میدیاكار عەمار عەبدولجەبار ساڵی لە 1985 لەدایكبووە و هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، ئێستا وەك بێژەر و پێشكەشكاری بەرنامە بە زمانی عەرەبی لە كەناڵی ئاسمانی كەركوك كار دەكات.
عەمار بە دوالاپەڕەی وت: ساڵی2007 هاتمە ناو جیهانی راگەیاندن و لەوكاتەوە تا ئێستا لە چەندین رادیۆ و كەناڵ و رۆژنامە كارم كردووە و توانیومە پەرە بە تواناكانی خۆم بدەم. پشتیوانی سەرەكیم خوالێخۆشبووی باوكم بوو و دواتریش چەند هاوڕێیەكم لە میدیا پاڵپشتم بوون.
وتیشی: میدیاكاری سەركەوتوو ئەوەیە، بەردەوام گەشە بە تواناكانی خۆی بدات و خۆی ئەبدێت بكاتەوە و بە دوای زانیاریی راست و دروستدا بگەڕێت بۆ ئەوەی بتوانێت پەیامەكەی خۆی بگەیەنێت، چونكە تەكنۆلۆژیا و سۆشیال میدیا و زیرەكیی دەستكرد سەرەڕای خاڵە باشەكانیان، رۆڵی خراپیان لە بواری میدیادا گێڕاوە، بۆیە ئێستا بەرپرسیارێتی و كاریگەریی میدیای راستەقینە گرنگترە.
رزگارشوانی ـ كەركوك