فۆتۆگرافەر

12:33 - 2025-08-07
ئەدەب و هونەر
18 جار خوێندراوەتەوە

محەمەد حەمەد
لە ئینگلیزییەوە: ساسان محەمەد

مەرگی باپیرە گەورەم، ئەبو کەمال، خوا رۆحی شاد بکات، وەکو کۆتایی چەرخێک بوو. من ئەوم بەردەوام وەکو ئەڵقەیەکی پەیوەندیی بە رابردووەوە دەبینی، ئەو مەودایەی لە دریژبوونەوەیــــدا رووە و ئەبەدییــــەت دەگەڕێتـــەوە، ســــــەرچاوەی ئەو وێنانەیە ئارەزوومە ئیلهامیان بۆ ئەو ژیانە لێوەربگرم، کە من دەمەوێت بیبینم: وێنەی روون، بۆنڕێژکراو بە گوڵاوێکی پەیامبەرانە، کــــە لـــەپاش رەوینـــەوەی باوبۆرانەکان بەسەر خونچەی گوڵەکاندا پەخشدەبن.
کامێراکەم هەڵگرت و رۆیشتمە باخچەی میوەکانی بـــاپیرە گەورەم، تاوەکو وێنە یادگاری دارهەنجیرە پیرۆزەکەی بچرکێنم. باپیرم هەر لەژێــــر ئــــــەو دارهەنجیرەدا دادەنیشت، یــــادی گیانبەختکردووەکانی دەکردەوە، کڵپەی ئاگری یادەوەرییەکانی پێـــدەکرد. چرکاندنی فۆتۆکان تەواو هەستی چێژ و شانازیی پێبەخشیم. دڵنیابووم من دواهەمین یادگاری باپیرە گەورەی نازدارم دەخوڵقێنم. نێگەتیڤەکانم بردە ژوورێــکی تاریکەوە، تاوەکو فۆتۆکان بهێنمە ژیانەوە.
هەرلەوێ لە ستۆدیۆی فۆتۆکەدا، لەو چرکە هەستیار و سەروو بنەوشەییانەدا بوو؛ بە سەرسووڕمانەوە چاوەکانم دەرپەڕینە دەرەوە. بینیم باپیرم ئەبو کەمال لەژێـــــــر دارهەنجیرەکەی نێو ئەو وێنەیە دانیشتووە، کە کەمێک پێشتر چرکاندبووم. ئەوە باپیرە گەورەم چی دەکرد لێرە، ئەوێک کە دوومانگ دەبێت مردووە؟ 
ئــــەو، خوا رۆحی شاد بکــــات، بەو شێوەیەی کە پێوەی راهاتبوو دانیشتبوو. ئەو رۆحی پاڵەوانی گەڕانەوەی بەرجەستە  دەکرد، ئەفسانەیەکی بێهوودە، لەسەرخۆ و بە تامەزرۆییەوە نەفەسـی لە ســیگارە عەرەبییەکەی دەدا، دووکەڵەکەی بۆنـــی عەترێکی پەیامبەرانەی لێ دەهات. گێژاوی ژوورە تاریکەکەم جێهێشت و چوومە بەر رووناکیی باخچەکەی باپیرە گەورەم. سەختبوو نێوانی ئەم دوو دنیا دژبەیەکە بسازێنم. لەوێدا لە باخچـــــەکە، لەژێــــر درەختەکەدا، باپیـــرە گەورەم بینی، خــودا رۆحی شاد بکــــات. بەو شـــێوەیە ئەوم بینی کــــە دێتــــــەوە  یادم، ئەو  رۆحـــــــی پاڵەوانی گەڕانەوەی بەرجەســــتە دەکرد، ئـــــەو ئەفسانەیــــەی نێــــوان تەمەکانــــی دنیایەکــــی تــــــــری دەبڕی، لەســـــەرخۆ و بە تامەزرۆییەوە هەمــــان ســــــیگاری عەرەبیی دەکێشـــــــا، دووکـــــــــــــەڵـــــــی ســــــیگارەکەی بۆنی عەترێکی لێدەهــــــات کـــــە بـــــە هێنـــــدەی تەمەنــــی پەیامبــــەر نوح بــــوو. رامکرد، لە داخورپاندا بــــووم، نەمدەتوانی تێبگەم کەچی بە چاوەکانـــــی خۆم دەبینم. قیژاندم، وڕێنەم دەکـــــرد، هەموو شتێک نائاسایی دەردەکەوت. منـــــــداڵان رژانە کۆڵانەکـــــە، پیاوانی بەتەمەن بەدەم تەماشا کردنمــــەوە لە بالکۆنەکانیانەوە لێیان پرسیم، لەبەر چی هاوار دەکەم؟ بردمنە لای دار هەنجیرەکەی باپیرە گەورەم. فۆتۆکەم بە دەستمەوە لە بەرزییەوە رادەوەشان و هەوڵمــــدا وەسفی نهێنی ئەو رۆحەیان بۆ بکەم کە لەفۆتۆکەدا دەرکەوتبوو.
کاتێک گەیشتینە باخچەکــــە، هیــــــچ یەکێک لەو کەسانەی لە دەوری درەختەکە کۆبووبوونەوە جگــــە لــــە دارهەنجیرێکی رووت هیچی تریان نەبینی. پێیان وتم، من چیتر هێزم بەسەر واقیعدا ناشکێت. وتیان کە فۆتۆکە کۆنە، ئەو کاتە چرکێنراوە کە باپیرە گەورەم لە ژیاندا بووە. بۆ چەندین مانگ گیرۆدەی ئەو رووداوە بووم، هەربۆیە بڕیارمدا دەست لە فۆتۆگرافیی هەڵبگرم و ببمە شاعیر.
 دواتر، بە ناونیشـــــانی (فـــــۆتۆگرافەر)، ئەوەڵین شیعرم بۆ  یەکەمینجار نووسی، کاتێکیش دووبارە بۆ خۆمم خوێندەوە، هیچ تووشی سەرسوڕمان نەبووم، کاتێک شیعرەکە لەڕاستیدا چیرۆکێکی زۆر کورت بوو.

  سەرچاوە:
The photographer
Translated to English Adam Talib

• محەمەد حەمەد، نووسەر و رەخنەگر و ئەدیبێکی فەلەستینییە، لە ساڵی 1965 لە شاری ناسرییە لە دایکبووە، لە زانکۆی حەیفا، ئەدەبی عەرەبی خوێندووە و لە ساڵی   2007دا بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستهێناوە. لە ئەکادیمیای ئەلقاسمی لە بەکا ئەلغەربیە، وانـــــەی ئەدەبیاتـــــی مۆدێرنی عەرەبیـــی  دەڵێتەوە. حەمەد لە گۆڤارەکانی دەورەی ئەدەبییدا لەسەر ئەدەبیاتی فەلەستینی و ئەدەبیاتی منداڵان بە عیبری و ئینگلیزی دەنووسێت و هاوبەشی سەرنووسەری ئینسایکلۆپیدیای ئەدەبیاتی فەلەستینی بووە لە ساڵی 2013  و  یەکەم کۆمەڵە چیرۆکی لە ساڵی 2018دا بڵاوکردۆتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان