پاپا بەیەک چاو سەیری هەموو ئاینەکانی دەکرد
200 هەزار کەس لە نێوانیاندا سەرۆکی وڵاتان و پیاوانی ئایینی و گەورە بەرپرسانی 150 وڵاتی جیهانی، میدیاکان ئەو رووداوە بە گرنگ وەسفدەکەن، لەوبارەیەوە رۆژنامەی لیانا سەنباوی سەنگافورەوە نووسیویەتی: «بەدیارکەوت کە هێزی پاپا چەندە مەزنە، ئەو هێزە ئایینییە لە کێشە سیاسییەکانیشدا رۆڵی چالاکی هەیە، ئەرکی رابەرانی ئیمان و ئیمانداران ئەوەیە ئیمان ئاگری شەڕ و ئاشوبەکان کپ بکەنەوە، پاپا فرانسیس ئەمەی کردە مەشخەڵی دیدار و سەفەرەکانی و کردییە ئەرکی خۆی و هەوڵی دەدا ئاشتەوایی لەنێوان ئایینەکاندا بەرەوپێشەوە ببات و جەنگی نێوان وڵاتان رابگرێت، بە یەکچاو سەیری هەموو نەتەوە و ئایین و مەزهەبەکانی دەکرد، بۆیە جیهانیش بە پەرۆشەوە ماڵئاواییان لێکرد».
کێ دەبێتە پاپای نوێی ڤاتیکان؟
ئێستا 135 کاردیناڵ کە تەمەنیان لەخوار 80 ساڵییەوەیە، دەبێت لەنیو خۆیاندا پاپای کڵێسای کاسۆلیکی هەڵبژێرن و وەک دەڵین باشترینیان کاردیناڵی ئیتاڵی «پیتۆ پارۆلین»ە کە ئێستا وەزیری دەرەوەی ڤاتیکانە.
میدیاکانی جیهانیش سەرنجی خۆیان بەم جۆرە دەخەنەڕوو. لەوبارەیەوە فاینانشاڵ تایمزی بەریتانی پێشبینی دەکات پاپای داهاتوو جارێکی دیکە لە باشووری جیهانەوە بێت و کەسێکی لیبراڵ نابێت، چونکە ئێستا لەنێوان لیبڕاڵەکان و کۆنەپەرستەکاندا ململانێی گەورە هەیە لەسەر جیگرەوەی پاپا.
کڵێساکانی کاسۆلیکی ئەمڕۆ زیاتر لە باشووری جیهاندا برەوی هەیە، کاردیناڵەکان کەوتوونەتە ژێر گوشارەوە تا پاپایەک لە وڵاتێکی غەیرە ئەوروپایی هەڵبژێرن بەجۆرێک پابەندبێت بە پرسی هەژاری و ژینگە، جگەلەوەش زۆرێک لە سەرکردەکانی کڵێسا، لە باشووری جیهانن.
پاپایەکی دوورلە دەمارگیریی
هەرچی رۆژنامەی دی ڤێڵتی ئەڵمانیشە پییوایە کە نە لیبرال نە کۆنەپەرستی ئایینی، کەڵکی پاپایەتیان نییە، باشترە کاردیناڵێکی میانڕەوو دیاری بکرێت کە بەیەک چاو سەیری هەموو مرۆڤایەتی بکات ناو کۆمەڵگە جیاجیاکاندا و پەیوەست نەبێت بە ئایدیۆلۆژیایەکی تایبەت یان سیاسی و ئایینی دیاریکراوەوە.
لەپشت رێککەوتنی ئەمریکا و روسیاوە چی دەگوزەرێت؟
دۆناڵد ترەمپ چەند جارێک ئەوەی دووپاتکردووەتەوە کە ئەمریکا و روسیا رێککەوتون لەسەر وەستاندنی جەنگی روسیا و ئۆکرانیا، لەوبارەیەشەوە رۆژنامەی لاڕیپبلیکای ئیتاڵی ئەوە بە سەوداسەری و زۆرەملێ دەبینێ و رایگەیاندووە: «لە پەنای رێککەوتنەکەوە ئەم بەندانە هەیە، یەکەم بەڕەسمی ناساندنی نیمچە دوورگەی کریمیا بۆ روسیا، دووەم دانپێدانانی دیفاکتۆ لەلایەن ئەمریکاوە بەو زەوییانەی ئۆکرانیا کە لەلایەن مۆسکۆوە داگیرکراون، سێیەم کۆنترۆڵی ئەمریکا بەسەر وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا، چوارەم رێککەوتنێک لەسەر دەستبەسەرداگرتنی کانە کانزاکانی ئۆکرانیا بۆ ئەمریکا، پێنجەم سووککردنی سزاکانی ئەمریکا لەسەر روسیا، تەنانەت هاوکارییکردنیشی لە کەرتی وزەدا.
کێ مافی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی هەیە؟
رۆژنامەی ترودی هەنگاری بە داتا ئەوە دەسەلمێنێت کە ئۆکرانییەکان گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە وڵاتەکەیان بە پشتیوانیی خۆرئاواش ناتوانن روسیا ببەزێنن، بۆیە بەهەر نرخێک بێت، دەیانەوێت جەنگەکە بوەستێت.
سازشکردنیان لەسەر خاک و نیشتمانەکەیان هەرچەندبێت، بەپێی دەستوور پێویستی بە راپرسیی گشتی هەیە، بەڵام ئەگەر حکومەت و زیلینسکی دەستبەرداری خاکەکەیان بن، ئەوا کیشەیان نابێت بەتایبەتیش لەدوای راگەیاندنەکەی سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی روسیا کە وتویەتی ئەگەر رووبەڕووی دەستدرێژیی وڵاتانی خۆرئاوا ببێتەوە، ئەوا مافی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیمان هەیە.
بەپێی میدیاکان ترەمپ پێش بەشداریکردنی لە پرسەی پاپا فرانسیسدا لە رۆما، گفتوگۆیەکی گرنگ و بەرهەمداری لەگەڵ زیلینسکی ئەنجامداوە، لەوبارەیەشەوە رۆژنامەی تایمزی بەریتانی روونیکردووەتەوە کە ترەمپ گوشاری خستووەتە سەر زیلینسکی تا دەستبەرداری نیمچە دوورگەی کریمیا ببێت بۆ روسیا و ئەمجارە لێکتێگەیشتن لەنیوانیادا روویداوە.
نێوەندی سیاسیی ئەڵمانی بەرەنگاری پارتی راستڕەو دەبێتەوە
هەرچەندە پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا AFDکە وەک نازییە نوێیەکان ناوزەند کراون، وەک دووەمین لیستی براوەی هەڵبژاردنی شوباتی رابردوو بوون، بەڵام پارتە سیاسییەکانی تر توانییان نەهێڵن بگەنە دەسەڵات و زوو هاوپەیمانێتییان دروستکرد. بەڵام لەناو پەرلەماندا وەک بەرهەڵستکار ماونەتەوە و پارتەکانی تر دەنگیان بۆ نادەن تا بەرپرسیارێتیی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ناوخۆ و لیژنە گرنگەکان وەربگرن.
لەوبارەیەوە رۆژنامەی تاگسشپیگڵی ئەڵمانی کە زانیاری لە دەزگا هەواڵگرییەکانەوە وەرگرتووە، نووسیویەتی کە ژمارەیەک بەرپرسی ئەو پارتە پەیوەندیی راستەوخۆیان بە روسیاوە هەیە و زیان بە ئاسایشی نیشتمانی و دۆخی ناوخۆی ئەڵمانیا دەگەیەنن، بۆیە ناکرێت سەرۆکایەتیی لیژنە هەستیارەکانی ناو پەرلەمانیان رادەست بکەین.
کشمیر،زەمینەی ئاگری جەنگی هیندستان و پاکستان خۆش دەکات
هیندستان و پاکستان هەر لەمێژە کێشەیان لەسەر ناوچەی کشمیر هەیە و لەماوەی 70 ساڵی رابردوودا، چەندین جار شەڕ و پێکدادان لەنێوانیاندا روویداوە، دواجار لە چەند رۆژی رابردوودا گروپێکی توندڕەوی پاکستانی لە زنجیرە شاخەکانی هیمالایای بەری هیندستان کارێکی تیرۆریستیان کردو 26 کەسی تێدا کوژرا و دەیان کەسیش برینداربوون.
لەکاردانەوەی ئەوەشدا هەردوولا جووڵەیان بە سوپای خۆیان کردووە و هەڕەشە لە یەکتریی دەکەن.
خوازیاری جەنگ نین
لەبارەی ئەو رووداوە نوێیەشەوە رۆژنامەی هیند ئێکسپرێس دەڵێت: «بەلەبەرچاوگرتنی سروشتی ئەم هێرشە، مافی خۆمانە هەموو رێوشوێنێکی پێویست بگرینەبەر بۆ دادگاییکردنی تاوانباران، هیندستان بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی سەرکەوتوو دەتوانێت تۆڵە بکاتەوە و دادپەروەریی پیادە بکات، بەڵام هیوا ناخوازین کە ئەمە رووبدات، گرنگە کە پاکستان خۆی رێوشوێنی یاسایی بگرێتەبەر تا جەنگ روونەدات.
پاکستان بەرگری لەخۆی دەکات
رۆژنامەی پاکستان تودەی لە کەراچییەوە بەرپەرچی دەداتەوە و دەنووسێت: «ئەگەر هیندستان بەردەوام بێت لەسەر قینە و دووبەرەکی، لەوەی ئێستا خراپتر روودەدات. پاکستان بەرگریی لە خاکی خۆی دەکات، بۆیە واباشترە هیندستان بە سیاسەتە چەواشەکارەکانی خۆیدا بچێتەوە و لێکۆڵینەوەی جدی بکات، چونکە ئەو رووداوە پەیوەندیی بە پاکستانەوە نییە و گروپێکی دەرەوەی دەسەڵاتی ئیسلام ئاباد و خەڵک ئەوەیان کردووە و پێویستە ژیریی و لۆژیک هەڵبژێرن.
هیندستان جەنگی ناوێت
رۆژنامەی نۆیەتسوریشەی سویسریش پێیوایە کە هیندستان لە بەرژەوەندییدا نییە جەنگ لەگەڵ پاکستانی دراوسێیدا هەلبگیرسێنێت، چونکە ئەو وڵاتە خەریکی بوژانەوە و گەشەکردنە و دەیەوێت لەسەر شانۆی جیهاندا قسەی خۆی هەبێت، ئەوەشی لەبیر نەکردووە کە ئوسامە بن لادن لەلایەن ئەمریکییەکانەوە لە نزیک شارۆچکەیەکی گارسۆنی پاکستان کوژراو ئەو وڵاتە ئاگاداری جموجۆڵەکانی بن لادن بوو.
هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە کاتی ئەوە هاتووە سوپای پاکستان دەستبەرداری پەیوەندییەکانی بێت لەگەڵ تیرۆردا.