نورەدین جاف
وەك نەریتێكی كۆمەڵایەتی و بە تایبەتیش لە ژیانی لادێ بە مەبەستی بەسەربردنی كات و چاوپێكەوتن و هەواڵپرسین و ئاگاداربوون لە باری تەندروستی یەكتر و ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا شەوانە، خڕ بوونەوەیەكی تایبەتیان پێكهێناوە تا زیاتر دۆستایەتیان و ئاشنابوونیان لەیەكترەوە نزیك بێت .
جا ئەو خڕبوونەوانە زیاتر لە دیوەخانەكان وەك تەكیە و خانەقا و دیوەخانی كوێخای گوندەكە، یان پیاوماقووڵێك بووە، گەرمترین بابەتەكانیش باس و خواسی خەلە و خەرمان و جووتكردن و كۆكردنەوەی بەرهەمەكانیان و هەڵسوكەوتی رۆژانەیان بووە، بەڵام ئەگەر سەرنج بدەین وەك میللەتی كورد سەرەڕای ئەو هەموو ناخۆشی و نەهامەتییانەی بەسەرماندا هاتووە، لایەنی هونەری و رۆشنبیری بە هیچ شێوەیەك فەرامۆش نەكراوە بۆیە زیاتر بۆ حەوانەوەی مێشك و دڵ و دەروونیان هەڵساون بە گێرانەوەی چیرۆك و داستان و هۆنراوە و لە هەمووی سەرنج راكێشتریان گۆرانی و مەقام و حەیران و لاوك، گوڵی مەجلیسیان بووە، كەسانی تایبەتی شارەزا لەو بوارانەدا دەستی باڵایان هەبووە كە جێی متمانەی شێخ و پیاوماقووڵانی ناوچەكەیان بوون.
مەقام تەنیا ئاوازێکی ئەبستراکت نییە
لە شەوچەرەكاندا مەقام رۆڵێكی ســـەرەكیــی هـــەبووە بــــۆ هێنانەدی كـــــــەش و هەوایەكی هێمنی و ئارامكردنەوەی دەروونی و رۆحیی لە جووڵاندنی هەستی مرۆڤەكاندا، چونكە مەقام تەنها كارێكی ئەبستراكتی ئاوازی (مجرد لحن) نییە، بەڵكو تاقیكراوەیەكی میوزیکی گشتگیرییە پێكهاتووە لە ریتم و ئاواز و هۆنراوە كە دەبنە هەوێنی دەربڕینی كۆمەڵێ هەستی جوانی جۆراو جۆر.
مەقام لە كۆمەڵێك گۆڕینی ئاوازی گوێزانەوەی چینەکانی دەنگ پێكهاتووە، ئەمە سەرەڕای ریتمە جیاوازەكانی، پەیوەست نییە بە كات و زەمانێكی دیاریكراوەوە، چونكە لە كۆنەوە پشتاوپشت مەقام هاتووە و وەرگیراوە و گۆرانكاریی زۆری بەسەردا هاتووە، رەنگە كەم و كورتی زۆریشی بەسەردا هاتبێت، چونكە هەر مەقامبێژێك بە شێواز و دەربڕینی تایبەت بە خۆی چڕیویەتی.
بەڵام ئەگەر ئێمە باسی گرنگیی رۆڵی ئەو شەوچەرانە و بەراوردكردنی لەگەڵ پەیمانگا و شوێنە ئەكادیمی و زانستییەكانی ئەمڕۆی مەقام بكەین، لە راستیدا هیچی كەمتر نەبووە، رەنگە تەنها رووە زانیستییە تیورییەكەی زیاتر بێت، چونكە ئەوانیش كەسی پسپۆر و شارەزا بوون لە رووی وتنەوەی شێوازەكانی مەقامەوە، ئەوەمان لەبیر نەچێت زۆربەی ئەو مامۆستا و مەقامبێژانەی ئەمرۆ ناویان گەشاوەیە ئەستێرەی پرشنگداری میللەتەكەیانن، خوێندكار و قوتابی ئەو دیوەخان و تەكیە و خانەقایانەن.
پاشای مەقام
هەردوو رەحمەتی (خدر بارام چاوەش) باپیرەی سەڵاح داودەی رەحمەتی و ( كامل تەپەلویی) باشترین مامۆستای كۆتایی سەدەی هەژدەیەم و سەرەتای سەدەی نۆزدەیەمن.
رۆڵی سەرەكیی باشیان گێراوە، نموونەی ئەوەش (پاشای مەقام مامۆستا عەلی مەردان)، یەكێكە لەو نموونانەی ئەمڕۆ دەتوانرێت شانازیی پێوە بكرێت كە زۆربەی رۆژانی ژیانی لەسەرەتادا لە تەكیەی تاڵەبانی كەركوك، دواتریش لە تەكیە و دیوەخانەكەی شێخ حەسیبی تاڵەبانی لە لەیلان بەسەربردووە.
دەتوانین بلێین تەكیە و خانەقا و دیوەخانەكانی باوباپیران، هیچی كەمتر نەبووە لە پەیمانگە و كۆلێژ و زانكۆكانی ئەمڕۆ جگە لە رووە زانستی و تیۆرییەكانەوە، بەڵكو دەتوانین دایبنێین بە بەردی بناغەی دروستبوون و سەرهەڵدانی شوێنە زانستییە هونەرییە جوانەكانی ئەمڕۆوە.