نامەیەکی مەسعود محەمەد بۆ سەعدون حەمادی و چەند سەرنجێک

10:49 - 2025-07-02
کەلتور
166 جار خوێندراوەتەوە

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

لە ماوەی پێشوودا چاوم کەوت بە نامەیەکی نووسەر و رووناکبیری ناسراو مەسعود محەمەد، کە پاشتر وەکو کتێب بەناونیشانی (نامەی مەسعود محەمەد بۆ سەعدون حەمادی)بڵاوکراوەتەوە. ئەم کتێبە بریتییە لە نامەیەکی درێژی مەسعود محەمەد بۆ سەعدون حەمادی، کە یەکێک بوو لە سەرکردە دیارەکانی حزبی بەعس. نامەکە پاشتر لەلایەن محەمەدی کوڕی مەسعود محەمەدەوە کراوە بە کوردیی لەلایەن دەزگای ئاراسەوە ساڵی 2011 چاپکراوە. 
ئەم کتێبە جگە لە دەقە کوردیەکە، دەقە عەرەبییە ئەسڵییەکەشی تێدایە، کە پێشتر بە دەستوخەتی مەسعود محەمەد نووسراوە. ئەم نامەیە بریتییە لە وتارێکی درێژی مەسعود محەمەد، کە وەڵامی زنجیرە وتارێکی سەعدون حەمادی داوەتەوە، کە پێشتر لە ساڵی  1992 رۆژنامەی (الجمهوریة) بەناونیشانی ( البراکماتیة فکر في خدمة الاستعمار) بڵاوکراوەتەوە. 

مەسعود محەمەد: ترسناکترین شت لە سیاسەتدا ئەوەیە،هێز و پارە هەمووی لە دەست یەک کەسدا کۆبکرێتەوە

نووسەر هەوڵیداوە بە شێوازێكی ئەدەبیانە و رێزدارانە، رەخنەی توند لە سەعدون حەمادی  و حزبەکەی بگرێت. سەعدون حەمادی لەم وتارەیدا هێرشی توندی کردۆتە سەر فکری براگماتیکی و بە فکرێکی خۆرئاوایی و ئیمپریالیستی داناوەو پێی وابووە کە ئەم فکرەیە بۆ خزمەتی خۆرئاوا دروستبووە و بە زەرەری گەلانی تازەپێگەیشتوو تەواو دەبێت. مەسعود محەمەدیش لەپەنا داکۆکیکردن لە فکری پراگماتیزمدا، رەخنەی توند لە مێژووی عەرەب و رژێمی بەعس دەگرێت. 

میدیای بەعسی
مەسعود محەمەد لەسەرەتای نامەکەیدا، رەخنەی توند لە میدیای بەعسییەکان دەگرێت و بە دگۆما وەسفیان دەکات و دەڵێت:
هەموو میدیای عیراقی دۆگمایە، بۆیە ئەو رۆژنامانە بۆ فڕێدان باشن، ل13 

گەندەڵی حكومەت

پاشان هێرشی توند دەکاتە سەر حکومەت و باسی دیاردەی گەندەڵی دەکات و دەڵێت:
لە هەشتاکاندا کابرایەک بێ واستە و بەرتیل دەبوایە دوو ساڵ بوەستێ تا دوو تۆن چیمەنتۆ وەربگرێت، کەچی کابرای دەوڵەمەند، بە دوو رۆژ سەدان تۆنی وەردەگرت و سەرباری ئەوەش پارێزگاری شارێك دەهات و سەد تۆنی تری بۆ دەنارد. ل 20
پاشان دەڵێت:
هەر هاووڵاتییەک واستەی نەبێت، زەڕەیەک نرخی نییە. ل27

دیکتاتۆریی و بەشداریی خەڵک لە سیاسەتی حکومەتدا
لە هەمووی گرنگتر، مەسعود محەمەد رەخنەی توند لە سیاسەتی بەعسییەکان دەگرێت و دژی دیکتاتۆریەتی دەوەستێتەوەو دەڵێت:
زۆرینەی خەڵک لە تەواوی مێژووی ئیسلامدا، نە لە دوور نە لە نزیک، دەستیان لە دروستکردنی بڕیاردا نەبووە. ل23
دواتر رەخنەکانی توندتر دەکاتەوەو دەڵێت: 
زۆر لە مێژە دووبارەی دەکەمەوە کە ترسناکترین شت لە سیاسەتدا ئەوەیە، ئەگەر هێز و پارە هەمووی لە دەست یەک کەسدا کۆبکرێتەوە. ل29

پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ
لەلایەکی ترەوە مەسعود محەمەد بە توندی دژی ئەو پێشێلکاریانە دەوەستێتەوە کە بەرامبەر مافی مرۆڤ دەکرێت لە سایەی حکومەتەکانی خۆرهەڵاتدا، کە رژێمی بەعسیش دەگرێتەوە، بەتایبەتیش لە زیندانەکاندا، کە شێوازی ئەشکەنجەدان بەکاردەهێنن. لەمبارەیەوە دەڵێت:
لەم وڵاتانەی خۆمان، خوا لە حاڵی ئەوانە بێ خۆپیشاندانێک دژی حکومەت دەکەن، گومان نییە کە کوژراوەکانیان لە کوژراوەکانی ئەو شەڕە بەردەی فەلەستین زۆرتر دەبێت. فەرموو کوژراوەکانی دەستی هاوسێ و هاوخەباتەکان بژمێرە لەوەتی شۆڕشی 1952 لە میسر و 1958 لە عیراق روویانداوە. ل49
واتە رژێمە عەرەبییەکان لە ئیسرائیل خراپترن.
پاشان دەڵێت: 
بەندییەکانی خۆرهەڵات ئیعدام بکرێن باشترە تاوەکو لە زینداندا بمێننەوە، چونکە بە مردن رزگاریان دەبێت لەو هەموو ئەشکەنجە و ئازارانەی کە لە زیندان دەیکێشن. ل28
واتە ئازار و ئەشکەنجەدان لە زیندانەکانی عیراقدا هەبووەو زۆریش ترسناک بووە. 

 کۆمەڵگە زۆرەملێکان
کۆمەڵگە زۆرەملێکان، یەکێک بوو لە سیاسەتی فاشییانەی رژێمی بەعس بەرامبەر بە گەلی کورد، مەسعود محەمەد رەخنەی توند لەم سیاسەتە دەگرێت و دەڵێت:
سەبارەت بە هێشتنەوەی هیندییە سوورەکان لە کۆمەڵگە زۆرەملێکاندا، بەڵام مسۆگەر نییە ئاخۆ ئەوە بە رەزامەندی هیندییەکان بووە یان بە فەرمانی حکومەتی ئەمریکا، بەڵام دەبێ لەبیرنەکەین کە ئەوان ئێستا بایەخ بە ژیانی ئاژەڵیش دەدەن چ جا مرۆڤ؟ کەچی (عیراقی  خۆشەویستمان) لە مەسەلەی کۆمەڵگەی زۆرەملێدا کەمی نەکردووەو هەرچەند باسی پینە و پاساو بکرێت لە راستیدا ناوەڕۆکەکان یەک شتن و ئەنجامەکانیش هەمان شت.ل54

سیاسەتی شەڕەنگێزانەی رژێمی سەدام

 لەلایەکی ترەوە رەخنەی توند لە سیاسەتی شەڕەنگێزانەی رژێمی سەدام دەگرێت و دەڵێت:
باشە چ مافێکە و چ میراتێکی دینییە وا لە عیراق دەکا، دژایەتییەکی گەرم و گرژی هەبێت لەگەڵ ئێران و تورکیا و سوریا و میسر و سعودیە و تێكڕای وڵاتانی کەنداو؟ تۆ بڵێیت دوژمنایەتییەکە بە میرات بۆی مابێتەوەو 3000 ساڵە خۆی مات کردووەو تازە بە تازە بەخەبەرهاتووەتەوە؟ل64
مێژووی عەرەب و ئیسلام 
لە شوێنێکی تردا رەخنەی زۆر توند لە مێژووی عەرەبی و ئیسلامی دەگرێت، بەجۆرێک تا ئێستا هیچ نووسەرێکی کورد، هێندەی مەسعود محەمەد رەخنەی توندی بەو شێوەیە نەگرتووە. نووسەر دەڵێت:
داگیرکەر ئەگەر عەرەب بووبێت یان عەجەم، هەموو کات رووی لە وڵاتی زەنوێرکردووە نەک وڵاتی چۆڵ، هەمان شتیشە کە خەڵکیان بە تاڵان بردووە، ئەمە وەک پاداشتێک بووە بۆ رەنجی خۆیان.ل54
ئیسلام پێش هەموو کەس دەستی بۆ دوو ئیمپراتۆری درێژکرد، یەک لەم دووە مەسیحی بوو. ئینجا میسرێکی قیبتی داگیرکرد و زمانی خۆی لە جێی زمانی وان دانا، دینی خۆی لە جێی دینەکەیان دانا، تا مەترسییەکانیان بنەبڕ کرد. ئیسلام لەپاڵ ئەوانەدا لەڕێی هێزەوە بڵاوبووەوەو لەڕێی ( رباط الخیل ترهبون به عدو الله و عدوکم) بە باکووری ئەفریقادا رۆیشتن و پەڕینەوە بۆ ئیسپانییەکی مەسیحی  و ئەگەر تووشی شكست نەهاتاتبان، کە بەهۆی تاڵانکارییەوە تووشی بوون، ئێستا ئەوروپا لە بارێکی جودا بوو.ل61
مێژووی ئیسلامی برێتییە لە زنجیرەیەکی نەپساوە لە شەڕ و جەنگ و وێرانکاری کە موسڵمان دژ بە موسڵمانی کردووە، سەیرم بەوە دێت چۆن مێژوو جێی ئەو هەموو شەڕ و کوشتارەی تێدا بووەتەوە هەر لەسەردەمی ئەمەوی تا عەباسی، ئەو هەموو کوشتارە کە ئاژەڵیش نایکات،،،هەزاران ژن و منداڵ و پیر، بە چەشنی مریشک بە شێوازێکی ئاژەڵانە و کافرانە و بێ ئابڕووانە سەربڕاون...ل61 

رەخنە لە فکری چەپ و شۆڕشگێڕی

مەسعود محەمەد  بەوە ناسراوە کە دوژمنایەتی فکری  کۆمۆنیست و شۆڕشگێری دەکات، بەجۆرێک گەیشتۆتە ئاستی توندڕەویی، هەر ئەم دژایەتیکردنەی فکری چەپ و شۆڕشگێرییەش بوو، وای لە رژێمی سەدام کردبوو لەبەرامبەر رەخنە توندەکانیدا، سنگفراوان بێت و سزای نەدات. لەم نامەیەشدا لەچەندین شوێندا هێرشی توند دەکاتە سەر فکری کۆمۆنیزم و رابەرەکانی ئەم بزووتنەوە فکریی و سیاسییە. سەرەتا بە مارکس دەستپێدەکات و دواتریش دەکەوێتە وێزەی ئەوانی تر.
مارکس دەڵێت: کار مرۆڤ دروست دەکات، گوتەیەکی پوخت نییە، چونکە بەبێ (عەقڵ، تێگەیشتن و درکاندن) کار هیچ مۆرکێک بەخۆوە ناگرێت. ل35
دواتر دێتە سەر یەکێتی سۆڤیەت و چین و دەڵیت:
رووسەکان لە فیزیکدا باوەڕیان بە حەتمیەت نییە، کەچی لە مێژوودا باوەڕیان بە حەتمیەتی مێژوو هەیە. ل31
دواتریش رەخنە لە ماوتستونگ دەگرێت و سیاسەتی شۆڕشی رۆشنبیری، بە قۆناغی خوێناوی چین وەسف دەکات. ل25

چەند سەرنجێک 
لەپاش خوێندنەوەی کتێبەکە، بەڕاستی من تووشی سەرسامی بووم، بەلامەوە سەیربوو کە رژێمی پێشوو، بەرگەی ئەم هەموو رەخنە توندانەی نووسەرێکی کوردی گرتبێت، چونکە ئەمە لە کاتێکدا نووسراوە، تازە رژێمی سەدام لە جەنگی کوێت بە دۆڕاوی گەڕاوەتەوە، پاشان بە دڕندانەترین شێوە، سەرکوتی راپەرینی باشوور و ناوەڕاستی عیراقی کردووەو کوردیش لە ترسی ئەم رژێمە کۆڕەوی کردووە، لەبەرئەوە مایەی سەرسوڕمانە، چۆن ئەم رژێمە  بەرگەی ئەم رەخنانەی گرتووەو سزای نووسەرەکەی نەداوە.
لەلایەکی ترەوە مەسعود محەمەد لە کتێبەکەیدا رەخنە لە سیاسەتی دیکتاتۆری دەگرێت، داوای دیموکراسی دەکات، کەچی هەر خۆشی باس لەوەدەکات کە سیستمی دیموکراسی بۆ ئەم ناوچەیە نابێت. لەمبارەیەوە دەڵێت:
دیمۆکراسی  درەختێکە، رەگی لە خاکی جیهانی سێیهەمدا ناچەقێت، مەگەر تەنیا گوڵ و درەختەکانی نێو ئینجانەکە لێرەو لەوێ بۆ جوانی دادەنرێن، دەنا نە گوڵ دەکەن و نە گەڵایان شین دەبێت، چونکە ئەو خاکەمان نییە. ل 41
هەرچەندە ئەمەش بۆچوونێکی گشتگیرانەیە و دروستیش نییە، چونکە زۆرێک لە وڵاتانی جیهانی سێهەم ئەمڕۆ بوونەتە خاوەنی سیستمێکی دیموکراسی بەتایبەتی لە ئەمریکای لاتین و ئاسیا و تەنانەت لە ئەفریقاش. 
لەلایەکی ترەوە  نووسەر دەڵێت:
کە وڵاتێکی دواکەوتوو لاسایی وڵاتە پێشکەوتووەکان دەکاتەوە، زۆربەی جار ئەو ئەنجامە باشەی نابێ، چونکە پێشکەوتن لە ناوچەکەماندا ئەو خۆراکە سروشتییە نییە بۆئەوەی شارستانی و لە خۆڕا ببووژێتەوە.ل42
لەمەشدا نووسەر ئەم بۆچوونەی تەواو نییە، چونکە لاسییکردنەوەی خۆرئاوا لە پێشکەوتندا هەڵە نییە، بۆ نموونە ئەگەر وڵاتانی باشووری خۆرهەڵاتی ئاسیا و تەنانەت چینیش، هەمان رێچکەی گەشەسەندیان نەگرتایەتەبەر، ئەوا هەتاوەکو ئێستاش بە دواکەوتوویی دەمانەوە. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان