یەكێتی هاوبەشیی راستەقینەی لە عیراق دەوێت

10:12 - 2022-12-07
ڕاپۆرت
429 جار خوێندراوەتەوە

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەوڵەكانی بۆ پتەوكردنی هاوبەشیی راستەقینە و رێگریكردن لە تاكڕەوی لە عیراقیش چڕكردۆتەوە، پرسی هاوبەشیی راستەقینە لە روانگەی یەكێتی-دا تەنها خۆی لە بەشداریكردن لە حكومەت و دابەشكردنی پۆستدا نابینێتەوە، بەڵكو پەیوەندیی بە پرسی بڕیارە چارەنووسسازەكان و رۆڵبینین لە نەخشەی سیاسی و حوكمڕانیی وڵاتەوە هەیە.

یەكێتی هاوبەشیی راستەقینە  پەسەند دەكات
رابیحە حەمەد ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی لە لێدوانێكدا بۆ سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA دەڵێت: یەكێتی بەردەوام لەگەڵ پرەنسیپی هاوبەشی و تەوافوقی سەرجەم لایەنە سیاسییەكاندا بووە، كاتێكیش هەندێك لایەن بە ئاڕاستەی هاوپەیمانیی سێ قۆڵی، هەوڵیاندا حكومەتی زۆرینە پێكبهێنن و لایەنەكانی دیكە پەراوێز بخەن، یەكێتی تواناكانی خستەگەڕ بۆ كۆكردنەوەی سەرجەم لایەنەكان و بەشداریپێكردنیان لە پێكهێنانی حكومەتدا كە دواتر ئەم هەوڵە سەركەوت و ماڵی مام جەلال بووە وێستگەی كۆكردنەوەی لایەنەكان و پێكهێنانی حكومەت.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هاوبەشیی راستەقینەی لایەنەكانی لە حكومەتی نوێی عیراق لە پێناوی خزمەتی هاووڵاتیانی عیراق، لا پەسەندە و پشتیوانی لێ دەكات.
لەوبارەیەوە، رابیحە حەمەد رایگەیاند: یەكێتی هەموو هەوڵێكی بۆ بەهێزكردنی چەمكی هاوبەشیی راستەقینە و پێشكەوتنی كاری حكومەتە لە پێناوی خزمەتكردنی هاووڵاتیاندا، یەكێتی تەنها بۆ وەرگرتنی چەند پۆستێكی حكومی كاری نەكردووە، خەمی گەورەی یەكێتی خزمەتكردنی هاووڵاتیان و دەستەبەركردنی پێداویستییەكانیانە، بەتایبەتی هاووڵاتیانی ناوچە جێناكۆكەكان و چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان كە كاراكردنەوەی لیژنەی مادەی 140 سەرەتای ئەو بەدەمەوەهاتنە بوو.

هاوبەشیی راستەقینە  رۆڵی حكومەت كاراتر دەكات
عائید هیلالی پەرلەمانتاری چوارچێوەی هەماهەنگی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە PUKMEDIAی راگەیاند: بۆ پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاری و  كاراكردنی ئاستی حكومەت، پێویستە هاوبەشیی راستەقینە پەیڕەو بكرێت، بەو واتایەی سەرجەم لایەنە سیاسییەكان بە رۆحیەتی یەكتیم كاربكەن بۆ پێشكەشكردنی زۆرترین خزمەت، وتیشی: هاوبەشیی راستەقینە واتا بەجێهێشتنی ناكۆكییەكانی رابردوو، دامەزراندنی پەیوەندیی راستەقینە لەسەر بنەمای متمانە و شەفافیەت، پێویستە سیاسییەكان هەست بە گرنگیی هاوبەشیی راستەقینە بكەن لە پێناوی پێشكەشكردنی باشترین خزمەت بە خەڵك.
پەرلەمانتارەكەی چوارچێوەی هەماهەنگی دەشڵێت: هاوبەشی بە تەنیا واتای دابەشكردنی وەزارەت و پۆست نییە، بۆیە پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسییەكان لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتیی نیشتمانی بەشدارییەكی كارا و راستەقینە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا بكەن دوور لە رەهەندی حزبی و ناوچەگەریی، راشیگەیاند: دەبێت لایەنە سیاسییەكان رۆڵی خۆیان لە پڕۆسەی سیاسیی وەك هاوبەشی سەرەكی لە بڕیاردان و پێكهێنانی نەخشەی سیاسەتی كاری نێودەوڵەتیش بسەلمێنن.

هاوبەشی، متمانەی نێوان  لایەنەكان پتەوتر دەكات
زۆرینە و كەمینە لە بەڕێوەبردنی عیراق شكستی هێناوە و پێویستە لە پرسە نیشتمانییەكاندا هەموو لایەنەكان بەشداربن.
عەلی بەیدەر شرۆڤەكاری سیاسی بە PUKMEDIAی راگەیاند: بۆ بارودۆخی عیراق هاوبەشیی راستەقینە باشترین بژاردەیە لەبەرئەوەی پرەنسیپی كوتلەی زۆرینە لە بەڕێوەبردنی عیراق شكستی هێنا، پێویستە سەرجەم لایەنەكان لە رێگەی هاوبەشیی راستەقینە و كاری پێكەوەیی، پشتگیریی كارەكانی حكومەت و خزمەتی هاووڵاتیان بكەن.
وتیشی: هاوبەشیی راستەقینە بە ئامادەبوونی سەرجەم لایەنەكان لە جومگەكانی دەوڵەت و دابەشكردنی پۆستەكان لەنێوان پێكهاتەكان بەپێی پشكی خۆیان دەستەبەر دەبێت، بۆیە پێویستە لە دروستكردنی بڕیاردا هەموان بەشدارییان پێبكرێت، ئەگەر ئەوكارە كرا و هەموان لە پڕۆسەی سیاسیدا رۆڵی خۆیان بینی و بەشدارییان پێكرا، بێگومان دەكرێت خزمەتی باشتر لەوەی ئێستا پێشكەشی هاووڵاتیان بكرێت.
حكومەتی نوێی عیراق لەسەر رێكەوتنی لایەنەكان بۆ خزمەتی هاووڵاتیان پێكهێنراوە و لایەنەكان گەشبینن بە هەنگاوەكانی سەرۆكی حكومەت بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنانەی حكومەتەكەی لەسەر پێكهێنراوە.

PUKMEDIA

#یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان