حزبه‌ كوردستانییه‌كانی كه‌ركوك، هەنگاو بۆ لیستێکی هاوبەشی هه‌ڵبژاردن دەنێن

10:59 - 2025-05-14
عیراق
99 جار خوێندراوەتەوە
# كۆبوونه‌وه‌ی حزبه‌ كوردستانییه‌كانی كه‌ركوك بۆ یه‌كهه‌ڵوێستیی كورد له‌ هه‌ڵبژاردنی دا

حزب و لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كانی كه‌ركوك، كۆبوونه‌وه‌ و یه‌كهه‌ڵویستیی كوردیان بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كه‌ بڕیاره‌ مانگی 11ی ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌بچێت، تاوتوێكرد.
له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌وه‌، ئیبراهیم خه‌لیل ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان، به‌ كوردستانی نوێ-ی راگه‌یاند: كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق، مۆڵه‌تی تۆماركردنی هاوپه‌یمانێتی درێژكرده‌وه‌، بۆیه‌ وه‌ك حزبه‌ كوردستانییه‌كان بڕیارماندا له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی داهاتوودا چی له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی كورد و كه‌ركوك بێت، ئه‌نجامی بده‌ین.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، په‌یوه‌ست به‌ یه‌كهه‌ڵوێستیی كورد بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، د.كاوه‌ مه‌حمود سكرتێری حزبی شیوعیی كوردستان به‌ كوردستانی نوێ-ی راگه‌یاند: له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستادا، چاوه‌ڕێ ده‌كرێت گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره‌ نه‌ك له‌ ناوچه‌كه‌، به‌ڵكو له‌ جیهانیشدا رووبدات، یه‌ك لیستیی كورد له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندا كارێكی پێویسته‌، وتیشی: پرسی یه‌ك لیستی و یه‌كهه‌ڵوێستی بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، داواكاریی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستانه‌.
هه‌روه‌ها سه‌ردار عه‌بدوڵڵا سیاسه‌تمه‌دار و نووسه‌ر به‌ پێویستی ده‌زانێت «كورد له‌ به‌غدا یه‌كهه‌ڵوێست بێت».

بابەتە پەیوەندیدارەکان