لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، پشتیوانیی و پاڵپشتیی تەواوی خۆمان بۆ ماف و داوا رەواکانی مامۆستایان و فەرمانبەران و مووچەخۆران بەگشتیی؛ دەردەبڕین و باری دژواری ژیان و گوزەرانی موچەخۆران بەهۆی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەوە لەبەرچاو دەگرین، لەگەڵ ئەوەشدا؛ بەهەموو لایەکی رادەگەیەنین؛ کە دەنگی موچەخۆران و ناڕەزایەتییەکانیان گەیشتۆتە هەموو دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان و عیراقی فیدراڵ، بەڵام ئەنجامدانی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەتی لەم دۆخە هەستیارەی ناوچەکەی پێدا تێپەڕدەبێت؛ گونجاو نابێت.
لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی ئاشکرایکردووە، وەک چۆن پێشتر هاوکار و هەماهەنگ بووین لە پرسی پاراستن و هێنانەکایەی ژینگەیەکی گونجاو بۆ خۆپیشاندان و سەلامەتیی گیانی خۆپیشاندەران، ئەمجارە بەسوپاس و پێزانینەوە، داوا دەکەین؛ خۆپیشاندانەکە بۆ کاتێکی سەقامگیرتر دوابخەن تا هاوکار و هەماهەنگ بین لە گەیاندنی پەیامەکانیان بەشێوەیەکی شارستانیانە و دوور لە هەر ئەگەرێکی توندوتیژی و رووداوی نەخوازراو.