حهمه هاشم
داهێنانى هونهریی لهگهڵ چهمكى ئازادییدا، یان هونەر و ئازادیی دوو وشەی سادە دەردەکەون بێ هیچ ئاڵۆزییەک، هونەر چالاکییەکی مرۆڤانەیە کە شێوازی دەربڕین و ئامرازە تایبەتەکانی خۆی هەیە، ئازادییش پێچەوانەی کۆیلایەتی و ملکەچییە، کردەوەیەکە کۆت و بەندەکان و دەسەڵاته نەریتییەکان دەڕووخێنێت. دەکرێت مانا بە چەمکێک رووناکبکرێتەوە کە هونەرمەندان و رەخنەگرانییان پێی ئاشنان، ئەویش (لاسایی کردنەوە)یە، ئەمە هونەرمەند بە بابەتێکی ئامادەکراوهوه دەبەستێتەوە و تەنها ئەرکی هونەرمەند ئەوەیە لاسایی بکاتەوە و بە زمانێکی تایبەت وەریبگێڕێت. هەر بۆیە هونەرمەندان کە بەرەو ئازادیی پهلكێش دهكرێن، چەمکی (داهێنان)یان بۆ بهكاردێت، کە هونەرمەند لە بەربەستە دەرەکییەکان رزگار دەکات و لەگەڵ خەیاڵ و ئامرازەکانیدا ئازادانه دەیهێڵێتەوە.
به واتایهكى دیكه، تا هونهرمهند خۆى رزگار نهكات له لاساییكردنهوه، بێگومان ناتوانێت چهمكى (داهێنهر) بۆ خۆى دهستهبهر بكات. رۆمانسییەکان بابەتەکانی هونەر و هونەرمەندهكانیان گەیاندە سنوورێک، زێدەڕۆیی زۆرى تێدابوو، هونەرمەندیان بە بوونەوەرێکی زۆر تایبەت دانا و وایان دهردهخست (ئەوەى هونهرمهند دەیبینێت کەسانی تر نایبینن!)، بەڵکو ئەو پێشەنگ و بینەر و تیژبینە، لە تاریکی ژیانی ئاسایی تێدەپەڕێت و شتەکان بە روونی و بێ ناوەندگیریی دەبینێت، هەروەها بۆ داهاتوو دەڕوات کە رزگاربوونە لە ئێستا و تێپەڕاندنیەتی.
هونەرمەند وەک (ئازادیی رهها) دەردەکەوێت، سەرچاوەكانی لە خۆیدایە، نەریت و داتا ئامادەکراوەکان رەتدەکاتەوە و هونەریش وەک کردارێکی ئازاد دەردەکەوێت کە شتەکان سەرلەنوێ دروست دەکاتەوە و واتاکانیان دەگۆڕێت. هەر بۆیە هەندێک لە رۆمانسییەکان زیادەڕۆیی دەکەن و باس لە (خوڵقاندن) دەکەن لە بوارە تایبەتەکەی خۆیاندا، کە دەستپێکردنە لە داتایەکی نوێوە، یان داهێنانێکی بێ پێشینە، هەر لەبەرئەوە هیچ داهێنانێک نییە، (کۆ) دروستى بكات، چونکە داهێنەر بە پێناسە تاکێکی یاخیبووە، پێشنیاری تاکەکەسیی پێشکەش دەکات و لە نەریتەکانی دروستکردن و راڤەکردن دەترسێت. بۆیە قوتابخانەكانى داهێنان لەسەر یاخیبوون دادەمەزرێن، هەروەک چۆن رۆمانسیی، کلاسیکیی رهتدهكاتهوه و وەک چۆن مۆدێرنیزم، دهیهوێت رۆمانسی و کلاسیزم پێکەوە لهناوببات.
هونەرمەند ئەو شته دەکێشێت کە پێی دەگات، نەک ئەوەی بەدوایدا دەگەڕێت. کاتێک پیکاسۆ باس لە پرۆسەی هونەریی دەکات، دەڵێت: «هونەرمەند ئەوە دەکێشێت کە پێی دەگات، نەک ئەوەی بەدوایدا دەگەڕێت». هەرچەندە ئەم وتەیە بە رواڵەت کۆنترۆڵی هونەرمەند بەسەر داهێنانەکەیدا دەشکێنێت، بەڵام ئەو ئازادە و بەرگری لە ئازادیی دەکات.
ئەوەی (پیکاسۆ) مەبەستی بوو ئەو ئازادییەیە کە سنورى نییە، دان بە چاوەڕواننەکراودا دەنێت، پێش ئەوەی دان بە واقیعدا بنێت و دان بەو كرده چاوەڕواننەکراوه هونەرییهدا دەنێت دهبێته ئهنجام و ناگەڕێتەوە بۆ تیۆرییە ئامادەکراوەکان. (پیکاسۆ) ئەو شتەی کێشا کە بینیی، دوای ئەوەی بینیی لە شێوازی نەریتیی رزگاری کرد و سەیری کرد بە دیدێکی نوێوە دهیبینێت. شوێنی رووخسارەکان و رەنگەکانی گۆڕی و ئەوەی هێنایه دى کە جەماوەر چاوەڕێی ناکات و پێی ئاشنا نییە، چونکە رۆڵی هونەر شکاندنی «ئاشنایی»یە و دەرخستنی ئەوەی ئاشنایە، بە شێوەیەکی «نائاشنا».
هونەر، واقیع لە دیدێكى گۆڕانکاریی خوازانەوه دەکێشێت، یاخیی دەبێت لێی و ئاماژە بە واقیعێکی چاوەڕوانکراو دەکات، کە هێشتا دروست نەبووە.
ئەگەر دیدی نەریتیی، یان شوێنکەوتەیی، واقیع ئەوەی پێی دەگوترێت راستهقینه، وەک شتێکی جێگیر و سەقامگیر دەبینێت، هونەر واقیعێکی جیاواز دەبینێت کە جووڵەی تێدایە، واقیعێکی فرە گۆڕاو، پڕ لە ئەگەرە، یان واقیعێکی چاوەڕوانکراوه لە پشت واقیعە بڕیارلێدراوهكانهوه وەستاوە و گران و کۆتکراوە بە نەریتەکانی بینین و گوێگرتن و قسەکردن، لەبەر ئەوەی ئەمە واقیعێکە هونەرمەند بە شێوەیەکی تایبەت دەیبینێت، بۆیه رەنگەكانى نائاشنا و پێوەرەكانى مهئلوف نابن، ئەو جووڵە سەیرەی ئازادیی به هونهرى دهبهخشێت ئهوهیه زۆرجار ئەو شتهى، یان ئهو شێوهیهى بە وەستاو دەردەکەوێت، بینهر به جۆرێكى دیكه دەیبینێت و پڕ دەبێت لە دهنگ و ههرا.
نموونهیهكى كۆن ههیه لهسهر داهێنانى هونهریی كه دهگێڕنهوه: ئیمپراتۆرێکی چینی سەیری رووبارێکی دهکرد، کە هونەرمەندە تایبەتییەکەی لەسەر دیواری ژوورەکەی کێشابووی و ئەم پێی سەرسام بوو، بەڵام دوای ماوەیەک پێی وت: «ئەم وێنەیە لە دیواری ژوورەکەم بسڕەوە، چونکە خوڕەی رووبارەکە ناهێڵێت بخەوم»!
لەم وتەیەدا ئاماژە بە لاسایی کردنەوەیەکی داهێنەرانەی باڵا هەیە. ئاماژە بۆ جووڵەی نهێنیی هونەر دەکات، کە شت لە شوێنی خۆی لادەدات و گیانى بهبهردا دهكات و دەیدوێنێت، وەک ئەوەی رووبارە راستەقینەکە ئەو رووبارە بێت هونەرمەند پێشنیاری کردووە، لە رووبارە راستەقینەکە دەچێت و لێی ناچێت، کاریگەریی یان «خوڕەى ئاوهکەی» دووقات دەکات، تا رادەیەک کە نەیهێشت ئیمپراتۆر بخەوێت و بە دەنگێک بەرەو رووی بووەوە کە زاڵ بوو بەسەریدا.
سهرچاوه :
1 - وحدة الفن و الحرية. اللقاء الثقافي، لدائرة الفنون ـ مؤسسة خالد شومان - 25/11/2014.
2 - بيكاسو و الحرية- صحيفة الراي – ترجمة هاشم التل – 2021
3 - جيرنيكا - الارض المحروقة في فن بيكاسو . مريم عادل – جزيرة نيت. 2020