پ.ی.د. ماجید خەلیل
ئەو چاوەڕوانی و چێژەی لە چیرۆکەکانی (سادقی هیدایەت)دا خەیاڵی ئێرانییەکانی ئەلاواند، تێکڕا لایەلایەی خەونێکی ئەبەدی بوون، خەونێک هێشتا ئەوانی لە لێوارەکانی لۆژیک و ئاگاییدا هێشتووەتەوە و هیچ بوارێک بۆ بەری بەیان و رووناکیی ئاسۆ، لەگۆڕێدا نییە.
تەنها سێ ساڵ بوو سەدەی بیستەم کشابووە ناو جیهانەوە، دروست لە 1903دا و لە خانەوادەیەکی زەنگین و زمانپاراوی ئەدەبدۆستدا، سادقی ساوا، چاوی بەژیان هەڵهێنا. بابی، هیدایەت خانی قولی خان، نەوەی وەزیرێکی پایە بەرزی سەردەمی ناسرەدین شای قاجار بوو، بۆیە لە ماڵباتێکی ئەرستۆکراتی مەزنی تاراندا چاوی بەژیان هەڵهێنا.
سادق لە نەوجەوانیدا، باڵایەکی قنج و پێستێکی سپیکەلەی هەبوو، لاوێکی لاواز و کەم دوو، گۆشەگیر و گوماناو و مەنگ و مڕبوو، هەمیشە هەرلەخۆیەوە لەژێر باری خەیاڵ و خەمێکی قورسدا کوڕ و کەڕەسیسە بووبوو.
هیدایەت نوسەر و وەرگێڕ و شێوەکار بوو، ئەو لە رشتە زانستییە پزیشکی و پاشان ئەندازییارییەکاندا خوێندبووی، بەڵام هیچکامیان بەکامی دڵی وی نەبوون. لە تافی هەرزەکارییدا و لەو وەختەدا کە رژێمی قاجار خەمی گرانی سەردڵی ئازادیخوازان دەبێت، ئەو ئیتر بە یەکجاریی دەتۆرێت و تەواو تەوەلا و تەرە دەبێت. بۆیە لە ماوەی حوکمی قاجار و دواتریش سەردەمی رەزاشای پەهلەوی و حەمەی کوڕیدا، زۆربەی کاتەکانی تەمەنی لەدەرەوەی وڵات دەگوزەرێنێت. تاو تاوێ لە بەلجیکا و پاشان لە ئێران، دیسان لە فەڕەنسا و سەردەمێکیش لە هندستان، ئیدی وابوو، وەک جنەنێرە وەها بوو، جێیەکی خۆش دەکرد و لەپڕ ون دەبوو.
جۆرێک بوو، لە شەقامەکانی تاران زۆرجار دەبینرا، لاوێکی بێزەوق و پڕ کەسەر بوو. بەجۆرێــک کــە (بـــوزورگی عەلەوی) بـــــــــە فــــەرمانبەرێــکی تڕکـــەن ناوی دەبـــرد! لە هەمان کاتـــدا دەیــوت خەیاڵدانی شارێک تێیدا جێگەی دەبووەوە.
(ئیحسان تەبەری)، کە یەکێ لە هەرە تیۆریستە بەناوبانگ و شەوکەتەکانی چەپی ئێرانی بوو، پێـــی وابــــــوو: «نووسینەکانی سادقی هیدایەت، کەشێکی بەهاریی بوون بۆ سەوزبوونی ئەندێشە و ئیمانی کۆمۆنیزم لە ئێراندا». ئەوە لە کاتێکدا بوو، کە بــۆخۆی چەپ نـــــەبــوو، بەڵـکـــو هیچ ئایدیۆلۆژیایەک نەیدەتوانی ســــتار بە مێشـــکی ئەو بگرێت. سادقی هیدایەت، چاوی بە واقیعی ژیان هەڵنەدەهـــــات، هەمـــوو رەنــــــگـــەکانی بـــــەڕەش دەبینی، پێی وابوو ئێـــــران زیندانێکی زەبەلاحــــە و بانگ و سەدای مزگەوتەکان زەنگی زیندانن.
ئەو نووسینەکانی کاریگەر بوون، بە زمانێکی ســـادە دەینووسی، وەک ئەرستۆکراتەکانـــی دی، وەک وردە بۆرجوا تازە هەڵتۆقیــــوەکان، زمانی بە وشە و وێنا و وێردی بیانیی رانەدەهێنا، لە کاتێکدا وەک فەڕەنسییەک بە فەڕەنسی دەدوا. مرۆڤ کە دەیدواند پێی وابوو دێهاتییەک دەدوێنێ، بەڵام جووڵە و کاردانەوەکانی، رێـــک رۆحـی شــارستانییەتـی ئێرانیان تێــدابوو.
هیدایەت، دەستی دابووە چیرۆکنووسی، وردە وردە لە سـییەکانەوە ســـەنگی سـیناریۆ و ســــەرچاوەکانی خەیاڵی تەقین.
لە رۆمانی (کوندە پەپووی کوێر)دا، دنیای ئەدەبیاتی بینی و دایە شەقەی باڵ. هیدایەت، سومبولێکی رەسەنی ئێران و رۆژهەڵات بوو، ستایل و سوچێکی مەحکەمی چیرۆکی نوێی ئێرانی بنیاد نا. دواجاریش بووە بە بابی بناغەی چیرۆکنووسی ئێران.
پەرتووکەکانی سادق، دەتوت ئەتۆمی فکرن، بەتایبەت بەرهەمەکانـــی و چیرۆكەكانـــى (زیندەبەگــــۆڕ، سـەگى وێڵ، ســێ دڵۆپ خوێن و تاریكخانە)، ئێجگار ئارامییان دەدا بە مێشکی خوێنەر، بووبوونە دەرمانی عەوداڵانی ساتێ لە ئارامشی رۆح. سادقی هیدایەت لە رۆمانی (کوندە پەپووی کوێر)دا، دروســــــت بووبە (ئەبو عەلای موعەری)، موعەریی کە ئەدیب و شاعیر و زانای مەزنی میتۆدی رەشبینی بوو لەناو عەرەبدا، ئەو لە کۆتایی فەرمانڕەوایی عەباسییەکاندا و کۆتایی سەدەی دە و نیوەی یەکەمی سەدەی یازدەدا ژیاوە. بۆخۆی چاوەکانی لەدەستدابوو، بەڵام لە تێگەیشتن و تێڕامانیدا بۆ ئایین، بۆ کەلتور و بۆ نۆرمە نەستەقەکانی ژیان، ســەیر بیـــری دەکردەوە. (هیدایەت و موعەری و کافکا)، دروست غەرقی بێمانایی ژیان بوون، یەک وەڵامیشیان بۆ هۆکاری مانەوە و ژیان پێنەبوو. ئەوانەی بە فەلسفەی ئایین ژیاون، لەلای ئەبو عەلا بێمێشک بوون، چون پێیوایە هیچکامیان عەقڵ لەجاڕیاندا نییە. ئەوەی ئایندارە و ئەوەی تریش ئەوەیە کە ئاییندارە. ناکرێ بڵێین باوەڕی بە خودا نەبووە، بەڵام تەوەلایە لە پـــرســـی ئیسلامەتی ئەو قۆناغە. هەندێ کات پەنای بردووەتە بەر شیکاریی ئەدەبیاتی ئیسلامی، زۆرجار پرسیاری جەوهەریی و جدیی کردووە، پێی سەیر بووە ژنی سۆزانی لە ئەدەبیاتی کۆمەڵی ئیسلامگەرادا تاوانبارە، ژنێک لەشی خۆی دەفرۆشێ تا پاروویەک نان پەیدا بکات، بەڵام هەمان بەزموو بالۆرە لە بەهەشتدا هەیە و پاداشتیش دەدرێتەوە.