گرنگیی بەشداریكردنی عیراقییەكان لە هەڵبژاردنەكاندا تاوتوێکرا

01:47 - 2025-07-10
عیراق
45 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆك كۆماری عیراق لەگەڵ نوێنەری ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق کۆبووەوە و لە دیدارەكەدا باس لە پێشهاتە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەكانی وڵات و ناوچەكە، كرا.
 دوێنێ لە کۆشکی بەغدا، د.لەتیف جەمال رەشید سەرۆك كۆمار، پێشوازیكرد لە محەمەد ئەلحەسان نوێنەری ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق و لەمیانەی دیدارەكەدا باس لە پێشهاتە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەكانی وڵات و ناوچەكە كرا، لە دیدارەکەدا سەرۆك كۆمار پەرۆشی عیراقی دووپاتكردەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان لەوادەی خۆیدا، هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی بەشداریكردنی عیراقییەكان كرد بەهەموو پێكهاتەكانیەوە لە هەڵبژاردنەكاندا.
سەرۆك كۆمار ئاماژەی بەوەشكرد، دەوڵەت تواناكانی خۆی بۆ پشتگیریكردنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان تەرخان كردوووە بۆ جێبەجێكردنی هەموو پێداویستییەكانی و فەراهەمكردنی كەشێكی گونجاو بۆ سەركەوتنی هەڵبژاردن و گرتنەبەری رێكاری یاسایی بەرامبەر بەو كەسانەی كە سامانی دارایی بۆ ئەو مەبەستە بەكاردەهێنن.
لە تەوەرێکی تری دیدارەکەدا، سەرۆك كۆمار ئاماژەی بە گرنگی رۆڵی نەتەوە یەكگرتووەكان كرد لە پاڵپشتیكردنی هەوڵەكانی عیراق لە ئامادەكارییەكانی بۆ هەڵبژاردن و گەیشتن بەو بەركەوتە دیموكراسییە.
لەلای خۆیەوە، محەمەد ئەلحەسان، هەوڵەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانی بە قووڵكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ عیراق لەبوارە جیاجیاكاندا دووپاتكردەوە و ئاماژەی بە پابەندبوونی  خۆیان كردەوە بۆ پشتیوانیكردن لە پرۆسەی گەشەپێدان و رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەكانی ئێستا و پێشخستنی پێكەوەژیانی ئاشتییانە لەنێوان هەموو پێكهاتەكانی عیراقدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان