ئا: ئالان محەمەد جەزا
لە دیدارێكی كورتدا لەگەڵ كوردستانی نوێ، عەلی حەمەسەعید ناسراو بە عەلی حەمەبۆر باس لە سەرەتاكانی سەرهەڵدانی شۆڕش و پەیوەندیی تێكۆشەرانی سنووری پشدەر دەكات بە رێكخستنەوە و لەو بارەیەشەوە وتی:
ساڵی 1975 كە یەكێتی دامەزرا و ساڵی دواتریش كە شۆڕشی نوێی هەڵگیرساندەوە، وردە وردە خەڵك بەپیر شۆڕش و حزبەكەوە چوون، دیارە پێشتریش كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان دامەزرابوو، رێكخستنێكی بەهێزی هەبوو و بوو بە باڵێكی كاریگەری شۆڕشەكە، ئەوەش بووە هۆی زیاتر گەشەكردنی هێزی پێشمەرگە.
شانەیەكی رێكخستن هەبوو لە ناوچەی پشدەر بە ناوی (رێبەندان)، زۆر گەشەیدا بە رێكخستنەكان لەو سنوورە، بەتایبەتی لە قەڵادزێ و سەنگەسەر و بە خێرایی پەلوپۆی هاویشت، من چەند تێكۆشەرێكم لێ دەناسین، شەهید فاروق لێپرسراوی شانەكە بوو، جەبار قادر، جەلال عەبدوڵڵا، بەرزان فەتحوڵڵا، خالیدی كاروبار، عەبدولقادری موزەمید.
هەروەها لە سەرەتای هەشتاكاندا تۆڕێكی دیكەی رێكخستن دروستبوو بەناوی كەرتی قەڵادزێ و پۆلی سەنگەسەر، شانەی 142 سەر بە پۆلی سەنگەسەر بوو، ئێستاش ناوی هەندێك لەو تێكۆشەرانەم بیرماوە كە سەرپەرشتییان دەكردن، وەك: عەبدوڵڵا ئەحمەد، بەكر مەحمود، عەبدوڵڵا ئیسماعیل، ئازاد وەستا عەبدوڵڵا، ئازاد قەرەنی، عەلی حەمەسەعید.
وتیشی: من لەو شانەیەدا خەباتم دەكرد، رێكخستنەكانمان زۆر چالاك بوون، لە راپەڕینی ساڵی 1982دا بەرامبەر بە رژێمی بەعس، رۆڵی كاریگەرمان هەبوو لە سەنگەسەر و ئەو سنوورەدا.
لە دوای تێكچوونی گفتوگۆی 1984ی نێوان شۆڕش و حكومەتی عیراق، داوایان لێكردین پارە و ئازوقە بۆ هێزی پێشمەرگە ئامادە بكەین، بۆ ئەوەش ناوی ژماریەك دەوڵەمەندییان بۆناردین كە پەیوەندییان پێوەبكەین، ئێمەش نامەكانمان بەسەردا دابەشكردن و ئیتر ئەوان هاوكارییان كرد و خۆیان پارەكانیان گەیاندە پێشمەرگە لە سنووری مەرگە.
وەك چۆن لە رووی ئیشكردنەوە رێكخستنەكانمان زۆر چالاك بوون، لە رووی ئیرادەشەوە بەهێز بوون، نهێنییەكانمان دەپاراست، بەتایبەت لەكاتی دەستگیركردن و ئەشكەنجەدا، زۆر گەنجمان دەستگیركران، ئیرادەیان ئەوەندە بەهێز بوو، نە لەژێر ئەشكەنجەدا نهێنییان دركاند و نە لە بڕیاری لە سێدارەدانیشدا، رووخان.
بۆ نموونە: دوو هاوڕێمان لە شانەی 142ی سەنگەسەر دەستگیركران بەناوەكانی (بەكرمەحمود عەلی و جەلال قادر حەمەد مستەفا)، زۆر ئەشكەنجە دران و لە ئەبوغرێب 20 ساڵ حوكم دران، بەڵام هەموو نهێنییەكانیان پاراست و لە ساڵی 1988دا بە لێبوردنی گشتی، ئازاد كران.
لەکۆتاییشدا وتی: بەشێكی زۆر ئەو هەڤاڵانە كە لە رێكخستندا خەباتمان دەكرد، دوای ئەنفال و تێكچوونی بارودۆخەكە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ساڵی 1989دا سوپای رزگاری كوردستان (سرك)ی دروستكرد، چوینە ناو سركەوە، ناوی من لە زنجیرە 36ی لیستی ئەو سوپایەدایە و ئێستاش ماوە، لە كتێبی (مێژووی خەبات) سوپای رزگاری كوردستان لە نووسین و كۆكردنەوەی عەبدوڵڵا رابەر، ناوم لە ریزبەندی پێشمەرگەكانی ئەو سوپایەدا نووسراوە.
پێویستە ئاماژە بەوە بكەم، ساڵی 1980 لە سلێمانی لە رێگەی مامۆستا وەسفیە بەنی وەیسەوە پەیوەندیم كرد بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە و ساڵی 1981 گەڕامەوە بۆ سەنگەسەر.
یەكێك لەو چالاكیانەی كە كردوومە، لە تەمموزی ساڵی 1980 چووم بۆ سەردانی شەهید لەتیف عەبدوڵڵا ئیبراهیم (لەتیف سەنگەسەری) لە زیندانی موسڵ، لەناو كاڵەكدا كامێرام بردە ژوورەوە و وێنەی شەهید لەتیفم گرت و ئێستاش وێنەكان ماون، دووەمجاریش بە هەمان شێوە لە ساڵی 1984دا كامێرام بردە ناو زیندانی ئەبوغرێبەوە.
پرۆفایل
عەلی حەمەد سەعید حەمەد ناسراو بە عەلی حەمەبۆر، لە دایكبووی ساڵی 1956.
ساڵی 1980 پەیوەندیكردووە بە رێكخستنەوە، ساڵی 1989 بووە بە پێشمەرگەی سوپای رزگاری كوردستان (سرك).
ئێستا خانەنشینە بە پلەی موقەددەم.