شەهید مەلا ئاوارەی گەرمیان

10:25 - 2025-06-02
کوردستان
28 جار خوێندراوەتەوە

شەهید رەزا محەمەد ئەمین ئەحمەد ناسراو بە مەلا ئاوارەی گەرمیان، لە دایكبووی ساڵی 1957ی شارۆچكەی كفرییە، دەرچووی پەیمانگەی ئیسلامییە و پێشتریش قۆناغی حوجرەی لەلای چەند مامۆستایەكی ئاینیی ناوچەكەیان، تەواوكردووە.
ساڵی 1976 پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە و لە كۆتایی ساڵی 1978 بووە بە پێشمەرگە لە سنووری هەرێمی پێنجی قەرەداخ و دواتریش لە تیپی 51ی گەرمیان درێژەی بە پێشمەرگایەتی داوە.
سەرەڕای ئەركی پێشمەرگایەتی، وەك مامۆستایەكی شۆڕشیش لە گوندەكانی (باوەگر و بنكە)ی گەرمیان وانەی وتۆتەوە و درێژەی داوە بە پرۆسەی خوێندن لە ناوچە رزگاركراوەكانی شۆڕش تا ساڵی 1988.
لە راپەڕینی ساڵی 1991دا رۆڵی چالاكانەی هەبووە لە ئازادكردنی ناوچەكانی گەرمیان و شارەزوور.
دوای راپەڕینیش لە ئاوەدانكردنەوەی گوند و شارۆچكەكانی كوردستان رۆڵی كاریگەری بینیوە، بەتایبەت لە كردنەوەی قوتابخانە بۆ گوندەكان.
 لە پێگەیاندن و یارمەتیدانی خوێندكاران و مامۆستایان لە هەموو ناوچەكاندا جێدەستی دیاربووە، كادرێكی لێهاتووی یەكێتیی مامۆستایان كوردستان و پێشمەرگەیەكی دڵسۆزی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە.
پێش یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 1992دا، رۆڵی كاریگەری بینیوە لە كۆكردنەوەی مامۆستایان و رێكخستنەوەیان بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردن و دەنگدانیان بۆ لیستی سەوز، بەهەمان شێوەش بۆ هەڵبژاردنەكانی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان و مەكتەبی سكرتاریەت و دانانی نوێنەری یەكێتیی مامۆستایان لە ناوچەكانی گەرمیان و شارەزوور و سەید سادق و پێنجوێن و هەڵەبجەی شەهید و سلێمانی، رۆڵی بینیوە.
لەبواری هونەر و شانۆشدا شارەزایی هەبووە و خزمەتی كردووە، ساڵی 1987 شانۆیی (كاوە و زوحاك)ی بەرهەم هێناوە و لە گوندی (بنكەی گەرمیان) نمایشكراوە، لە زۆربەی گوندەكانی ئەو سنوورەوە خەڵك چووبوون بۆ تەماشاكردنی.
بەداخەوە، رۆژی 27/5/1992 شەهیدكرا و گەیشتە كاروانی سەروەران.

#سەروەران

بابەتە پەیوەندیدارەکان