پێشهاتەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و هاتنەئارای گۆڕانکارییەکان، بۆ کورد و گەلانی ناوچەکە جێی هەڵوەستەلەسەرکردنن، رووداوەکانیش خێران و ئەوەی دەیەوێت بوونی هەبێت، دەبێت زوو بە زوو بکەوێتە خۆی.
هەرێمی کوردستان و عیراق لە سەروبەندی ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندان، هەڵبژاردنێك، کە هەم لەم ساتە هەستیارەدایە و هەم لە قۆناغێکدایە رەنگە بەرەو وەرچەرخانێکی نوێ بڕۆین.
چاوەڕێ دەكرێت گۆڕانكارییەكی گەورە لە جیهاندا رووبدات
د.كاوە مەحمود سكرتێری حزبی شیوعیی كوردستان لەم راپۆرتەی کوردستانی نوێ-دا بۆچوونی خۆی لەبارەی دۆخی ئێستا خستەڕوو، وتی: لەم هەلومەرجەی ئێستادا، چاوەڕێ دەكرێت گۆڕانكارییەكی گەورە نەك لە ناوچەكە، بەڵكو لە جیهانیشدا رووبدات، یەك لیستی كورد لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا كارێكی پێویستە، رێگەیەكە تا لایەنە كوردستانییەكان بتوانن کاربکەن بۆئەوەی داواكارییەكانی خەڵكی كوردستان جێبەجێ بکرێن كە لە دەستووری عیراقدا هاتوون و تائێستا جێبەجێ نەكراون.
وتیشی: بابەتی یەك لیستی و یەكهەڵوێستی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، داواكاری هەموو خەڵكی كوردستانە، پێویستە لایەنە سیاسییەكان دوور لە بەرژەوەندیی تەسكی حزبایەتی، بتوانن ئەو یەك لیستییە دروستبكەن.
گرنگیی یەك لیستی
سکرتێری حزبی شیوعیی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، یەك لیستی مانای ئەوە نییە ناكۆكی نێوان بۆچوونەكان نامێنێت، بەڵكو هاووڵاتیانی كوردستان ئەوكاتە دەنگدەدەن بە كاندیدی ئەو لایەنەی، لە یەك لیستییەكەدا بەشدارە.
دەشڵێت: لە یەك لیستیدا، فرەیی لایەنە سیاسییەكان و فرەیی حزبی وەلا نانرێت، بەپێچەوانەوە دەبێتەهۆی كۆكردنەوەی ئەو فرەییە لەپێناو ئامانجێكی هاوبەشدا.
فرە لیستی سوودی هەیە،
یان زیان؟
هاوپەیوەند بەم بابەتە، هیوا سەید سەلیم ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لەلێدوانێکدا بۆ كوردستانی نوێ وتی: داواكاری زۆر لە لایەنە سیاسییەكان هەیە بۆئەوەی بە یەك لیست بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا بكەن، چونکە ئەزموونی رابردوو و فرەلیستی لە بەغدا ئەوەی دەرخست، كە نەیارانی دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان هەوڵی زۆریانداوە دژ بە مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان بوەستنەوە، ئەمەش لەئاستی عیراق و ناوخۆدا ئەم فرە لیستییە وایكرد نەتوانرێت بە یەكگوتاری كوردستانی و بە یەك ستراتیژ داكۆكی لە مافە دەستوورییەكانی خەڵكی هەرێم بكرێت، بە تایبەتی ئەو بەند و مافانەی تائێستا بەغدا ئامادەنییە كاریان لەسەربكات، ئەگەرچی لە دەستووردا جێگیركراون.
خولەکانی یەکەم و دووەمی ئەنجومەنی نوێنەران
وتیشی: تائێستا بە چاوی هەرێمێكی نادەستووری مامەڵە لەگەڵ هەرێمدا دەكرێت، بە تایبەت لە پرسەكانی (بودجە و مووچە، پێگەی پێشمەرگە لە سیستمی بەرگریی عیراق، جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور) ئەو كارانەی لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەرامبەر بە كورد دەكرێن، سیاسەتێكی نوێی تەعریبە بەتایبەتی لە ناوچەكانی سەرگەڕان و دەوروبەری دژ بە مافی جووتیاران لەلایەن خەڵكانێكی دەستڕۆیشتوو و پشتبەست بە سوپای عیراقەوە جێبەجێ دەکرێت.
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، هەموو ئەوانە وادەخوازێت كورد لە بەغدا وەك چۆن لە خولەكانی یەكەم و دووەمی ئەنجومەنی نوێنەران، فراكسیۆنی هاوپەیمانیی كوردستان هەبوو، كە كورد بە یەك لیست بەشداری هەڵبژاردنەكانی دەكرد، لەئێستاشدا پێویستە ئەو ئەزموونە دووبارە بكرێتەوە.
ئەو چالاکوانە سیاسییە پێیوایە ئەو ئەزموونەی لە دوو خولی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەراندا بەرامبەر هەرێم هەبووە لە دژایەتیی مافەكانی، وادەخوازێت كورد لەم خولەی هەڵبژاردندا بە یەك لیستی بەشداریی هەڵبژاردن بكات.
کەمکردنەوە و هێورکردنەوەی ناکۆکییە ناوخۆییەکان
هیوا سەید سەلیم وتیشی: بۆ كەمكردنەوە و هێوركردنەوەی ناكۆكییە ناوخۆییەكان لە هەرێم، پێویستە لە ئاستی عیراق یەكگرتوو و یەكهەڵوێست بین، چونكە دەزانین ئێستا و دوای شەش مانگ، هێشتا پەرلەمانی كوردستان نەیتوانیوە سەرۆكایەتییەكان هەڵبژێرێت و متمانە بە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان بدات، بۆیە ئەمەش دەرخەری ئەوەیە ناكۆكییەكان لە ئاستی ناوخۆدا زەقن، بەڵام ئەگەر هێزە كوردستانییەكان لە دەرەوە رێكبكەون و یەكهەڵوێست بن، ئەوا بە باشە دەشكێتەوە بۆ ناوخۆی هەرێمیش.
ئەگەر کورد یەکهەڵوێست نەبێت، چی دەبێت؟
لەنێو بەشدارانی ئەم راپۆرتەدا، سەردار عەبدوڵڵا سیاسەتمەدار و نووسەر بۆ کوردستانی نوێ بۆچوونی خۆی دەربڕی و وتی: پێویستە كورد لە بەغدا یەكهەڵوێست بێت، چونكە ئەگەر یەكهەڵوێست نەبێت، ئەوا پێگەی هەرێمی كوردستان لە دانوستانەكان و ململانێ سیاسییەكان لە بەغدا و لە ناوچەكە و لەگەڵ وڵاتانی دیکەش، لاواز دەبێت.
وتیشی: كورد هەر كاتێك یەكڕیز و یەكهەڵوێست بووبێت لە بەغدا، دەستكەوتی گەورەمان بەدەستهێناوە و هیچ لایەنێك نەیتوانیوە شتێكمان بەسەردا بسەپێنێت، هەر كاتێكیش پەرتەوازە و دژ بەیەك بووبین، زیانی گەورەمان كردووە و نەمانتوانیوە لە ململانێكاندا بەشداربین، چونكە لاوازبوین.
راشیگەیاند: بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی نوێنەران، پێویستە هەموو لایەنە كوردستانییەكان پێكەوە یەك هاوپەیمانی و یەك لیستی هەڵبژاردن پێشكەش بكەن.
دەبێت کورد یەکگوتار و یەکهەڵوێست بێت
سەردار عەبدوڵڵا بە پێداگرییەوە جەختیکردەوە، دەبێت كورد یەكڕیز و یەكهەڵوێست و یەك لیست بێت، پێكەوە بێت و هەوڵبدات لە ململانێكان باش تێبگات، پێكەوە بە یەكگوتار و یەك وەفد و بە یەك ئیرادە موخاتەبەی عیراق و وڵاتانی ناوچەكە و هەموو جیهانیش بكات، چونکە بەوە دەتوانێت دەستكەوتی زۆر گەورە بەدەستبهێنێت، ئەگەر وا نەبێت، دەبین بە قوربانی و ئەو دەستكەوتانەی تائێستا بەدەستمانهێناون، لە دەستیان دەدەین.
وتیشی: لە ساڵانی رابردوودا ئەو كێشە و ململانێیانەی بەرامبەر بە یەكتر لەنێوان فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەراندا هەبوو، وایكردووە پێگەی كورد پاشەكشەی گەورەبكات، بۆیە پێویستە ئێستا رێكکەوتن بكەن بۆئەوەی ئەو كێشانە دووبارە نەبنەوە.
كوردستانی نوێ – هیوا كازم