شەڕی نێوان ترەمپ و هارڤارد گەرمتر دەبێت

07:33 - 2025-05-18
جیهان
40 جار خوێندراوەتەوە

ململانێی توندی نێوان ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ و زانکۆی هارڤارد، کە یەکێکە لە دێرینترین و گرنگترین زانکۆکانی ئەمریکا، گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار. ئەمەش پاش ئەوەی کە ترەمپ زانکۆکە وەک لانکەی هزریی رەوتە چەپ و لیبراڵەکان دەبینێت و داوایکردووە گۆڕانکاریی ریشەیی لە بەڕێوەبردنیدا بکرێت و ئەگەر زانکۆکەش ملکەچ نەبێت، هەڕەشەی بڕینی بودجە فیدراڵییەکەی دەکات کە نزیکەی نۆ ملیار دۆلارە.

فشارەکان لەسەر زانکۆکە تەنها دارایی نین؛ لە مانگی نیسانی 2025، ئیدارەی ترەمپ نامەیەکی پێنج لاپەڕەیی ئاراستەی هارڤارد کرد و داوای چاکسازیی ریشەیی دەکرد. داواکارییەکان بریتی بوون لە سنووردارکردنی دەسەڵاتی خوێندکاران و مامۆستایان لە بڕیارە کارگێڕییەکاندا. هاوکات داواکراوە کە دامەزراندن تەنها لەسەر بنەمای "لێهاتوویی زانستی" بێت، بە پشتگوێخستنی بنەماکانی فرەچەشنی و جێندەری. 
جگە لەوەش، بەشێک لە داواکارییەکان پەیوەستن بە پرسی ئاسایشەوە، لەوانەش پێدانی زانیاریی وەرگرتنی خوێندکاران بە حکومەتی فیدراڵی، ئاگادارکردنەوەی وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی لە هەر "سەرپێچییەک"ی خوێندکارە نێودەوڵەتییەکان. 
هەروەها داوای پێداچوونەوە بە پرۆگرامەکانی وەک توێژینەوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێکهێنانی دەستەیەکی دەرەکی کراوە بۆ چاودێریی فرەیی بیروڕا لە زانکۆکەدا.

تا ئێستا، حکومەت نزیکەی 2.7 ملیار دۆلاری لە پشتگیرییەکان بڕیوە و نزیکەی یەک ملیار دۆلاری دیکەی هاوبەشییە توێژینەوەییەکانی هارڤارد لە مەترسیدایە. 
وەزارەتی دادیش لێکۆڵینەوەی لە زانکۆکە دەستپێکردووە. سەرەڕای رەتکردنەوەی سەرەتایی هارڤارد، ئالان گاربەر، سەرۆکی زانکۆکە، ئامادەیی بۆ گفتوگۆ نیشانداوە. ئەمەش لەکاتێکدایە کە فشارەکان بوونەتە هۆی هەندێک گۆڕانکاری لە زانکۆکە، وەک دوورخستنەوەی دوو بەرپرسی سەنتەری توێژینەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گۆڕانکاری لە مامەڵەکردن لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانەوە.

پڕۆفیسۆر مارشاڵ گانز لە زانکۆی هارڤارد دۆخەکە بە "خاڵێکی وەرچەرخان" ناودەبات و هۆشداری دەدات کە سیاسەتەکانی ترەمپ "کارەساتبارن" و ئەمریکا وەک ئەوە وایە خۆی بکوژێت"، بەڵام ترەمپ گوێ بەو قسانە نادات و دەیەوێت سنوورێک بۆ کاریگەرییەکانی زانکۆکە دابنێت.

سەرچاوە: رۆژنامەی نیویۆرک تایمز

بابەتە پەیوەندیدارەکان