ئەمڕۆ هەڤاڵ (رفعەت عەبدوڵا) جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مەکتەبی رێکخستنی (ی.ن.ک) بەسەرکردەوە و لەلایەن هەڤاڵ (سەرکەوت زەکی) ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەب و هەڤاڵانی مەکتەبەوە بەگەرمی پێشوازی کرا.
هەڤاڵ جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، لە سەردانەکەیدا سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی فراوانی کادرانی مەکتەبی رێکخستنی کرد و لە نزیکەوە چوارچێوەی گۆڕانکارییە ئۆرگانییەکان و پێویستیە هەنووکەیەکانی رێکخستنەوەی ژیانی حزبی بۆ هەڤاڵان بەگشتی روونکردوە و وتی: "مەکتەبی رێکخستن، لەگەڵ چەند ئۆرگانێکی تردا لە چوارچێوەی مەکتەبی (کاروباری رێکخراوەیی) چالاکانە رێکدەخرێتەوە".
هەڤاڵ رفعەت عەبدوڵا، ئاماژەی بۆئەوە کرد لە رێکخستەوەی ئۆرگانەکاندا قورسایی و رۆڵی کادر زیاتر دەردەکەوێت، لەوبارەیەوە وتی: "پێویستە کادران وزە و توانای خۆیان ئەپدەیت بکەنەوە و بیانخەنەگەڕ بۆ ئەرکەکانی داهاتووی یەکێتی".
هەڤاڵ جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، لەمیانی قسەکانیدا هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی عیراقی بەچارەنووسسازو گرنگ بۆ یەکێتی و هەرێم و عیراق وەسفکرد و جەختیکردەوە کە یەکێتی دەبێت نەک پارێزگاری لە دەنگ و سەنگی خۆی بکات، بەڵکو رێژەی دەنگی لە ریزبەندی هەڵبژارندا بەرزبکاتەوە، لەوبارەیەوە وتی: "بۆ ئەوەی پێگەی کورد لە بەغدا بەهێزبێت، دەبێت دەنگ و سەنگی یەکێتی بەهێزبێت".
هەڤاڵ رفعەت عەبدوڵا، زیاتر باسی گرنگی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی کرد و وتی: "یەکێتی ئەم هەڵبژاردنە وەک دەرفەتێکی گرنگ و مێژوویی دەبینێت بۆ چارەسەری گرفتەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێم".
گفتوگۆی راشکاوانە و بۆچوونی هەڤاڵان لەسەر کۆی تەوەرەکانی دۆخی سیاسی و ژیانی حزبی بەشێکی گرنگی کۆبونەوەکەبوو.
نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی (ی.ن.ک)