سەرۆک کۆماری عیراق سەرۆکایەتیی لوتکەی دەلتای جیهان دەکات

05:03 - 2025-06-09
جیهان
39 جار خوێندراوەتەوە

د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق و فام مینە چینە، سەرۆک وەزیرانی ڤێتنام سەرۆکایەتی لوتکەی جیهانی بۆ دەلتاکان دەکەن کە لە شاری نیس-فەرەنسا لە پەرواێزی کۆنفرانسی سێهەمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئۆقیانوسەکان بەڕێوەچوو کە ژمارەیەک لە سەرۆکی دەوڵەتان و وەفد و فوئاد حسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عیراقیش تیایدا بەشداربوون.
سەرۆک کۆمار لە وتەکەیدا جەختیکردەوە کە گۆڕانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا خێراتر دەکات و پاڵدەنێت بە ئاوە سوێرەکان بۆ ناوەوەی وڵات و هەڕەشە لەو هاوسەنگییە تایبەتمەندییە وردەی نەوەکانی پێشووی کۆمەڵگەکانمان دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەو مەترسیانەی کەشوهەوا ڕووبەڕوومان دەبنەوە، پێویستیان بەهەنگاوی بەپەلەی نێودەوڵەتییە.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەدا کە زۆنگاوە دێرینەکانمان، کە لە لیستی کەلەپوری جیهانی یونسکۆدان، دۆخێکی کارەساتباریان بەسەردا دێت و دەگۆڕدرێن بۆ زەوییە وشکەکان، کە بەخوێ داپۆشراون، روونیشیکردەوە، عیراق لە چەند دەیەی رابردوودا رووبەڕووی دابەزینی رێژەی کارەساتباری ئاوی دیجلە و فورات بوەتەوە بەڕێژەی نزیکەی 40%.

ئەمەی خوارەوە دەقی وتەکەی سەرۆک کۆمارە:
بەڕێز سەرۆک وەزیرانی ڤێتنام
خوشکان برایانی بەڕێز..
سڵاوی خوداتان لێبێت..

شانازییەکی گەورەیە کە لەگەڵ هاوکارم، سەرۆک وەزیرانی ڤێتنام، هاوسەرۆکایەتی ئەم لوتکە گرنگەی دەلتای رووبارەکان دەکەم، وەک سەرکردەی گەلانێک کە خودا هەندێک لە گرنگترین دەلتای ڕووبارەکانی پێبەخشیوون بەدرێژایی مێژوو، ئەمڕۆ بە سوپاسگوزارییەوە بۆ کەلوپوری هاوبەشمان و خەمی قووڵ بۆ داهاتوومان کۆدەبینەوە.
دەلتاکان چیرۆکی خودی شارستانیەتی مرۆڤ دەگێڕنەوە. دەلتای میزۆپۆتامیا کە دیجلە و فورات لەگەڵ کەنداوی عەرەبیدا یەکدەگرنەوە، پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر شایەتحاڵی لەدایکبوونی نووسین و یاسا و کۆمەڵگەی شارستانی بووە. 
بەهەمان شێوە دەلتای میکۆنگ بە زەوییە بەپیتەکەی خۆراک شارستانیەتی ڤێتنامیی دابینکردوە، ئەم دیمەنە سروشتیانە تەنها تایبەتمەندی جوگرافی نین؛ بەڵکو لانکی کلتوورەکانمانن، بناغەی ئاسایشی خۆراکمانن و شادەماری ژیانی ئابووریمانن.
قورئانی پیرۆز بەجوانی باس لە بەیەکگەیشتنی ئاوە پیرۆزەکان دەکات، کە دەلتا نوێنەرایەتی ئێرادەی خودایی دەکات، ئەو شوێنانەی کە خودا قەدەری وابووە ئاوی شیرین و خوێ بە هاوئاهەنگی کۆببنەوە، بەڵام ئەمڕۆ ئێمە ڕووبەڕووی هەڕەشەی بێ وێنە دەبینەوە کە پێویستی بەهەنگاوی بەپەلەی نێودەوڵەتی هەیە، گۆڕانی کەشوهەوا بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا خێراتر دەکات و پاڵدەنێت بە ئاوە سوێرەکانەوە بۆ ناوەوەی وڵات و هەڕەشە لەو هاوسەنگییە تایبەتمەندییە وردەی نەوەکانی پێشووی کۆمەڵگەکانمان دەکات.
لە عیراق، زۆنگاوە دێرینەکانمان کە لە لیستی کەلەپوری جیهانی یونسکۆدان، بە شێوەیەکی کارەساتبار دەگۆڕێن بۆ زەوییە وشکەکانی بەخوێ داپۆشراو.
پیسبوون ئاڵنگاریەکی دیکەی بەرچاوی هەیە، رژانی بەرهەمە پیشەسازی و  کشتوکاڵییەکان و پاککردنەوەی ئاوی پاشەڕۆکان بەشێوەیەکی پێویست نییە، پیسبوونی هەمان ئاوە کە باو و باپیرانمان لایان پیرۆز بووە.
لە هەردوو ناوچەی دەلتای میکۆنگ لە ڤێتنام و زۆنگاوەکانی باشووری عیراق، کاریگەریی وێرانکەری پیسبوونی ئاو لەسەر راوەماسی و کشتوکاڵ و تەندروستی مرۆڤ دەبینین، ڕەنگە لە هەمووی گرنگتر دابەزینی ڕیژەی لێشاوی ئاوە لە سەرچاوەکەیەوە بێت کە هەڕەشە لەبوونی خۆی دەکات.
عیراق لە چەند دەیەی ڕابردوودا دابەزینێکی کارەساتباری بەخۆیەوە بینیوە بە ڕێژەی نزیکەی ٤٠% لە لێشاوی ئاوی ڕووباری دیجلە و فورات کەمی کردوە، دروستکردنی بەنداو لە وڵاتانی سەرەووی رووبارەکان و زیادەڕۆیی لە دەرهێنانی ئاو، رووبارە گەورەکانمانی کردووە بە چەمێکی بچووک.
ڤێتنام ڕووبەڕووی ئاستەنگی هاوشێوە دەبێتەوە، چونکە پێشهاتەکانی سەرەوەی دۆڵی میکۆنگ شێوازی لێشاوی سروشتی دەگۆڕن، ئەم ئەزموونە هاوبەشانە پشتڕاستی دەکەنەوە کە پاراستنی دەلتا پێویستی بە هاوکاری نێودەوڵەتی و گفتوگۆی جددی و بەپەلە لە نێوان وڵاتانی سەرەوە و خوارەوە هەیە.
داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین کە دەلتاکان وەک ژێرخانی سەرەکی پێویست بۆ ئاسایشی خۆراکی جیهانی و کەشوهەوا و پاراستنی جۆراوجۆری زیندەیی بناسن.
چارەسەرەکانیش بریتین لەکاراکردن و باشترکردنی ئاودێری و بەڕێوەبردنی یەکگرتووی ئاوەوە هەتا گواستنەوە بۆ وزەی نوێبووەوە، ئەوەی ئێستا پێویستمانە ئیرادەی بەکۆمەڵە بۆ جێبەجێکردنیان. 
لە کۆتاییدا با لەبیرمان بێت کە پاراستنی دەلتاکان لە وڵاتەکانماندا پاراستنی کەلەپوری مرۆیی هاوبەشمانە، داهاتووی لانکی ڕافیدەین و بەپیتی ڕووباری میکۆنگ پەیوەستە بەو ئەگەرانەی ئەمڕۆ بڕیاری لێ دەدەین.

سوپاستان دەکەم.

بابەتە پەیوەندیدارەکان