حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا کۆی کایەی رۆشنبیری و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵی کوردەواری و گەشەسەندنی بیری نەتەوەیی، قەرزاری ئەشعاری نەمری قانعی شاعیرن.
ئەم وتەیەی وەزیری رۆشنبیری و لاوان لە میانی ئەو وتارەدا هاتبوو، کە ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە لە رێوڕەسمی پەردەلادان لەسەر پەیکەری شاعیری ناوداری کورد، قانعی شاعیر لە شاری سلێمانی، پایتەختی رۆشنبیری کوردستان پێشکەشیکرد.
رێوڕەسمەکە لە بەردەم باخی گشتیی شاری سلێمانی بەڕێوەچوو. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی و ئەندامانی بنەماڵەی قانعی شاعیر و ژمارەیەکی بەرچاو لە رۆشنبیر، نووسەر و ئەدەبدۆستان ئامادەبوون. پەیکەری قانعی شاعیر، لەسەر بودجەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان لە لایەن هونەرمەند "چێنەر نزار" درووست کراوە.
حەمەی حەمەسەعید، لە رێوڕەسمەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا وتی: لە ریزی ژمارەی شاعیرانی کورددا، قانع، تەنیا ناوێک یان ژمارەیەک نییە، بەڵکو زۆر لەوە زیاترە، ئەو بەرلەوەی نوێنەرایەتیی دەستەبژێرێکی ئەدیب و شاعیر و رۆشنبیری کۆمەڵی کوردەواری بکات، نوێنەرایەتیی ویژدانی زیندووی کۆمەڵگەکەمان و هیواو ئاواتی رۆشنبیرانی نیشتمان دەکات و رەچەشکێنێکی سەرمەشق و کەسایەتییەکی بەرجەستەی نیشتمانیی بوو.
لە بارەی ناوەڕۆکی بەرهەمە شیعرییەکانی قانعی شاعیرەوە، وەزیری رۆشنبیری و لاوان ئاماژەی بە نەمری بەرهەمەکانی قانع کرد و وتی: بەرهەمە جوانەکانی (سروەی بەربەیان – دەشتی گەرمیان – گوڵاڵەی مەریوان – چوارباخی پێنجوێن – باخچەی کوردستان – شاخی هەورامان – پاشمەرگەی قانع)، هەموویان یەک لە یەک مانادارتر و پڕ بایەخترن. وێڕای تێپەڕینی زیاتر لە حەفتا ساڵ بەسەر چاپکردنیاندا هێشتا تازەن و هەندێکجار هەست دەکرێت بۆ ئەمڕۆ نووسراون.
سەبارەت بە کەسێتی قانعی شاعیر و پێگەی لە کایەی رۆشنبیری کوردیدا، حەمەی حەمەسەعید، باسی لە ژیانی قانع کرد و وتی: ئەو ئەگەرچی بە سادەیی و بە ژیانێکی کولەمەرگی ژیا، بەڵام هیچ کاتێک لەپێناو دەستکەوتی مادیدا نەبووە شاعیری دەربار، ئەو وەک رەسوڵی هەمزەتۆڤ لە کتێبی "داغستانی من"دا دەڵێ: ((شاعیر نابێ ببێتە سێبەری رۆژگار، پێویستە ئاگر و کانگای رووناکی بێت))، بە راستی رووناکی بوو، هەرگیز خۆی نەدایە بەر سێبەری رۆژگار.