رەخنەی رەگەز لە شیعری ‹تیرۆریست›دا

11:06 - 2025-07-03
ئەدەب و هونەر
135 جار خوێندراوەتەوە

سۆران محەمەدەسوورە

ئەدەب بە گشتی و بە تایبەت شیعر؛ بەهۆی زمانی چڕ، وێنە، ئایرۆنی و ئازادی زۆر لە میتافۆڕدا، کێڵگەیەکی لەبارە بۆ رەخنە و جوانیناسی، لەم بەستێنەوە شیعری ‹تیرۆریست› لەڕێگەی هەلقۆستنەوە، توانیویەتی دژبەرەکییەکی نوێ، لە رێگەی کارەکتەرێک، کە هیچ تەکووز ‹سیستەم›ێک نایگرێتە خۆی بخوڵقێنێت. بۆیە ئەو دەقە شیعرەی دەرەناسنامەی رەگەزیی بێت یان لەباری بردبێت -کە کەمتر ئێمەی کورد بەر ئەم جۆرە دەقانە دەکەوین - دەکرێت زۆرتر هەڵگری چێژ و جوانیناسیی بێت. دەقی›تیرۆریست›ی نارین رۆستەم، بۆ من ئاوها کەوتەوە. وێجا دەمەوێت بەکورتی و خێراییەک لە جوانییەکانی ئەم دەقە بخەمەڕوو.
خاڵی جێگەی ئاماژەپێدان ئەوەیە، زمان لەم دەقەدا، بە پێچەوانەی زۆر لەو شیعرانەی ئێمە دەیخوێنینەوە، ناچێتە نێوزمانی رەگەزی مێ/نێر، یان دەربڕی دنیای ئەم دوو رەگەزە نییە، واتە بەرجەستەکردنی دۆخی دووانەی مێ/نێر نییە، بەڵکو بەرجەستەکردنی دۆخی دووانەیی نە نێر نە مێیە؛ مەبەستم لە زاراوەی ئانیما و ئانیمۆس نییە کە هەر تاکێکی مێ، خاوەنی نێرینەیەکە لەناخیدا و هەر نێرێکیش، مێینەیەکی تێدایە، بەڵکو مەبەستی من رەگەزی سێیەمە. بۆیە سوود وەرگرتن لە کارەکتەری دەرەوەی رەگەزی زاڵ، وەک هەلێک بۆ رەخنەکاریی و جوانیناسی لەم شیعرەدا دەبیندرێت.
ئەگەر خوێنەر چەند جارێک یان بە وردیی دەقەکە بخوێنێتەوە و لە سیمبولەکان ورد ببێتەوە، بۆی دەردەکەوێت کەسی نێو ئەم دەقە، سەر بە رەگەزی باو نییە. واتە دەستنیشانکردنی رەگەزی سێیەم بەپێی شیکردنەوە و هەڵهێنانی سیمبولەکان دەردەکەوێت.
ئەم رەگەزە، تێگەیەکی کۆمەڵایەتیی و کەلتورییە، تەنانەت جیاوازیشە لە زاراوەی نادووانەیی. نادووانەیی تێگەیەکی تاکەکەسیی نوێباوە، خۆی وەک نێر نابینێت، یان خۆی وەک مێ نابینێت، هەستێکی ناوەوەی کەسەکەیە، واتە تاک ئەو ناسنامەیە لە رێگەی هەستە دەروونیی و ناوەکییەکەیەوە بەخۆی دەدات. دەکرێت ئەمە لە عیرفاندا بدۆزینەوە، کە تێیدا خودا یان مەعشووق وەک رەگەزێکی جیاوازتر وێنا دەکاتەوە و دایدەبڕێنێت لە دووانەیی رەگەزی زاڵ، بەڵام بیریشمان نەچێت کە رەگەزی سێیەم، رەهەندێکی زەوینیی و مرۆیی هەیە، بەڵام لە عیرفاندا ئەم بوونەوەرە سەرباری ئەم رەهەندەی، ئەوە دەچێتە دەرەوەی بوونی فیزیکیی و مرۆییشەوە.
ئەم شیعرە، رەتکردنەوەی تەکووزی سیاسی، کەلتوری و ئایینییە. هاودژییەک دەکەوێتە ژیانیان، چونکە نە کۆمەڵگە دەچێتە دەرەوەی تەکووزی خۆی، نە کەسی دژوەستاویش کۆڵ دەدات، بەم پێیە هەمیشە زۆرینە، بەهۆی تەکووزەوە لەگەڵی لە ململانێدا دەبن.
بۆچی ئەم ناونیشانە؟ شیعرەکە هیچ ئاماژەیەکی سێکسواڵیتی تێدا نییە و پێشان نادات، بەڵکو تەکەز دەخاتە سەر هەڵوەشاندنەوەی تەکووزی کۆمەڵایەتیی، سیاسیی و ئایینیی. بۆ ئەمەش چووەتە چوارچێوەیەک لە پۆلێنی جێندەرییدا و لەوێشدا بەپاڵ دووانەیییەکانەوە جێگیر نەبووە، ئەمەش بە مەبەست یان بێ مەبەست بۆ ئەوەیە ئەم دووانەیییەی تەکووزی کۆمەڵگە هەڵبتەکێنێت، کە تێیدا ناسنامەی جێندەریی هەر بە دوو رەگەزی نێر و مێ دەدرێت. بە هەلزانین و قۆستنەوەی ئەم خاڵە، بۆ چەندین لایەن کاریگەریی شیعرەکە زۆرتر، نوێتر و بەرچاوتر دادەگیرسێنێت. سوودوەرگرتن لەم جۆرە کارەکتەرە، بۆ مژار و پرسگرێکی کۆمەڵایەتی و رەخنەیی، هاوکات جوانیناسیی شیعر، نوێیە و نەمبینیووە کاری ئاوها کرابێت. بێگومان مەبەستی سەرەکی پاڵ ئەم شیعرە ئەوە نییە، کارەکتەرەکە رەگەزی سێیەمی بەبەردا کراوە و ئەوە نیشان بدات، یەکەم شیعری کوردییە، کە کارەکتەرێکی سەر بە رەگەزی سێیەمی هەیە، بەڵکو خۆی بەم تەکووزە پۆڵایین و تۆقێنەرەدا دەکێشێت، کە هەموو شتێک لە چوارچێوە دەگرێت.
بۆیە لایەنێکی گرنگی ئەرکی شیعر خوویا دەکات، کە ئەرکی رەخنە و جوانیناسییە، هەڵوەشاندنەوەی دووانەیییەکانە، کە ئەم دووانەیییانە، دروستکراو و پێدراوێکی کۆمەڵایەتین. ئەگەر ئەم دووانەیییانە بە دووانەیییەکانی دیکەی ببەستینەوە لە تێگەیشتنی (دێریدا) دا، کە رەخنەی کردووە، هەر دەچێتەوە سەر هێزپێدراوێکی کۆمەڵایەتی. چونکە دووانەیییەکان بەرهەمی کۆمەڵگەن و هەر شتێک لە چوارچێوەی تەکووزی کۆمەڵگەدا نەبێت، ئەوە دژی ئەم تەکووزەیە. ئەمەش لە کۆتاییدا روونتر دەبێتەوە، کە وەک تیرۆریست مامەڵەی لەگەڵدا کراوە. ئا لەوێوە ناونیشانی خودی دەقەکەش خوویا دەبێتەوە، چونکە ئەگەر پشت بەم بنواتا سەرەکییەنە بەسترابوایە، ئەوە ناونیشانی دەقەکە کرچوکاڵ دەبوو. بۆیە ئەم هەڵشاخینە، دەنگێکی دژە ئەدگاری باو و دیاریکراوی تەکووزە.
شیعری تیرۆریست، پشت ئەستوورە بە مێتافۆڕ، سیمبول و وێنەی شیعریی، هەر ئەمەش لەلای خوێنەر وا دەکات، هزرکردنەوە لە شیعر بئافرێندرێت. هیچ کامێک لەمانە»دەفتەرەشیعر، یارییکردن بەقوڕ، کتێبخانە، بەرگی پەمەییی، رەفەی ژنان، نەڕاندن، رەفەی پیاوان، بەرگی دڕاو، پۆلیس و تیرۆریست» وشەی یەکڕواڵەت و تاکڕەهەند نین، بەڵکو مێتافۆڕن و لە کۆتاییەکەشدا وشەی ‹تیرۆریست› یەکێک لە ئایرۆنیییەکانی لێکەوتووەتەوە و پێی بەخشیووین.
ئەمجۆرە سوودبینینە لە شیعردا، تەکەز دەخەنە سەر تێکشکاندن و دژوەستانەوە لەهەنبەر کۆتوبەندی تەکووز و لەلایەکی دیکەشەوە کە باسمان کرد، جوانیناسی و هونەری شیعر لەم شیعرەدا بەرز هەڵدەفڕێنن.
ئەگەر سەرنج بدەینە هەندێک لە بنواتاکانی شیعرەکە، بۆ نموونە: دەفتەرەشیعرەکە بە کەس کراوە. واتە تاکێکە، مرۆڤێکە. لە شیعرەکەدا ئەوە لە تەکووز هەڵهێنجراوە، ئەوە گرنگ نییە ئەم دەفتەرەشیعرە چی لەخۆگرتووە، بەڵکو ئەوە گرنکە کە دەبێت چوارچێوەیەکی دیاریکراوی هەبێت، یان بەپێی بنەما و تایبەتمەندیی کۆمەڵگە بێت، ئەوجا دەکرێت کەسێک بیخوێنێتەوە. دوای ئەوە شیعرەکە بە یاریکردن بە قوڕ ئەم کۆپلەیە کۆتایی پێ دەهێنێت، وێنەیەکی جوانە، (منداڵێکە) چونکە ئەوە نیشاندەدات کەسەکە هێشتا بێئاگایە لە تەکووز و لەچوارچێوەدان، بەڵام دواتر دەخرێتە نێوی، واتە بە تەکووز دەکرێت، هەموو شتێک بە تەکووزدا دەڕوات، ئەمەش هەرزوو پێماندەڵێت ئەم کەسە خاوەنی ناسنامە یان جیاوازیی و تێگەیشتنێکی ناباوە، کە تەکووز و بڕوای باو وەریناگرێت.
کتێبخانەش هەمان ئەو چوارچێوەیە دەنوێنێتەوە کە کۆمەڵگەیە، واتە لەنێو کۆمەڵگەدا هەموو شتێک دەبێت پەیوەست بێت بە تەکووز. ئا لەوێوە ئەم لە چوارچێوەدانە، کە پۆلێنکاریی تێداکراوە، ئەگەر تۆ سەر بەم لایەنە نەبیت، ئەوە دەبێت سەر بە لایەنێک یان بیروباوەڕێک بیت کە تەکووز خستوویەتییەوە، ئەگەر نا جێگەت نابێتەوە. جلکی رەنگ پەمەیی و نەڕاندنیش دوو سیمبولن بۆ خووی کۆمەڵایەتی، کە مێ و نێری پێ لێکهاوێر دەکرێن. تۆ ئەگەر بەپێی رێسایەک نەجووڵێیتەوە  و پێیەوە پابەند نەبیت، ئەوە جێگەت نابێتەوە. بۆیە ئەم شیعرە ئەوە نیشان دەدات، کە هەموو ئەم شتانە پێودانگی کۆمەڵایەتین و کۆمەڵ دروستی کردوون، ئەو پرسیارەش دەورووژێنێت، ئاخۆ ناکرێت لەدەرەوەی ئەم پێودانگانەدا بژین؟
دەبینین کارەکتەری سەرەکیی بۆ تەکووز هەر زۆر نامۆیە، ئەمەش سروشتی بە بنبەستکردن، وەگەڵکەوتن و یەکڕەنگییە، بۆیە جارێک بەهۆی دەنگ و جارێکیش بەهۆی رەنگەوە دەگوازرێتەوە، کە ئەم دەنگ و رەنگە مێتافۆڕە بۆ تێکڕای جیاوازییەکانی تاک، بەم پێیە گوزارشت لە تەکووزێک دەکات، مرۆڤ ناتوانێت لەگەڵ ئەم تەکووز و دیوارخوازییەیان هەڵبکات، بۆیە کۆتوبەند دەشکێنێت، شکاندنی کۆتوبەندی تەکووزیش، ئاگادارکردنەوەی پۆلیسی لێدەکەوێتەوە. ئەوەتا لە کۆپلەی دواییدا ناسنامەی کەسیی شاعیرەکە «وەک مەترسی دەبیندرێت بۆ سەر تەکووز»، چونکە پۆلیسی لێ ئاگادار دەکرێتەوە، پۆلیس کە دەمڕاستی ئەو تەکووزە کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئایینییەیە کە، کەسەکە تێیدا دەژی. وشەی تیرۆریست، ئاماژەدان نییە بۆ کردەوەیەکی تیرۆریستی یان کەسێکی تیرۆریست، بەڵکو بە مەترسیدار و تیرۆریست لێی دەڕواندرێت بۆ سەر رێکخراوەیی و رێکوپێکی تەکووزەکە، چونکە لێکهەڵدەوەشێنێت، بۆیە ئەمە بۆ کۆمەڵگە و خودی تەکووز جێگەی مەترسییە و بە تیرۆریست دایدەنێن، هەر لەبەر ئەوەشە وەک تیرۆریست دەیناسێنن. لێرەوە بەوە دەگەین، ئەمە سوود وەرگرتنێکی نایابە بۆ دەوڵەمەندکردنی شیعر، بەتایبەت لەلایەنی سەرکەوتووبوونی لە نیشاندانەوەی دوو ئەرکی گرنگی شیعر؛ کە رەخنە و جوانیناسییە.
سەرچاوەی سوودلێوەگیراو:
1- Glicksman, A. (1974). Carl Jung and the study of literature: with special reference to the animaanimus archetype of the collective unconscious.
2- Montashery, I. (2013). Virginia Woolf and the Exploration of the Third Gender. International Journal of Comparative Literature and Translation Studies, 1(1), 1-10.
3- Holland, J., Ramazanoglu, C., Sharpe, S., & Thomson, R. (2002). Feminist methodology and young people›s sexuality. In Culture, society and sexuality (pp. 457-472). Routledge.
4- Salman, C., & Hmedeh, F. Challenging Boundaries: Gender and Identity in Modernist Poetry.

 

 

تیرۆریست

 


نارین رۆستەم

 

کاتێک دەفتەرە شیعرەکە
 دۆزرایەوە،
یاریی بە قوڕ دەکرد.

لە کتێبخانە
بە بیانووی بەرگە پەمەییەکەیەوە
خرایە رەفەی ژنانەوە.
 
رۆژی دواتر،
کارگوزارەکان سوێندیان خوارد
لە گەرمەی خەودا،
نەڕاندوویەتی.
هەر بۆیە رەوانەی رەفەی
پیاوان کرا.
 
شەوێکیان،
لە رەفەکان خۆی فڕێ دایە
خوارەوە و

لای پلیکانەکەی دەرەوە
رێگەی لێ گیرا.
 
بێ پرسیارکردن ...
بە بەرگی دڕاوەوە
هەڵیاندایە ناو توورەکە و
پۆلیسیان لە تیرۆریستێکی هەڵاتوو
ئاگادار کردەوە.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان