دوێنێ، لەرێوڕەسمێكی شایستەدا لە تەلاری هونەر بە ئامادەبوونی، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و د. لەتیف جەمال رەشید سەرۆك كۆماری عیراق و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەكەمی عیراق و ژمارەیەكی زۆر لە میوانانی هەر چوار پارچەی كوردستان، مەراسیمی دابەشكردنی خەڵاتی (زێڕینی بلە) بەڕێوەچوو كە ئەمساڵیش بەخشرایە هەشت كەسایەتی نموونەیی.
لە مەراسیمەكەدا، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە وتارێكدا رایگەیاند: 25 ساڵە مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد كۆچی دوایی كردووە، بەڵام هێشتا هۆنراوەكانی و بۆچوونەكان هەر دەڵیی بۆ ئەمڕۆ نووسراوە. وتیشی: ئەمساڵ چەندین كەسایەتی نموونەیی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی زێڕینی بلە دیاریكراون.
لەبارەی خەڵاتەكانەوە، راسان موختار ئەندامی (ئیبراهیم ئەحمەد فاوندەیشن) بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئەمساڵیش هەشت كەسایەتی گرنگ و نموونەیی لە هەر چوار پارچەی كوردستان لە بوارە جیاجیاكاندا دەستنیشانكران و خەڵاتی زێڕینی بلە-یان وەرگرت.
خەڵاتەكانی ئەمساڵ بەم كەسایەتییانە بەخشران: لەبواری دۆستی نموونەی كورد بەخشرا بە ئایەتوڵڵا موحسین حەكیم، لە بواری نووسەری نموونەیی بەخشرا بەساڵح حەیدۆ لە رۆژئاوای كوردستان، لە بواری مامۆستای نموونەیی و بواری فێركردن و پاراستنی زمانی كوردی بەخشرا بە زارا محەمەدی لە رۆژهەڵاتی كوردستان، لە بواری هونەرمەندی نموونەیی بەخشرا بە عوسمان كێمنەیی لە باشوری كوردستان، لە بواری وەرزشی نموونەیی بەخشرا بە یانەی ئامەد سپۆر لە باكوری كوردستان، لە بواری دایكی نموونەیی بەخشرا بە خاتوو فەهیمە واحید مەجید، لە بواری تێكۆشەری نموونەیی بەخشرا بە شەهید عەبدۆ لە رۆژئاوای كوردستان، لە بواری سەركردەی نموونەیی بەخشرا بە فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)مەزڵوم عەبدی لە رۆژئاوای كوردستان و لەلایەن سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی-ەوە خەڵاتەكە وەرگیرا.