جەبار فەرمان، پیاوە بەهێزەكەی شۆڕشی نوێ

09:56 - 2025-08-10
کوردستان
70 جار خوێندراوەتەوە

كاتێك باسی ئازایەتی و ئیرادەی جەنگاوەر دەبیستین، «جەبار فەرمان»مان بیردێتەوە، كە باسی خۆڕاگریی ناو زیندان و بەردەم ئەشكەنجەی بەعس دێتە بەرگوێمان، جەستەی خوێناویی (ئەمما نەلەرزیو)ی «جەبار فەرمان»، دەبێتە وێنەیەكی تۆخی ناو یادەوەرییەكانمان.
لە باسوخواسی فەرماندەیی و سەركردایەتیكردنی شەڕەكان و داڕشتنی نەخشەی ورد و تێكشكاندنی لەشكری دوژمن، بەبێ ویستی خۆمان تارمایی پاڵەوانێك دێتە بەرچاومان، كە ئەویش «جەبار فەرمان»ی فیلەتەنەكەی شۆڕشی نوێیە.
ئەمانەو زۆر خەسڵەت و خاسیەتی دیكەش، پێناسە و وێنەی ئەو كەسایەتییەن، كە خۆی بە دەستی خۆی و بیری خۆی و بە گیانفیدایی و لەخۆبووردوویی؛ بووەتە خاوەنیان.
سەركردەی كۆچكردوو جەبار فەرمان، لەدایكبووی ساڵی 1947ی گوندی بان میلی خانەقینە، دەرچووی پەیمانگەی مامۆستایانی باقوبەیە و لە دیالە و بەغدا مامۆستا بووە.
خوێندكاری زانكۆی موستەنسریەی بەغدا بووە و بە هۆكاری سیاسی نەیتوانیوە تەواوی بكات.
ساڵی 1963 تێكەڵاوی خەباتی كوردایەتی بووە و ساڵی 1970 لە سەرەتای دامەزراندنی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستاندا پەیوەندیی بە رێكخراوەكەوە كردووە و یەكێك بووە لە كادرە دیارەكان، هەمان ساڵیش پەیوەندی بە پارتییەوە كردووە، ساڵی 1974یش بووە بە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول.
دوای نسكۆی 1975 گەڕاوەتەوە شار و هەمان ساڵ لەگەڵ هاوڕێیانی كۆمەڵەدا دەستگیركراوە، نموونەی خۆڕاگریی بووە لە زینداندا.
ساڵی 1979 بە لێبوردنی گشتی ئازادكراوە و ساڵی 1980 بووە بە پێشمەرگە، سەرەتا رێبەری سیاسی بووە لە هەرێمی چوار، دواتر ئەركی لێپرسراوێتیی رێكخراوی كۆمەڵەی پێسپێردراوە و لە سێیەم كۆنفرانسی كۆمەڵەشدا بووە بە ئەندامی سەركردایەتیی كۆمەڵە و یەكێتی، زۆر ئەرك و بەرپرسیارێتیی گرنگی هەبووە.
لە راپەڕینی 1991دا گەڕاوەتەوە كوردستان و لە دووەم راپەڕینی سلێمانی رۆڵی بنچینەیی گێڕاوە، بە هەمان شێوەش لە دامەزراندنی كۆلیژی سەربازیی قەڵاچوالان رۆڵی بنەڕەتیی هەبووە.
لە یەكەم كۆنگرەی یەكێتی ساڵی 1992 بە ئەندامی سەركردایەتی هەڵبژێردراوە و دواتریش مەكتەبی سیاسی، هەر ئەو ساڵە بووەتە لێپرسراوی مەكتەبی عەسكەریی و هاوكات ناوەندی رووناكبیریی و كۆمەڵایەتی گەرمەسێری دامەزراندووە.
لە دووەم كابینەی حكومەتی هەرێمدا، یەك بەدوای یەكدا، وەزیری چەند وەزارەتێك بووە، لە ساڵی 1993وە تا ماوەیەكی زۆر جێگری فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بووە.
ساڵی 1999 یانەی وەرزشی پێشمەرگەی دامەزراندووە و خۆی سەرۆكی یانەكە بووە.
بەداخەوە، رۆژی 9/8/2007 بەهۆی نەخۆشییەكی درێژخایەنەوە، كۆچی دوایی كرد.
ئاوات كۆكەیی

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان