دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، نیگەرانە لە دۆخی ئارامی و ئاسایشی واشنتۆنی پایتەختی وڵاتەكەی و بەراوردی دەكات بە بەغدا و هەندێك شاری دیكە.
ترەمپ، بڕیاری داوە ئیدارەی پۆلیسی پایتەخت بخاتە ژێر ركێفی حكومەتی فیدراڵی و بۆ ئەو مەبەستەش پاسەوانی نیشتمانی لە شارەكەدا بڵاودەكاتەوە و وەك خۆی دەڵێت: بەو هەنگاوە سیستم بۆ پایتەختی ئەمریكا دەگەڕێنینەوە. بۆ ئەو هەنگاوەی، ترەمپ مادەی 740ی یاسای حوكمی خۆجێی ویلایەتی كۆڵۆمبیا بە رەسمی چالاك دەكات، كە تایبەتە بە ئیدارەدانی پۆلیسی پایتەخت بەشێوەیەكی راستەوخۆ لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە.
سەرۆكی ئەمریكا پێیوایە دۆخی واشنتۆن لە دەست دەرچووە، بەڵام بە خێراییەكی زۆر كۆنترۆڵی دەكەنەوە، وەك ئەوەی لە سنووری باشووری وڵاتەكەیان كردوویانە، وتیشی: پاسەوانی نیشتمانی بڵاودەكەینەوە بۆئەوەی یارمەتیدەربێت لە چەسپاندنی یاسا و سیستم و سەلامەتیی گشتی لە واشنتۆنی پایتەختدا.
لە پرێس كۆنفرانسی پەیوەست بەم بابەتەشدا، ترەمپ داتای رێژەی تاوانی لە واشنتۆن بەراورد بە رێژەی تاوان لە وڵاتانی دیكەدا خستەڕوو، لەنێویاندا بەغدای پایتەختی عیراق هەبوو. لەوبارەیەوە رایگەیاند: رێژەی تاوان لە واشنتۆن دوو هێندە و سێ هێندەی تاوانە لەو شارانەی وڵاتانی جیهاندا.
كوردستانی نوێ