لیستی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە بە ژمارە ١٤٢ كە لیستی هاوبەشی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و حزبی شیوعی كوردستانە و لیستی دوو هێزی خەباتگێڕی كوردستانییە.
لە بەرنامەی كاری داهاتووی لیستەكەدا گرنگی بە خۆشگوزەرانی هاووڵاتیان و چەسپاندنی مافە نەتەوەیی و سیاسی و ئیدارییەكانی كورد و پێكهاتە رەسەنەكانی تری شارەكە دەدات، ئەمەش بەپێی بەركەوتەی هەڵبژاردن دەتوانرێ جێبەجێ بكرێت .
یەكێتی هاوتەریب لەگەڵ مێژووە پڕ سەرەوەرییەكەی لە ساڵی 1975وە دوای نسكۆی شۆڕش، توانی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان هەڵبگیرسینێت و ئومێد بگەڕێنێتەوە بۆ كوردستانییان و دواتریش بە هاوكاری رێكخستنەكانی ناوشار رابەرایەتی راپەڕینی خەڵكی كوردستان بكات لە ساڵی 1991 و دامودەزگا داپڵۆسێنەرەكانی بەعس لە كەركوك و شارەكانی تری كوردستان دەربكات.
دوای پڕۆسەی رزگاركردنی عیراقیش لە ساڵی 2003 وە نوێنەرانی یەكێتی بوون لە بەغدا توانیان مادەی 58ی یاسای كاتی عیراق و مادەی 140 لە دەستووری هەمیشەیی عیراق بچەسپێنن كە تایبەتن بە ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەکان.
ئیستاش كە دانیشتوانی سنووری پارێزگای كەركوك بە گشتی و كوردستانییان بە تایبەتی مافەكانیان پێشێل دەكرێت لەلایەن پارێزگاری بە وەكالەت و بەشێك لە فەرمانگەكانی ئەو شارەوە، بۆ گەڕانەوەی ئومێد و دابینكردنی مافەكانیان، پێویستە كەركوكییەكان دەنگبدەن بە لیستی هاوپەیمانی ( كەركوك هێز و ئیرادەمانە ژمارە ١٤٢) چونكە سیاسەتی خزمەتكردنی یەكێتی رابردووی روونی هەیە، نوێنەرەكانی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەردەوام گەڕاونەتەوە نێو خەڵك و لە داواكاری و كێشەكانیان کۆڵیوەتەوە و گەیاندویانەتە لایەنی پەیوەندیدار بۆ جێبەجێكردن.
لە بە هاناچوونەوەی جووتیارانی كورد لە كاتی داگیركردنی زەوییەكانیان لەلایەن هەندێک لە عەرەبی هاوردەوە، تا هەوڵدان بۆ دامەزراندنی كوردستانییان لە فەرمانگەكانی حكومەت و جێنەهێشتنی شارەكە لە دوای رووداوەكانی ساڵی 2017 و چەندین خزمەتی تر كە یەكێتی بە شارەكەی كردووە .
ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك سەنگی كورد و یەكێتی دەردەخات كە هەمیشە كوردستانییان لە كەركوك پشتیوانیی یەكێتییەكەی خۆیان كردووە و سەركەوتنی بۆ مسۆگەر دەكەن، چونكە یەكێتی هێزی گەلە و داكۆكیكاری راستەقینەی كەركوكییەكانە.
لەو پێناوەشدا خوێنی رۆڵەكانی كردۆتە قوربانی، بەتایبەتی لە شەڕی دژی داعش كە یەكێتی زۆرترین پێشمەرگەی شەهید و برینداری هەیە بۆ پاراستنی خاكی كەركوك، هەر وەك چۆن یەكێتی كەركوكی پاراست لە رەشەكوژی داعش، لە داهاتووشدا نوێنەرەكانی یەكێتی كەركوكییەكان دەپارێزن لە پێشێلكردنی مافەكانیان لە رووی خزمەتگوزاری و نەتەوەیی و ئیداریی و سیاسییەوە.
گرنگیی دەنگدان بە لیستی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە ژمارە ١٤٢ لێرەدا دەردەكەوێت، كە نوێنەرەكانی یەكێتی لە ئەنجومەنی داهاتووی پارێزگای كەركوك دەنگی كەركوكییەكان دەبن لە دابینكردنی خۆشگوزەرانی و ئازادییەكان بۆ سەرجەم پێكهاتە رەسەنەكانی شارەكە.
بە سەرخستنی لیستی ژمارە ١٤٢، نەورۆزی داهاتوو گەرمتر دەکەین