راپۆرتی / ئهیاز ههركی
ئامێدی خاوەنی سروشتێكی رازاوە، جوان و سەرنجڕاكێشە، دەوڵەمەندە بە شوێنی گەشتیاریی سروشتی، شوێنەواریی و ئایینی، هەندێك شوێنی گەشتیاریی زۆر بەناوبانگی هەیە وەك (سەرسەنگ، ئاشاوا، ئانشكێ و سۆلاڤ)، هەندێك شوێنیش نوێن، بەڵام بەهۆی سەرنجڕاكێشییان ناوبانگیان بە خێرایی بڵاوبووەتەوە وەك ( گەلی شێرانە، گەلی سێ پركا، ڤین و ئاڤا شین) سەرەڕای هەبوونی چەندین شوێنی دیکەی گەشتیاریی كە بەهۆی كەمیی خزمەتگوزارییەوە زۆر نەناسراون.
داواکاریی دانیشتووانی ئامێدی
هاووڵاتیان و چالاکوانانی قەزای ئامێدی داوای خزمەتگوزاریی و گهشهپێدانی کەرتی گەشتیاریی لە قەزاکەیاندا دەکەن، بە مەبەستی زیادکردنی ژمارەی گەشتیاران و رەخساندنی هەلی کار بۆ دانیشتووانی سنوورهكه.
بهیار ئامێدی بۆ كوردستانی نوێ وتی: قەزای ئامێدی ژمارەیەکی زۆر ناوچەی شوێنەواریی و گەشتیاری تێدایە کە هۆکاری سەرەکین بۆ راکێشانی گەشتیاران لە ناوچەکانی دیکەی هەرێم و عیراق و دەرەوەی وڵات بۆ پارێزگای دهۆك، رۆژانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی وەک سۆلاڤ، گەلی باڵندا، ئانشکێ، ئاشاوا و شێرانه دەکەن.
وتیشی: هاوینەهەواری سۆلاڤ یەکێکە لە ناوچە گەشتیارییە بەناوبانگەکانی قەزای ئامێدی و لە كۆنهوه گەشتیاران سەردانی دەکەن، هەرچەندە هەندێک خزمەتگوزاری بۆ کراوە، بەڵام پێویستە زیاتر گرنگی پێ بدرێت و سەرجەم ناوچە گەشتیارییەکانی ئامێدی فراوان بکرێن، ههروهها مەلەوانگە و گۆڕهپانی وەستاندنی ئۆتۆمبێلیان تێدا دروست بکرێت و ژمارەی هۆتێلەکان زیاد بکرێت بۆ مانهوهی گەشتیاران لە قەزاکەدا، کە ئەمە کێشەیەکی بهردهوامی گەشتیارانە.
گلەیی گەشتیاران
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری ئامێدی، ساڵانە زیاتر لە 400 هەزار گەشتیار سەردانی قەزاکە دەکەن، و ساڵی رابردوو زیاتر لە ملیۆنێک گەشتیار سەردانیان كردووه و پێشبینیش دەکەن ئەمساڵ ژمارەی گەشتیاران و سەردانکەران زیاتربێت.
بهیار ئامێدی دەڵێت: پێویستە بەڕێوەبەری گەشتوگوزار لە قەزای ئامێدی پلانی ساڵانە و پڕۆژەی ستراتیژیی هەبێت لەسەر ئاستێکی باڵا بۆ گهشهپێدانی كهرتی گەشتیاریی و راکێشانی گەشتیاری زیاتر بۆ قهزاكه، لەبەرئەوەی ههنگاوێكی لهو شێوهیه سوودی ئابووری بۆ هاووڵاتیانی سنوورهكهش دهبێت.
لە قەزای ئامێدی نزیکەی 300 شوێنی شوێنەواری کۆن و چەندین ناوچەی گەشتیاریی هەن.
حهنان عهلی گهشتیارێكی سنووری پارێزگای نەینەوایە سەردانی یەکێک لە ناوچە گەشتیارییەکانی قەزای ئامێدی کردووە و بۆ كوردستانی نوێ وتی: ناوچەیەکی گەشتیاریی سەرنجڕاکێشە، بەڵام کەموکورتی زۆری هەیە، رێگهی سهرهكی دهۆک - ئامێدی کە تەسک و یەك سایده ئاستەنگیی هاتوچۆی دروست کردووە، لەگەڵ نەبوونی چەندین خزمەتگوزاریی دیکە لە ناوچە گەشتیارییەکەدا.
سروشتی ناوچەکە
قەزای ئامێدی لە رووی مێژوویی و گەشتیارییەوە شارۆچكەیەكی دێرینە و مێژووەكەی بۆ سێ هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە.
برقی رێكانی چالاكوانی مەدەنی لە ئامێدی بۆ کوردستانی نوێ وتی: قەزای ئامێدی پێگەیەکی گرنگی گهشتیاریی ههیه، بە گشتیی هەم مۆزەخانەیەکی مێژووییە، هەمیش شوێنەواریی و ناوچەیەکی گەشتیارییه، بەڵام تائێستا حکومەتی هەرێم وەک پێویست گرنگی پێنهداوه، کە دەکرێت ببێتە هۆی رەخساندنی هەلی کار بۆ بێکارانی قەزاکە.
سەرەڕای هەبوونی شوێنی زۆری گەشتیاریی، جوانی و دڵڕفێنی سروشتی دەڤەرەکە بووەتە هۆی راكێشانی هەزاران گەشتیار بۆ ئامێدی، بەڵام كەمیی خزمەتگوزاری تیایاندا گەشتیارانی هەراسان كردووە.
وەڵامی لایەنی بەرپرس
حهمید محهمهد بهڕێوهبهری گهشتوگوزاری قهزای ئامێدی بە کوردستانی نوێی راگەیاند: زۆربەی شوێنە گەشتیارییەکانی قەزای ئامێدی گۆڕهپانی وەستاندنی ئۆتۆمبێل، مەلەوانگە و چەندین خزمەتگوزاریی دیکەیان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا کەرتی گەشتیاریی ساڵانە پێویستی بە پلانی نوێیە، هەروەها بەهۆی شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە لە ماوەی رابردوودا وایکردووە ناوچهکەمان لە کاتی خۆیدا خزمەتگوزاریی پێویستی پێنهگات، بەڵام لە چەند ساڵی رابردوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین پڕۆژەی گەورەی گەشتیاریی لە قەزای ئامێدی دروستکردووە.
وتیشی: گەورەترین کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونمان لە هاوینەهەواری سەرسەنگ هەیە کە لە 100 خانوو پێكدێت و نزیکەی 24 هۆتێل و مۆتێل لە هاوینەهەواری سۆلاڤ ههن، شەو و رۆژ لە خزمەتی گەشتیاراندان، جگه لهوهش کۆنترین هۆتێل کە لە سەردەمی حكومهتی پاشایەتی عیراقدا دروستکراوە، بەم نزیكانه دەخرێته خزمهتی گەشتیاران و سەردانکەرانی قهزاکەوە.
هاوینەهەواری سۆلاڤ یەکێکە لە دەوڵەمەندترین و سەرنجڕاکێشترین شوێنە گەشتیارییەکانی پارێزگای دهۆك کە سێ کیلۆمەتر لە سەنتەری قەزای ئامێدییەوە دوورە، ساڵانە لە هەموو وەرزەکاندا و بە تایبەت لە وەرزی هاویندا گەشتیارێکی زۆر لە هەموو ناوچەکانی کوردستان و عیراق و وڵاتانی دراوسێوە سەردانی دەکەن.