هونەرمەند (كاوە باهیر بەرزنجی) ساز دەژنێت و پێی وایە هونەرمەندانی خورماتوو پەراوێز خراون و دەستیی هاوكاری و یارمەتییان پێناگات.
كاوە بە دوالاپەڕەی وت: ساڵی 1973 لە خورماتوو لەدایكبووم و ماوەیەكی زۆرە لە بواری میوزیكدا كار دەكەم و ساز دەژەنم، مرۆڤ هەر وەك چۆن پێویستی بە خۆراكە، ئاوەهاش پێویستی بە میوزیكە، بۆیە زۆرجار میوزیك بۆ هەندێك لە نەخۆشیە دەروونییەکان وەك چارەسەر بەكار دەهێنرێت.
وتیشی: هەر كەسێك بیەوێت میوزیك بژەنێت، دەبێت یاساكانی تایبەت بە ژەنین بزانێت، بۆئەوەی باشتر بەرەو پێشەوە بڕوات و بە جوانی و ریكوپێكی میوزیك پێشكەش بكات. دەتوانم بڵێم لە خورماتوو هونەرمەندی زۆر باش لە بواری میوزیك و گۆرانی و بوارەكانی دیكەی هونەردا هەیە، بەڵام بە داخەوە پەراوێز خراون و دەستی یارمەتییان پێناگات، بۆیە لە هونەر دوور كەوتوونەتەوە، بەڵام ئەگەر پشتیوانییان لێ بكرێت، ئەوا هونەرمەندان لە كاری هونەرییان بەردەوام دەبن و بەرهەمی باش پێشكەش دەكەن. هونەرمەندی گۆرانیبێژی وا لە شارەكەدا هەیە لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا گۆرانی وتووە، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەوەی كە پشتگیری ناكرێت لە هونەرەكەی دووركەوتۆتەوە.
خورماتوو، عومەر ئاوارە