مەسرور بارزانی: چاوەڕێین ئەنجومەنی دادوەری چارەسەرێک بۆ مووچە بدۆزێتەوە

02:37 - 2025-06-25
کوردستان
37 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نابێت مووچە تێکەڵی کێشە سیاسییەکان بکرێت و چاوەڕێین ئەنجومەنی دادوەری چارەسەرێک بۆ مووچە بدۆزێتەوە.
مەسرور بارزانی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، شەوى رابردوو لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری و سەرۆک وەزیرانی عیراق قسەی کردووە. لەم دوو رۆژەدا وەفدێک لەسەر پرسی مووچە دێنە هەرێمی کوردستان. داواشى لە سودانی کردووە ئەو وەفدە خاوەن بڕیار بێت و هیواى خواست لەم چەند رۆژەدا لەسەر پرسی مووچە بگەنە رێککەوتن.
هەر لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەیدا، مەسرور بارزانی وتی، لە کاتێکدا چاوەڕوانبوون دادگای باڵای فیدراڵی چارەسەریی مووچە بکات، بەڵام دادوەرانی دادگای فیدراڵی بەکۆمەڵ دەستیان لەکارکێشایەوە، هەربۆیە ئێستا چاوەڕێن لە رووی یاساییەوە ئەنجومەنی دادوەریی عیراق چارەسەرێک بۆ مووچە بدۆزێتەوە.
لەبارەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران لە داهاتی ناوخۆ مەسرور بارزانی رایگەیاند، داهاتی ناوخۆ بەشی دابینکردنی مووچە و پێداویستییەکان ناکات. ئەگەر لەگەڵ بەغداش نەگەیشتنە رێککەوتن، بەگوێرەی توانا مافی هاووڵاتیان دابیندەکەن، بەڵام هەموو هەوڵێک دەدەن مافی هاونیشتمانیان لە بەغدادەوە دەستەبەربکەن.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی راگرتنی نەوتەوە زیاتر لە 25 ملیار دۆلار زیان بە هەرێمی کوردستان و عیراق کەوتووە، کێشەی عیراق بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوتە و رێککەوتنەکانمان لە بواری وزە لە ئەمریکا مافی دەستووری خۆمانە و کێشەمان نییە نەوتى هەرێم لەرێگەى سۆمۆوە بفرۆشرێت.
لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، مەسرور بارزانی رایگەیاند؛ لەم دوو رۆژەدا وەفدی دانوستانکاری یەکێتی و پارتی کۆدەبنەوە، لە کۆبوونەوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەسەر بەرنامەی حکومەت گەیشتوونەتە رێککەوتن، بەڵام لەسەر بەشێک لە پۆستەکان بۆچوونی جیاواز هەیە.

#مووچە‌

بابەتە پەیوەندیدارەکان