وەفدی هاوبەشی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان و دیوانی چاودێری دارایی دوای دوو رۆژ لە بەغداوە گەڕانەوە هەرێم و بەپێی سەرچاوەیەكیش، وەفدی هەرێم و عیراق بەردەوامن لە ئامادەكردنی راپۆرتی هاوبەش سەبارەت بە دیاریكردنی بڕی داهاتەكانی هەرێمی كوردستان.
بەپێی زانیارییەکان لە كۆبوونەوەكانی دوو رۆژی رابردوو لە بەغدا، پێداچوونەوە بە داهاتی بەشێك لە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان كراوە، ئەو وەفدەشی لە هەولێرەوە بۆ مەبەستی تاووتوێكردنی دوایین وردەكارییەكانی كێشەكانی نێوان هەرێم و عیراق سەردانی بەغدایان كردبوو، لەگەڵ وەزارەتی دارایی عیراق راپۆرتێكی هاوبەشیان ئامادەكردوە و بڕیاریشە راپۆرتەكە تەسلیمی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق بكرێت.
بەغدا پێشنیاری كردووە لە رێی بانكی رافیدەینەوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بخرێتە سەر هەژمارەكانیان نەك پارەكە راستەوخۆ بنێردرێت بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم.