وەزیری داد هۆکارەکەی رووندەکاتەوە

سزای لەسێدارەدان لە عیراقدا راگیراوە

11:43 - 2025-05-06
عیراق
115 جار خوێندراوەتەوە

لەوەتەی یاسای لێبوردنی گشتی دەرچووە، سزای لەسێدارەدان لە عیراقدا راگیراوە تا ئەوکاتەی پێداچوونەوە بە دۆسێی سزادراواندا دەکرێت تا بزانن کێ لێبوردنی گشتی دەیگرێتەوە.
د.خالید شوانی وەزیری دادی عیراق بە ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشێیتد پرێسی راگەیاندووە: لە عیراقدا 31 گرتووخانە هەیە و نزیکەی 65 هەزار زیندانییان تێدایە، لەکاتێکدا گرتووخانەکان بۆ نیوەی ئەو ژمارەیە، دیزاینکراون.
هەروەها ئەوەی روونکردۆتەوە، کاتێك بۆتە وەزیری داد، رێژەی قەرەباڵغی ناو گرتووخانەکان 300 % بووە، دوای دوو ساڵ لە چاکسازی، ئەو رێژەیە دابەزیوە بۆ 200 %، ئامانجیانە تا ساڵی داهاتوو قەرەباڵغی بگەیەنن بە 100 % تا لەگەڵ ستانداردی نێودەوڵەتیدا بگونجێت.
بەوتەی وەزیری داد، لەوەتەی یاسای لێبوردنی گشتی کەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، دوو هەزار و 118 زیندانی بەر لێبوردن کەوتوون، ژمارەیەکی دیکەش لەناو گرتووخانەکانی دەزگا ئەمنییەکان ئازادکراون بەرلەوەی رەوانەی وەزارەتی داد بکرێن.
لەدوای جێبەجێکردنی ئەو یاسای لێبوردنەوە، پڕۆسەی لەسێدارەدان راگیراوە و وەزیری دادیش ئاماژەی بەوەکردووە، ژمارەی لەسێدارەدان بەو شێوەیە نییە، کە لە راگەیاندندا باس دەکرێت، بەڵکو تەنها بۆ چەند حاڵەتێكی تاوان جێبەجێ دەکرێت کە بریتیین لە؛ تاوانە مەترسیدارە گەورەکانی سەر ئاسایشی نیشتمانی و سەلامەتیی گشتی، دەستدرێژی سێکسی سەر منداڵ، سەرکردە دیارەکانی داعش.
کوردستانی نوێ 

بابەتە پەیوەندیدارەکان