سەرۆک کۆمار پێشوازیکرد لە ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەردوولا جەختیانکردەوە لەسەر گرنگیی بەردەوامیی دیالۆگی بنیاتنەرانە لەنێوان وڵاتانی ناوچەکەدا.
دوێنێ لە کۆشکی بەغدا، د.لەتیف جەمال رەشید سەرۆک کۆمار، پێشوازیکرد لە عەلی لاریجانی ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و وەفدی هاوڕێی، لە دیدارەکەدا لاریجانی سڵاوی مەسعود پزیشکیان سەرۆکی ئێران-ی گەیاندە سەرۆک کۆمار.
لە میانی دیدارەکەدا، سەرۆک کۆمار جەختی لە قووڵایی پەیوەندییە مێژووییەکان و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان عیراق و ئێران کردەوە و پەرۆشیی عیراقی بۆ پەرەپێدانی هاریکاریی دووقۆڵی دووپاتکردەوە، ئەوەشی خستەڕوو کە عیراق بەردەوامە لەسەر پتەوکردنی سیاسەتی کرانەوەی ئەرێنی لەگەڵ هەموو وڵاتانی دراوسێ و بنیاتنانی هاوبەشیی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و رێزی یەکتری.
هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامیی دیالۆگی بنیاتنەرانە لەنێوان وڵاتانی ناوچەکە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و چەسپاندنی بنەماکانی رێزگرتنی یەکتری و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی یەکتر کردەوە.
لای خۆیەوە، لاریجانی پێزانینی وڵاتەکەی بۆ هەڵوێستەکانی عیراق دەربڕی کە پشتگیریی بەهێزکردنی ئاسایشی هەرێمی دەکەن، هەروەها ستایشی رۆڵی عیراقی کرد لە لێک نزیککردنەوەی بۆچوونی لایەنە جیاوازەکاندا.
دیداری سەرۆک کۆمار و باڵیۆزی چین
هەر دوێنێ سەرۆک کۆمار، پێشوازیکرد لە تسوی وی باڵیۆزی گەلی چین لە عیراق و لە دیدارێکدا گفتوگۆ دەربارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کرا.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە گرنگیی فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاریی دووقۆڵی لە کەرتە جیاوازەکاندا کرد، کە سوودی بۆ هەردوو وڵاتی دۆست هەبێت.
سەرۆک کۆمار نامەیەکی پیرۆزبایی لە سەرۆک شی جینپینگ سەرۆکی چینەوە پێگەیشت، بەبۆنەی رۆژی لەدایکبوونییەوە و وێڕای پیرۆزبایی، جەخت لە گرنگیدانی زۆریش بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان عیراق و چین دەکاتەوە، ئامادەیی خۆیشی دەردەبڕێت بۆ بەردەوام بوون لە هەوڵەکان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی هاوبەشیی نێوان هەردوو وڵات، بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هەردوو گەلی دۆست بکات.
لای خۆیەوە، باڵیۆز تسوی وی سوپاسی سەرۆک کۆماری کرد بۆ گرنگیدانی بە پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ چین و جەختیشی کردەوە کە وڵاتەکەی سوورە لەسەر چەسپاندنی بنەماکانی پەیوەندیی ئەرێنی لەگەڵ عێراق لە هەموو بوارەکاندا.