دۆستەكانمان و هەموو ئەوانە لەیادناكەین كە لە هەموو قۆناغەكاندا لەگەڵمان مانەوە و بەرگرییان لە شوناس و مانەوەمان كردووە و بەشێكن لە سەروەرییەكانی كوردستانەكەمان
ئەمڕۆ بەشانازییەكی زۆرەوە بەشداربووم لە رێوڕەسمی دابەشكردنی خەڵاتی زێڕینی بلە لە شاری سلێمانی.
لە رێوڕەسمەكەدا لەبری برای خۆشەویست و شۆڕشگێڕم مەزڵوم عەبدی خەڵاتی زێڕینی بلەم وەرگرت، كە ئەمساڵ یەكێك بوو لەو كەسایەتییانەی ئەم شانازییەی پێبەخشرا.
ئەم رێوڕەسمە، كە لە ساڵیادی ژیانئاوایی مامۆستای كوردایەتی و رۆشنفیكری گەلەكەمان مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد رێكدەخرێت، دەرفەتێكی گەورە و مێژووییە تا هەموو ئەو كەسایەتییانەی خزمەتی گەلی كوردیان لە بواری سیاسی، كەلتوری و فەرهەنگی كردووە، ئاوڕیان لێبدرێتەوە و بەشكۆوە خەڵاتی بلەیان پێشكەشبكرێت، ئەمە هێمای ئەوەیە كە ئێمە دۆستەكانمان و هەموو ئەوانە لەیادناكەین كە لە هەموو قۆناغەكاندا لەگەڵمان مانەوە و بەرگرییان لە شوناس و مانەوەمان كردووە و بەشێكن لە سەروەرییەكانی كوردستانەكەمان.
دەستخۆشی و پێزانینی بێپایان بۆ رێكخراوی ئیبراهیم ئەحمەد فاوندەیشن دەردەبڕم بۆ رێكخستنی ئەم رێوڕەسمە شایستەیە بە خەبات و مێژووی ژیانی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد، كە سەركەوتووانە ژمارەیەك كەسایەتییان دەستنیشانكرد تا خەڵاتی بلەیان پێببەخشرێت، كە هەریەكەیان رەمزێكی دیار و نموونەیەكی پڕشانازین بۆ گەلەكەمان.
ئەمڕۆ خەڵاتی زێڕینی بلە بەجیا بەخشرا بە شەڕڤان و هەڤاڵی شەهیدمان عەڤدۆ ئەحمەد عەبدی ‹شەڕڤان كۆبانێ› كە لەپێناوی سەربەرزیی گەلەكەمان ژیانی خۆی بەخشی، هەروەها كەسایەتیی ئایینی و مەرجەعی باڵای شیعەكان و دۆستی كورد سەید موحسین حەكیم، كە بە فەتوایەك خوێنڕشتنی كوردی حەرامكرد، ناو و یادەوەریی هەردووكیان بە رێزەوە بۆ هەمیشە بەزیندوویی دەهێڵینەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان