رێسایەک بۆ نوێبوونەوەی پڕۆسەی فێربوون

09:05 - 2024-05-19
عەلی ئەحمەد
352 خوێندراوەتەوە

مێژووی سیستمی پەروەدە و فێركردن لە هەرێمی كوردستان كۆنە و لەگەڵ بەرەوپێشچوون و تەكنۆلۆژیای سیستمی نوێی جیهانیدا ناگونجێت، چونكە دوای ساڵی 1991و كرانەوەی وڵاتە خۆرهەڵاتییەكان بەڕووی جیهانگیریدا و داپۆشینی یەك كەلتووریی بەسەر فرە بیروباوەڕ و هاتنی خێرای زانستدا، ناكرێت بواری فێربوون لە خوێندنگەكانی هەرێمی كوردستانیش گۆڕانكارییان بە سەردا نەیەت، پێویستە بەپێی كات و پێداویستییەكانی سەردەم پێداچوونەوە بە پڕۆگرامەكانی خوێندن و میتۆدەكانی وانەوتنەوەدا بكرێت.

 

ئامانج ئەوەیە بیری رەخنەگرانە و گەشەی ژیریی و كارامەیی زمانەوانی و كارلێكی كۆمەڵایەتی لای خوێندکاران بێتەدی

 بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم پڕۆژەی ستراتیژیی راهێنانی مامۆستایانی خستۆتە بواری جێبەجێكردنەوە لە رێگەی پێگەیاندنی 600 مامۆستای راهێنەر لە خولە جۆراوجۆرەكانی ئەم بوارەدا، بە مەبەستی بەرزكردنەوەی تواناسازی مامۆستایان لەڕووی هونەری میتۆدەكانی وانەوتنەوە و بەڕێوەبردنی پۆل و چۆنێتی بەكارهێنانی هۆیەكانی وانەوتنەوە و دروستكردنی مامۆستا و بەڕێوەبەری سەركردە و چۆنێتی هەڵسەنگاندنی خوێندكار و دانانی پرسیارەكان و تەكنۆلۆژیا لە پەروەردەدا و...هتد، لێرەدا ئامانج ئەوەیە لە  رێگەی پرسیار و رەخنەگرتنەوە، بیری رەخنەگرانە و گەشەی ژیریی و كارامەیی زمانەوانی و كارلێكی كۆمەڵایەتی لای خوێندکاران بێتەدی و گۆڕینی مەعریفەی پێشووی خوێندكار بۆ زانست و گۆڕینی زانست بۆ فێربوون و گەیشتنی خوێندكار بە قۆناغی كارامەیی پاش مەعریفی، بەمەش سیستمی فێربوونی خوێندكار لە قۆناغی كۆنەوە دەگوازرێتەوە بۆ قۆناغێكی نوێ‌ و هاوچەرخ كە تێیدا خوێندكار خۆی بكەرە لەناو پۆلدا و دەتوانێت پەرە بە توانا زانستییەكانی بدات و ببێت بە كەسێكی بەهرەمەند لەو بوارەی خۆی دیاریدەكات بۆ ئایندەیەكی گەشتر بە ژیانی كەسی و خزمەتكردنی كۆمەڵگە.
لەلایەكی تریشەوە ئاڵنگارییەكانی بەردەم ئەم پڕۆسەیەش هێندە زەحمەت و گەورەنین، چونكە بکەرانی هەر گۆڕانكارییەك بە تایبەتیش لە بواری فێربوون، رووبەڕووی چەند گرفتێك دەبێتەوە، لەوانە كۆنیی بینای بەشێك لە  قوتابخانەكان و زۆریی ژمارەی خوێندکاران و كەمی هۆڵ و دوورە دەستی قوتابخانەی گوندەكان، چونكە راهێنانی مامۆستایان، بەبێ جیاوازی سەرجەم قوتابخانەكان دەگرێتەوە چ لە شار و چ لە گوندەكان، فێرگە و ئەو ژینگەیەی تێدا هەڵكەوتووە كاریگەریی هەیە لەسەر پڕۆسەی فێربوون و ئەنجامەكانییەوە و درەنگ درككردن بە گۆڕینی میتۆدەكانی وانەوتنەوە.
چارەسەركردنی ئەم گرفتانەش رەنگە پەیوەست بێت بەدۆخی دارایی حكومەتەوە، هەنگاوەكانی وەزارەتی پەروەردەش پۆزەتیڤ بوون سەبارەت بە چارەسەركردنی گرفتەكان، گرفتە خودییەكانی مامۆستاش دەروازەیەكی تری چوونە ناو راهێنانەكان دەبێت كە مامۆستای راهێنەر هاوكاری و چارەسەرەكان و زانستی نوێ‌ دەكات بە پردی پەیوەندیی نێوان مامۆستایانی راهێنەر و مامۆستایانی قوتابخانە و خوێندنگەكان لەلایەك و تواناسازییەكانی مامۆستایانی راهێنەر، پڕۆگرامسازی یان كۆمەڵایەتی گرنگن بۆ هۆنەری رازیبوونی مامۆستایان و نوێ بوونەوەی زانیارییەكانیان و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی چەند ساڵەی خزمەتی مامۆستایەتی بۆ پێگەیاندنی نەوەیەكی تەندروست بە كۆمەڵگە .
*مامۆستای راهێنەر

وتارەکانی نوسەر