بڕیارە یەكخستنەوەی پێشمەرگە لەچوارچێوەی 11 فیرقە و دوو هێزی پشتیوانیدا و لەژێر چەتری وەزارەتدا رێكبخرێتەوە و جگەلەوەش بەڵێندراوە هێزی پێشمەرگە ببێتە خاوەنی چەكی بەرگریی ئاسمانی.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا، دوێنێ لە هەولێر شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، زانیاریی وردی سەبارەت بە یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە خستەڕوو و رایگەیاند: تائێستا كاری پێكهێنانی شەش فیرقە لە كۆی 11 فیرقە و دوو هێزی پشتیوانی تەواوبووە، وتیشی: بڕیاروایە تا كۆتایی 2026 پرۆسەی یەكخستنەوە و چاكسازییەكانی هێزی پێشمەرگە تەواو بكرێت و ئەو 138 هەزار پێشمەرگەیەی هەرێم لە چوارچێوەی ئەو 11 فیرقە و دوو هێزە پشتیوانییە لەناو دوو فەرماندەیی ناوچەییدا دەبێت.
لەبارەی یەكەی بەرگریی ئاسمانیشەوە، وەزیری پێشمەرگە تەئكیدی كردەوە كە ئەمریكییەكان و هاوپەیمانان بەڵێنیان داوە دوای چاكسازییەكان چەكی دژە ئاسمانی بدەن بە پیشمەرگە. ئاماژەشی بەوە دا وەك وەزارەت هاوئاهەنگیی باشیان لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی هەرێم و سوپا و هێزە ئەمنیەكانی عیراق هەیە لەڕووی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش و ئاڵوگۆڕی زانیاری لە چوارچێوەی جەنگی دژبە داعشدا و ئاڵوگۆڕی زانیاری لەگەڵ هاوپەیمانانیشدا بەردەوامە.