پارتی كرێكارانی كوردستان (PKK) لە هەنگاوێكی مێژووییدا رایگەیاند: خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و كۆتایی بە خەباتی چەكداری دژی دەوڵەتی توركیا دەهێنێت. ئەم بڕیارە، كە دوای بانگەوازێكی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پارتەكە لە مانگی شوباتی رابردوودا هات، كۆتایی بە ململانێیەكی خوێناوی زیاتر لە 40 ساڵە دەهێنێت، كە بووەهۆی كوژرانی دەیان هەزار كەس.
دوای بڕیارەكە، كاردانەوەكان جیاوازبوون؛ حكومەتی توركیا بە وریاییەوە پێشوازی لە بڕیارەكە كردووە و بە «وەرچەرخانێكی گرنگ»ی زانیوە بە مەرجی جێبەجێكردنی تەواوەتی، لەكاتێكدا پارتە كوردییەكان بە هەنگاوێكی ئەرێنی و دەرفەتێك بۆ ئاشتی و سەقامگیرییان لە قەڵەم داوە.
بڕیاری مێژوویی پارتی كرێكارانی كوردستان بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆی و كۆتاییهێنان بە زیاتر لە 40 ساڵ خەباتی چەكداری، چەندین هۆكاری قووڵتری هەیە كە وایانكردووە جوڵانەوەیەكی ریشەدار و خاوەن ئەزموونی شەڕی پارتیزانی، چەك دابنێت.
یەكێك لە هۆكارەكان، گۆشەگیریی جیۆسیاسی و لەدەستدانی پشتیوانیی نێودەوڵەتی و هەرێمییە، هاوكات كاڵبوونەوەی هیوای گەیشتنە بە دەوڵەت یان ئۆتۆنۆمی لە رێگەی چەكەوە دوای دەیان ساڵ قوربانیدان بێ ئەنجامێكی بەرچاو. جگەلەوە گۆڕانی بیری خودی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی رێبەری مێژوویی، لە داوای جیابوونەوە بۆ بیرۆكەی «كۆنفیدراڵیزمی دیموكراتی»، كە جەخت لەسەر خۆبەڕێوەبەری لە چوارچێوەی دەوڵەتەكاندا دەكاتەوە.
هۆكارەكانی دیكە بریتین لە: تێچووی زۆری مرۆیی و ماندوێتی كۆمەڵگەی كورد بە دەست جەنگەوە، هەروەها ستراتیژییەتی نوێ بۆ گواستنەوەی تەواوەتی بۆ كاری سیاسیی ئاشتیانە و فشاری خودی بنكەی جەماوەریی كورد بۆ وەستاندنی توندوتیژیی.
سەبارەت بە رۆڵی ئۆجەلان، ئەو هەرچەندە لە زیندانی تاكەكەسیدایە، بەڵام وەك «دامەزرێنەری رۆحی» و خاوەنی شەرعیەتی رەمزیی باڵا دەمێنێتەوە. هەرچەندە بڕیارەكە لە بنەڕەتدا لەلایەن سەركردایەتیی ئێستای قەندیلەوە دراوە، بەڵام «ئیمزاكردن»ی بە ناوی ئۆجەلانەوە پێویست بووە بۆ یەكڕیزیی ناوخۆیی و رەوایەتیدان بەم هەنگاوە گەورەیە، چونكە ئێستا ئۆجەلان وەك «مەرجەعی باڵا» كاریگەریی هەیە، نەك وەك «فەرماندەی جێبەجێكار».
لەكۆتاییدا، بڕیارەكە تەنها كۆتایی ململانێی چەكداریی نییە، بەڵكو كاریگەریی قووڵی لەسەر داهاتووی كورد لە سوریا و تەنانەت عیراقیش دەبێت.
سەرچاوە: گاردیان ، بی بی سی ، ئەلجەزیرە