جووتیارانی ناحیەی سەرگەڕان داوای جێبەجێكردنی یاسای گەڕانەوەی زەوییەكانیان دەكەن

10:32 - 2025-04-30
کوردستان
31 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی لە مانگی شوباتی ئەمساڵ یاسای گەڕانەوەی زەویی جووتیاران لە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەردرا، بە وتەی نوێنەری جووتیارانی سنووری ناحیەی سەرگەڕان، تا ئێستا یاساكە جێبەجێنەكراوە، ئاماژە بەوەشدەكات بەردەوامبوونی رەوشی زەوییە كشتوكاڵییەكان لە سنوورەكە، كێشە و گرفتی جووتیاران زیاتر دەكات.
محەمەد ئەمین نوێنەری جووتیاران لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان و گوندەكانی نزیك پەڵكانە لە سنووری كەركوك بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: تا ئێستا یاسای گەڕانەوەی زەویی جووتیارانی كورد جێبەجێنەكراوە، كە لە مانگی شوباتی ئەمساڵ لە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر درا، ئەمەش وایكردووە گرفتەكانی زەویی جووتیاران لە سنووری ناوچەدابڕێنراوەكان وەك خۆیان بێمننەوە.
وتیشی: بۆ جێبەجێكردنی ئەو یاسایە، پێویستە رێنمایی لە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ دەربكرێت، بۆ ئەمەش بڕیاری پێکهێنانی لێژنەیەکی تایبەت دراوە،  چاوەڕوانی ئامادەکردنی رێنماییەکان دەکەین.
راشیگەیاند: هەرچەندە دەركردنی ئەو یاسایە لە ئەنجومەنی نوێنەران، رۆڵی هەبووە لە خاوبوونەوەی گرفتەكان، بەڵام تاكو رێنمایی جێبەجێكردنی یاساكە دەرنەچێت، ناتوانین بڵێین زەویی جووتیارانی كورد گەڕاوەتەوە، كە ماوەی زیاتر لە حەوت ساڵە لەلایەن هەندێک لایەنەوە، گرژی و ئاڵۆزی بۆ خەڵكی سنوورەكە دروست دەكرێت.
محەمەد ئەمین، ئاماژەی بەوەشكرد: بەردەوامبوونی ئەو گرفتانە وایكردووە، لەكۆی زیاتر لە 30 هەزار دۆنم زەوی لە سنوورەکە، تەنیا 300 دۆنم چێندراوە، ئەمەش زیانێكی دیكەیە بەر جووتیارانی كورد دەكەوێت، بۆیە هەرچەندە زووتر یاساكە جێبەجێ بكرێت، زیانەكان كەمتر دەبێتەوە.

تەها عەبدوڵڵا

بابەتە پەیوەندیدارەکان