ئاكۆ كەریم مەعروف
دایکـــــم
لەم ماڵەدا دایكم مرد، نە بۆنی دیواری یادەوەریی، نە بۆنی باخ، نە هەوای ساردی منداڵیم، ناچاربووم بە هەراوهوریای دنیا بێدەنگیم هەڵبژارد، كاتێك هەست دەكەم تووڕەم باوەش بۆ سێبەری دایكم دەگرمەوە، كاتێكیش بێزار دەبم، بە تووڕەبوونە بێدەنگییەكەی باوكم كە لە گۆشەیەكی ونبووی خۆیدا نغرۆی خەیاڵە دادەنیشێت و سەیری منداڵەكانی و وێنەیەكی تاك و تەنهای دایكم دەكات، بۆ من سەیر نەبوو تەنها وێنەیەك لە خەیاڵی خۆیدا لە هەموو ئاسمان دەڕوانێت.
بۆ منی منداڵێكی دنیا دیدە، ئەوە ماوەتەوە دەست بە هیچ دیوارێكی ترەوە ناگرم، تەنها سێبەری ئەوان نەبێت كە بە دیواری دڵمەوە نووساون.
دەپرسن، بۆچی
بە تەنها لەو ماڵەدایت؟
هەندێ پرسیار ئارامیی بە دڵ دەبەخشێت، پێیان دەڵێم: لەنێوان دوو ئاوێنەی جیاوازدا وەستاوم، دواتر كە سێبەرەكەم دەستم دەگرێت، تێدەگەم لەوەی هیچ ئاوێنەیەك بە درۆت ناخاتەوە كە خۆتیت و من خۆمم، هیچ كەسێكی تر نییە جێگە بۆ سێبەرەكەم بكاتەوە. ئەوە قوڵاییە بەسەر رۆشناییدا، نەوەك وەستان لە كەناری تاریكییدا. لە بیرتان بێت زۆر زەحمەتە بتوانم هەناسەی تارماییەك هەڵمژم كە بزانم لە نێوان دوو ئاوێنەی بەرامبەر یەكدا بە درۆم دەخاتەوە، ئیتر بۆچی دەپرسن؟!
چیرۆكنووسین
زۆرجار بیر لەوە دەكەمەوە بۆچی قەڵەمەكەی دەستم ساردە و لاپەڕە سپییەكانی بەر دەمم ئاگرن، هەندێجاریش قەڵەمەكەی دەستم ئاگری لێدەبارێ و لاپەڕەكانیش سارد و سڕ، بۆنی مردنیان لێدێت، چیرۆكنووسین لەنێوان ئەم دوو پێچەوانەیەدا یاریی دەكات، ئەوەی من تێبینیم كردووە خەیاڵ لەنێوان ئەم دوو ئاو و ئاگرەدایە، خەیاڵی بێسنوور و خۆڵەمێشی گێڕانەوەیە، جارێك دووكەڵ دەكات
جارێكیتر ئاگرێكی بێكۆتا كە ئەو خوێنەرەی وەك ئەو كەسەی ئێستا بەرامبەرم دانیشتووە، نازانێت ئەم چەند رستەیە بۆ ئەو دەنووسم، بیر لەوە دەكاتەوە ئەم دوو هۆكارە سادەیە بن گێڕانەوە بە نەمریی دەهێڵنەوە.
سێبەر و رەگ، دیل ناكرێن
دوای چەندین ساڵ زیندانییەك فێری دوو ناو بوو بوو، سێبەر و رەگ دیل ناكرێن، كەسێكی تر كە بۆ بینینی رۆیشتبوو تاوەكو بزانێت ئەو سێبەرە ماوە پێی وتبوو، ناوە نەمرەكان یەك وشەن، بەڵام بۆ ئینسان یەك وشە بەسە بۆ ناسینەوەی خۆی،
مادام دەنووسیت لەبیرم نەكەیت
ساڵانی رابردوو بۆ من دوێنێ بوو، نەخێر ئێستا، كە زۆر نزیكترە لەوەی سبەینێ چاوەڕوانی دەكەم، هەر لەم ژوورەدا رۆحە نزیكەكە لە پەنجەرەیەكی زۆر وێران و ژەنگاوییەوە تەماشام دەكات، ئەو لەمن دەڕوانێت و منیش لەسەر دیواری مناڵی دەنووسم، نازانێت بە چ ئازارێكەوە لەسەر دیوارێكی رەق و تەق دەنووسم، كە دیواری یادەوەرییە. ئەو بێخەم لەو پەنجەرەیەوە سەیرم دەكات، كوڕم من دایكتم مادام دەنووسیت لەبیرم نەكەیت.
دەڵێم: بێخەم بە
لە تەنیشتییەوە باوكم پێی وت: گەر دەتوانیت رووناكیی نووسین بە دەست بهێنیت زۆر ئاسانە تاریكیی بە دەست بگریت، ئەمە خەون نییە بۆ گێڕانەوە ئەوەی وتم ورتە ورتی نێوان تارمایی چوار لای دیوارێك و ئاوێنەیەك و پەنجەرەیەكی شكاوە، كە بۆ یەكجار هەزارجار دڵم تیایدا شكا، هیچ شتێك سەبووری ناداتەوە بە رۆحم مەگەر هەڵوەرینی دیوراەكانی یادەوەریم نەبێت.
شەوانە لە بێدەنگیدا دەخنكێم، بەو هەموو هاتوهاوارەی دونیا گوێم لە هیچ شتێك نیە، دوراو دوور لە پەنجەرەی ژوورەكەمەوە لەو هەموو رووخسارانە دەڕوانم كە بە دیوارو دارتێلەكانی شەقامەكەوە هەڵواسراون، بە سیمایاندا دیارن من لە چ بێئومێدییەكی ئەوان دەڕوانم و ئەوانیش بە ماسكە رەنگاو رەنگەكانیانەوە لە بێئومێدییەكی پڕ لە ئیرادەی ساردو سڕ بۆ ئایندەیەكی ونبوو، نووسراوی سەر لاپەڕەكم بیركەوتەوە بۆ ئەو ئینسانە خەوخۆشانە كە وادەزانن جیهان لەدەستی ئەواندایە، خەون بە فڕینەوە زۆر ئاسانە ئەگەر باڵەكانت لە پەڕۆ و بڵقی سەر ئاو نەبێت.