ئامادەكردنی: ئاوات كۆكەیی و فەلاح ئەحمەد رەشید
رۆژی 13/5/1987، لەناو شاری هەڵەبجە و خورماڵ و سەیدسادق و سیروان، لە یەك كاتدا خۆپیشاندانێكی جەماوەری دەستیپێكرد و زۆرینەی خەڵكی ئەو ناوچانە بەشدارییان تێداكرد، هێزەكانی حكومەتی ئەوسای عیراقیش بە چەكی قورس و سوك رووبەڕووی خۆپیشاندەران بۆوە و ژمارەیەكی زۆر خەڵكی شەهید و برینداركرد، دواتریش بریندارەكانی لە نەخۆشخانە دەستگیركردو زیندەبەچاڵی كردن.
بەپێی گێڕانەوەی شاهیدحاڵەكان، ئەو خۆپیشاندانانە بەسەرپەرشتیی رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بە هاوكاریی رێكخستنەكانی حزبی شیوعی و رەوتی ئاڵای شۆڕش بووە، ئامانجیش رەتكردنەوە و بەگژداچوونەوەی كردەی راگواستنی گوندەكانی ئەو سنوورە بووە كە لەو كاتەدا رژێمی بەعس دەستی بە پیادەكردنی كردبوو.
بریندارەكانیان زیندەبەچاڵ كرد
جوتیار مستەفا عەبدولكەریم، لێپرسراوی بەشی كۆگاكانی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی هەڵەبجەی شەهید، كە شاهێدحاڵێكی خۆپیشاندانەكەی هەڵەبجەیە، وتی: دوای نوێژی عیشای شەوی 12\13/5/1987، رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە هاوكاریی رێكخستنەكانی حزبی شیوعی و ئاڵای شۆڕش، لە بڵندگۆی مزگەوتی گەورەی هەڵەبجەوە كە بە مزگەوتی جامیعە ناسراوە، (ماڵی ئێمە هەمووی 300 مەتر لە مزگەوتەكەوە دوور بوو)، بانگەوازێكیان كرد و خەڵكیان ئاگاداركردەوە بەیانی خۆپیشاندان دەستپێدەكات لە دژی راگواستنی گوندەكان.
ئەوەبوو لە دەمەوبەیاندا و لە ناوەندیی شارەزوور لە گەڕەكی كانی ئاشقانەوە خۆپیشاندان دەستیپێكرد، ئەو ناوەندییە هەمیشە داینەمۆی سەرجەم خۆپیشاندانەكانی ناوچەكە بووە، بەگشتی كانی عاشقان لەدوای عەسرەوە حكومەتی تێدا نەدەما و هێزەكانی یەكێتی بەئاشكرا دەهاتنە ناوەوە، خەڵكەكە لەو ناوەندییەوە بەرەو ناوبازاڕ رۆیشتن، من ئەوكاتە تەمەنم 13 بۆ 14 ساڵ دەبوو، لەگەڵ خەڵكدا رۆیشتم تا گەیشتینە سەراكۆن، لەوێ تەقە دەستیپێكرد، هێزەكانی حكومەت بە هەڕەمەكی تەقەیان دەكرد، هەر لەوێدا كوڕێك شەهیدكرا بە ناوی مەریوان حەمەڕەشید، یەكەم شەهیدی خۆپیشاندانەكە بوو، تەرمەكەیان بردە ناو مزگەوتی جامیعە، واتا ئەو شوێنەی جاڕی خۆپیشاندانی لێدرا.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، جوتیار مستەفای شاهێدحاڵ جەختی لەوە كردەوە خۆپیشاندانەكە بەرنامە بۆ داڕێژراو بووە، واتا شتێكی خۆڕسك و هەڕەمەكی نەبووە، رێكخستنەكانی یەكێتی بەهاوكاریی حزبی شیوعی و ئاڵای شۆڕش بانگەوازیان بۆ كردووە و لە یەك كاتیشدا لە هەڵەبجە و سیروان و سەیدسادق و خورماڵ خۆپیشاندان دەستیپێكردووە،
بەڵام رەنگە وەك تاك، ئەندامانی لایەنی تریش بەشدارییان تێدا كردبێت.
وتیشی: دوانیوەڕۆی ئەو رۆژەوە، هێلیكۆپتەر هەڵسا و گەڕەكی كانی ئاشقانی بۆردومان كرد، خەڵكێكی زۆری شەهید و برینداركرد، رۆژی دواتریش رژێم دەستیكرد بە گرتنی خەڵك و زیاتر لە 300 گەنجی ئەو گەڕەكەیان گرت، رۆژی سێیەمیش تەواوی گەڕەكەكەیان تەخت كرد و بە tnt تەقاندیانەوە.
لە كۆتایی قسەكانیدا، وتی: حكومەتی بەعس هەر بەوەوە نەوەستا، بەڵكوو بریندارەكانی هەڵەبجەی لە نەخۆشخانە دەرهێنا و لە پشتی گوندی (بامۆك)ەوە كە ئێستا گەڕەكێكە لە هەڵەبجەی شەهید، زیندەبەچاڵی كردن، بەگشتیش لە هەڵەبجە 27 شەهید و لە خورماڵ 26 و لە سەیدسادق شەش شەهید هەبوو.
رێكخستنەكان فریاكەوتن
هەر لەوبارەیەوە، قایمقامی هەڵەبجە، سمكۆ سالار موشیر كە بەشداربوو و بریندارێكی خۆپیشاندانەكەیە، دووپاتی كردووە كە رژێمی بەعس دەستیكردبوو بە راگواستن و چۆڵكردنی گوندەكانی دەوروبەر، خەڵكیش كەوتبوونەخۆ بۆ پوچەڵكردنەوەی ئەو پیلانە، رژێمیش هێزێكی زۆری كۆكردبۆوە و لەسەربانی دەزگاكانی دەوڵەت، دۆشكە و بیكەیسییان دانابوو.
وتیشی: شەوی 12\13/5/1987 لە مزگەوتی جامیعەوە جاڕدرا بەیانی دوكان و بازاڕ نەكرێتەوە و خۆپیشاندان دەستپێدەكات، دیارە ئەوەش لە لایەن رێكخستنەكانی ناوشارەوە بوو، ئەوانەی من دەمناسین رێكخستنەكانی یەكێتی بوون، دواتریش لە زاری شاهێدحاڵەكانەوە زانرا رێكخستنەكانی حزبی شیوعیش رۆڵیان هەبووە.
ئەوكاتە مێردمنداڵێكی 12 ساڵان بووم، ماڵمان لەگەڕەكی كانی ئاشقان بوو، كەسوكاریشم پێشمەرگەبوو، دەمبینی شەوان دەهاتن و لەگەڵ كەسانی سەر بەڕێكخستن كۆبوونەوە دەكرا، لەراستیدا سەرەتا من وامدەزانی هەر میوانن و سەردانی ئاساییە، بەڵام دواتر هەندێك راستیم بۆ دەركەوت.
لە درێژەی گێڕانەوەكانیدا وتی: رۆژی 13/5 خۆپیشان دەستیپێكرد و لەگەڵ برایەكمدا چووینە ناویانەوە، زۆر حەزمان بەو هوتافانە دەكرد كە رێكخستنەكان دەیانوتەوە، چونكە پێشمەرگەمان هەبوو و پێشتریش مامێكم شەهیدكرابوو، حزبی بەعسمان وەك دوژمنێكی دڕەندە دەبینی، بۆیە حەزمان دەكرد ئەگەر بەهاوارێكیش بێت بەشداریی بكەین.
كە خۆپیشاندانیش بەتەواوی دەستپێكرد و گەیشتە لای سەرا و مەركەزەكەوە، رژێم كەوتە تەقەكردن لە خەڵك، كوڕێك شەهیدبوو بەناوی مەریوان، زۆركەسیش برینداربوون، هێزەكانی رژێم شاڵاویان بردە سەر خەڵك و ئەوەی دەكەوتە بەردەستیان زۆریان ئەزێت دەدا، منیش كەوتمە بەردەستیان، زۆریان لێدام و سەر و لوتم شكا، هەموو جەستەم خەڵتانی خوێن كرا و كەوتم، فریامكەوتن و بردیانم بۆ چایخانەكەی كاك نەورۆز و دواتر بردیانم بۆ ماڵێك لەگەڕەكی جولەكان، چەند بریندارێكی تریشی لێبوو و تەداوی سەرەتاییم بۆكرا.
ئەو بەشدارەی خۆپیشاندانەكە باسی دەنگۆی دەستگیركردنی بریندارەكان دەكات و دەڵێت: تووشی خوێنبەربوون ببووم، ویستیان بمبەن بۆ نەخۆشخانەی عەنەب، خەڵك نەیانهێشت و وتیان حكومەت بە نەخۆشخانەكاندا دەگەڕێت بۆ دەستگیركردنی بریندارەكان، دواتریش دەركەوت راستە، حكومەت هەموو بریندارەكانی لە خەستەخانە دەرهێنابوو و زیندەبەچاڵی كردبوون، بەڵام باشبوو رێكخستنەكان فریای هەندێكیان كەوتبوون و نەیانهێشتبوو بیانبەنە نەخۆشخانە.
وێنەی بەشێك لەو هاووڵاتیانەی كە رژێم لە دووڕیانی زەڵم- خورماڵ دەستگیری كردبوون و لە سەیدسادق زیندەبەچاڵی كردن