سلێمانی دەكرێتە پایتەختی وەرزشیی ژنان و لقی لیژنەی ئۆڵۆمپیش لە هەڵەبجە دەكرێتەوە

قوباد تاڵەبانی و د.عەقیل موفتن تەئكید لە بەپیشەییكردنی وەرزش دەكەنەوە

12:46 - 2025-04-27
کوردستان
55 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران پێشوازی لە د.عەقیل موفتن سەرۆكی لیژنەی ئۆڵۆمپی عیراق كرد و لە كۆبوونەوەیەكدا تاوتوێی چۆنیەتی پەرەپێدانی وەرزشیان لە كوردستان و عیراقدا، كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا، كە دوێنێ لە سلێمانی بەڕێوەچوو، جەختكرایەوە لەسەر پێویستیی كاری هاوبەش بۆ بەپیشەییكردنی وەرزش و هاندانی كەرتی تایبەت بۆ وەبەرهێنان لە كەرتی وەرزشدا. سەرۆكی لیژنەی ئۆڵۆمپی ئامادەیی بۆ هەموو جۆرە هاوكاری و هەماهەنگییەك بۆ پەرەپێدانی وەرزش لە هەرێمی كوردستان و پارێزگای سلێمانی و بەتایبەتیش لە پارێزگای هەڵەبجە دەربڕی، لەسەر داوای جێگری سەرۆك وەزیرانیش بڕیاردرا لەماوەیەكی نزیكدا لقی لیژنەی ئۆڵۆمپی عیراق لە پارێزگای هەڵەبجە بكرێتەوە.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە پێویستیی پەرەپێدانی وەرزشی ژنان كرا و لەو چوارچێوەیەشدا د.عەقیل، ئاشكرایكرد كە بڕیاریانداوە سلێمانی وەك پایتەختی وەرزشیی ژنان لە عیراق دەستنیشان بكەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان