێتەوە، کە مامەڵەیەکی ژیرانە و واقعی دەوێت، ئەویش بابەتی فرە رەنگیی زمان و شێوەزار و بنزارەکانە. لە راستیدا چارەسەری بابەتێکی لەم جۆرە لە بەرپرسیارێتیی راگەیاندن گەورەترە، پێویستی بە بەندی یاسایی و بڕگەی دەستووری هەیە، تا هەموان لە چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ پرسێکی لەو جۆرەدا بەرچاو ڕوون بن، ئایا یەک زمان بەکار بهێنرێت، یان یەک شێوەزار، یان چەند شێوەزارێک؟ بەکارهێنانەکە چۆن دەبێت؟ ئایا زمانێکی ستانداردی سەرانسەری لە گەڵ پشتگوێخستنی ئەوانی تردا؟ یان زمانێکی ستاندارد و بەفەرمی ناساندنی ئەوانی تر لە سنور و هەرێمەکانی خۆیاندا؟ یان بە فەرمی ناساندنی چەند شێوەزارێک لەهەمان کاتدا؟.
ئەوەی سەیری باری یاسایی زمانی کوردی بکات، دەبینێت لە پاڵ زمانی عەرەبیدا وەک زمانی رەسمیی لە عێراقدا ناسێنراوە، بە شێوازێکی نا راستەوخۆ ئەو زمانە کوردییەی لە دەستووری عێراقیدا ئاماژەی پێکراوە، یەکسانە بە شێوەزاری سۆرانی، بۆیە لە کوردستانیشدا، ئەو شێوەزارە پشکی شێری لە بەکارهێناندا بەرکەوتووە، ئەمە لە راگەیاندنیشدا رەنگیداوەتەوە. بە پلەی دووەم شێوەزاری کرمانجی دەبینین، لە نووسین و راگەیاندن و خوێندن و مامەڵە کارگێڕییەکاندا، هەرچی شێوەزار و بنزارەکانی ترن بە تەواوی پشتگوێ خراون.
لێرەدا راگەیاندنی رەسمی و نارەسمیی، دەتوانن ئەو بۆشاییە یاساییە بەشێوەیەکی کاتی پڕبکەنەوە، دەتوانن بەپێی پێویست و گونجاندن پانتاییەکی باش بۆ شێوەزارەکانی تریش بکەنەوە، هیچ نەبێت لە ناوچەکانی خۆیاندا، بۆ ئەوەی توڕەیی بە جێی ئاخێوەرەکانیان هەڵمژێت، تا ئەوکاتەی چارەسەرێکی ریشەیی ئەم بابەتە هەستیارە دەکرێت، کە بابەتێکە پەیوەستە بە ئاسایش و شکۆی نەتەوەوە.
بەکورتی دەتوانین بڵێین؛ راگەیاندن ئەرکێکی قورس و هەستیاری لەم قۆناغەدا هەیە، پێویستی بە تێگەیشتنی ورد و واقعی دەبێت بۆ سروشت و باری زمان و شوناسی نەتەوەیی لە کوردستاندا، تا بتوانێت وەک پێویست رۆڵی خۆی بگێڕێت، رۆڵێک لە ئاستی بەرزی پێگە و شکۆی زمانی نەتەوەییدا بێت.

*
* ماستەر لە زمانی عەرەبی- زانکۆی سەڵاحەدین.
* ماستەر لە وەرگێڕان- زانکۆی لیۆن.
* دکتۆرا لە زمانەوانی- زانکۆی لیۆن، فەڕەنسا.
* ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان.
* سەرنووسەری گۆڤاری ئاژین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان